ساڵی 2024 بەهۆی كاریگەریی ئەو گرژی و
ئاڵۆزییانەی ناوچەكە بەخۆیەوە بینی، ساڵێكی سەخت و پڕ لە ئاڵنگاریی و مەترسی بو عێراق،
ئەمریكا ژمارەیەك هێرشی كردە سەر گروپە چەكدارەكان، گروپە چەكدارەكانیش بەردەوام
بون لە بۆردومانكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەدا و لەبواری بەرەنگاربونەوەی
داعش سەركەوتنی بەرچاو بەدی هات...
لەژێر كاریگەری جەنگی غەززە و لوبنان،
ساڵی 2024 ساڵێكی دژوار بو لە ڕوی ئەمنیەوە بۆ عێراق، گروپە چەكدارەكان هێرشەكانیان
بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە چڕتركردەوە، ئەمریكاش وەڵامی
ئەو هێرشانەی دایەوە و ئیسرائیلیش هەڕەشەی وەشاندنی گوزری سەربازیی لە عێراق كرد ئەگەر
هێرشەكان بۆ سەر وڵاتەكەی نەوەستێت.
لەماوەی ساڵی 2024دا دەیان جار گروپە چەكدارەكانی
عێراق بۆردومانی هێزەكانی ئەمریكایان لە عێراق و ناوچەكەدا كرد، بەتایبەت موشەكبارانكردن
و هێرشی درۆنی بۆ سەر بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و فڕۆكەخانەی هەریر، حیزبوڵای عێراق
و بزوتنەوەی نوجەبا بەرپرسیارێتی زۆرینەی ئەو هێرشانەیان لەئەستۆگرت.
لەسەرەتای مانگی شوباتدا ئەمریكا زنجیرەیەك
هێرشی ئاسمانی لە عێراق و سوریا ئەنجامدا لەوەڵامی ئەو هێرشەی كرایە سەر هێزەكانی
لەئوردن و سێ سەربازی ئەمریكی كوژران ، ئەمریكا 85 ئامانجی گروپە چەكدارەكانی عێراقی
بۆردومانكرد و سەركردەیەكی حیزبوڵای عێراق كوژرا كە بەرپرسی هێرشەكانی سەر هێزەكانی
ئەمریكا لەناوچەكەدا بو.
لەبواری بەرەنگاربونەوەی پاشماوەكانی
داعش لە عێراق، لەساڵی 2024دا بەرەوپێشچونێكی گەورە بەدیهات و دەیان چەکدار و
سەركردەی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستە كوژران و مۆڵگەكانی تیرۆریستان خاپوركران، ڕۆژی
22ی تشرینی یەكەم، لەئۆپراسیۆنێكدا لە زنجیرە چیاكانی حەمرین والی عێراق و هەشت سەركردەی
تری داعش كوژراون.
لەساڵى 2024دا گروپە چەکدارەکانى
نزیک لە ئێران لە عێراقەوە بەریەکى دیکەى شەڕیان لە بەرامبەر ئیسرائیل
کردەوە بە درۆن و موشەک زنجیرەیەک هێرشیانکردە سەر ئەو وڵاتە، ئەوەش مەترسى
هێرشى ئیسرائیلى بۆەر عێراق دروست کردو تا ئێستاش ئەو مەترسیە نەڕەویوەتەوە.
لەکۆتایی ساڵی 2024 و لە كاردانەوەی
ڕوداوەكانی سوریادا، عێراق بڕیاردرا بە تۆكمەكردنی سنورەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە و هێزی
سەربازی ڕەوانەی سنور كرد و چەندین ڕێكاری گرتەبەر بۆ ڕێگری لە دزەكردنی تیرۆریستان،
ئەنتۆنی بیلنكین وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەدواین سەردانیدا بۆ بەغداد داوایكرد رێكاری
توند بگیرێتەبەر دژی ئەو گروپە چەكدارانەی هێرش دەكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا لەناوچەكە.
كاریگەری جەنگ و ململانێكانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست لەسەر عێراق بەڕونی دیارە و بوەتە بەشێك لەو ململانێیەی لەناوچەكە بەڕێوەدەچێت،
كاریگەری ڕوخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد و هەڕەشەكانی ئیسرائیل بۆ وەشاندنی گورزی
سەربازیی لە عێراق هێشتا هەرماوە و دیار نیە لەساڵی نوێیدا ڕوداوەكان بەچی ئاراستەیەك
دەگەن.
91 جار خوێندراوەتەوە