گەلی سوریا
دوای دەیان ساڵ لە نەهامەتی و قەیران بە جۆش و خرۆشەوە ئاهەنگی کەوتنی ڕژێمی ئەسەدیان
گێڕا بەڵام پێ ناچێت وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتیش تورکیا و ئیسرائیل لێگەڕێن
داهاتویەکی سەقامگیر بۆ سوریا بێتە کایەوە لەبەر ئەوەی هەر یەکەیان هەوڵی بچڕینی گەورەترین
بەشی کێکەکە دەدەن
راپۆرت:
(KNNC)
دوای زیاتر
لە 40 ساڵ بۆ یەکەم جار زرێپۆش و تانکەکانی ئیسرائیل لە پایتەختی وڵاتێکی
عەرەبی نزیک دەبنەوە ئەوەیش بە قۆستنەوەی دۆخی شڵەژاوی سوریا و داڕمانی دەسەڵاتی
50 ساڵەی ئەسەد.
سەرەڕای
بەڵێنەکانی سوپای ئیسرائیل لەوەی کە جموجۆڵەکانی سنوردارە، بەڵام ڕاستییە بەچاو بینراوەکان
واتایەکی دیکە دەدەن بەدەستەوە.
دەستدرێژییەکانی
ئیسرائیل بۆسەر شوێنە ستراتیژییەکانی سوریا و لە نێویشیاندا بەرزاییەکانی جۆلان و
چیای شێخ ئاماژەن بۆ تەماحکاری ئەو وڵاتە لە باڵادەستبونی لە داهاتوی سوریادا لە ڕێگەی
چاودێریکردنی جموجوڵی سەربازیی نەیارەکانی و سوریای داهاتو.
تەماحەکان لەسەر
داهاتوی سوریا تەنها ئیسرائیل ناگرێتەوە بەڵکو لە باکوری وڵاتەکەوە تورکیاش هێزەکانی
بەوپەڕی وریایی و بەرنامە ڕێژییەوە جوڵە پێدەکات، گروپە چەکدارەکانی نزیکە لە خۆیەوە
لە ڕوباری فورات نزیک دەکاتەوە و کار لەسەر ناوچەی پارێزراو دەکات کە تا ڕەقە و حەسەکە
درێژ دەبێتەوە، ئەوە جگە لەوەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی لە ڕوداوەکانی
سوریادا هەبوە و هەیە.
هەرچەندە تورکیا بە بیانوی هەڕەشەکانی
کوردەوە لە باکور جموجوڵی سەربازی دەکات بەڵام شارەزایان
و سەرچاوە هەواڵیەکان پێیان تورکیا ڕەهەندێکی فراوانتری هەیە و ئامانجی داگیرکردنی
ئەو ناوچانە و بەرزکردنەوەی دەستکەوتە ئابورییەکانیەتی
تورکیا، سودی
لە داڕمانی ڕژێمی ئەسەد وەرگرتوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندییە
ئابورییەکانی بەشێوەیەک کە دەیەوێت لەو ناوچانەی کە لە هەسەدەی وەردەگرێتەوە ئاوارەکانی
سوریا بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان و کۆمپانیا گەورەکانی بیناسازی تورکیاش سەرقاڵی ئامادەکارین
بۆ بەشداریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکان بەتایبەت حەلەب.
شارەزایان
پێیان وایە کە ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەرگای بەرفراوانی بۆ زلهێزەکانی ناوچەکە
کردەوەتەوە و لەو نێوەندەیشدا ڕەنگە ئیسرائیل، گەورەترین سودمەند بێت بەتایبەت کە
لە ئێستادا سەرەڕای ناڕەزایی چەندین وڵات، ناوچەکانی جۆلانی کۆنترۆڵ کردوە و سیاسەتی
فراونکردنی نیشتەجێکردنی داناوە، کە ئەوەیش جگە لەوەی هەژمونی سەربازی و
ژێرخانی خۆیی پێ بەهێز دەکات لە هەمان کاتدا پێگەی ئێرانیش لاواز دەکات و دەسەڵاتەکانی
لە سوریا و ناوچەکە سنوردار دەکات.
هەرچی نەخشەی
نوێی سوریاشە کە لە باشورەوە دەگۆڕێت و پشتێنەیەکی ئەمنی دروست دەبێت کە ئیسرائیل
تێیدا زاڵە و لە باکوریشەوە تورکیا ئامادەیی خۆی لە ڕوی سەربازی و ئابورییەوە جێگیر
دەکات، سوریاش کە خۆی خاوەن ماڵە لە نێوان خواستەکانی تورکیا و ئیسرائیلدا، خەریکە
نوقمی ئاژاوە و ململانێ سەربازییەکان دەبێت و وڵاتانی ناوچەکەش هەریەکەیان بە ناوی
یەکپارچەیی سوریاوە کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەکەن.
ئەوەی وەک
پرسیار لەسەر داهاتوی سوریا دەمێنێتەوە ئەوەیە کە ئایا سەرباری هەمو ئەو دەستێوەردانانە
سوریا چۆن دەتوانێت داهاتویەکی هاوسەنگ و یەکگرتوی هەبێت، هەر لەبەر ئەوەیشە ترسەکان
بەو ئاڕاستەیەن کە سوریای داهاتو ناکۆکییەکان زیاتر بکات و قەیرانە مرۆیی و سیاسییەکان
قوڵتر بکاتەوە.
ئارام حەمەعەلی
500 جار خوێندراوەتەوە