بەدواداچون: KNNC
51 رۆژ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی نۆ تێدەپەڕێت،
بەڵام تا ئێستا نە سەرۆکی حکومەت و نە جێگرەکەی، نە هیچ بەپرسێکی دیکەی حکومەت بە
فەرمی هیچ قسەیەکیان بۆ فەرمانبەران پێ نییە، فەرمانبەرانیش دەست لەسەر دڵ، رۆژەکانیان
لە چاوەڕوانی موچە بەڕێدەکەن.
دیجیتاڵ میدیاى کەی ئێن ئێن پەیوەندی بە ئەندامێکی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کرد، ئەو باسی لەوەکرد، لە کۆبونەوەیەکیاندا محەمەد
شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە نوێنەرانی کوردی وتوە، ئەوان زانیاری وردیان
هەیە کە حکومەتی هەرێم تەنانەت لە خستنەروی داهاتی ناوخۆش راستگۆ نییە لەگەڵیان بە
جۆرێک داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نزیکەی 450 ملیار دینارە، بەڵام حکومەتی هەرێم
دەڵێت: 320 ملیار دینارم دەستدەکەوێت، جگەلەوەی ئەو داهاتە رادەستی وەزارەتی دارایی
فیدراڵ ناکرێت، ناشگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەتی هەرێم و لەلایەن یەکێتی و پارتی دەستیبەسەردا گیراوە و
برێکی زۆری کەمی دەدەنەوە بە حکومەتی هەرێم.
سەبارەت بە دابەشکردنی موچەی مانگی 10، لە ئێستادا
حکومەتی هەرێم چاوەڕوانە لەم هەفتەیەدا بەغداد گوژمەی دووەمی 760 ملیار دینارەکەی
بۆ بنێرێت، تا موچەی پێدابەشبکرێت، هەروەها گفتوگۆیەک لە نێوان هەردو حکومەت هەیە
بۆ ناردنی بڕی 430 ملیار دینار، بۆئەوەی حکومەت موچەی مانگی 11ـی پێدابەشبکات،
هاوکات بەهۆی داخستنی ژمێرەی کۆتایی ساڵ، لەوانەیە دابەشکردنی موچەی مانگی 12 بکەوێتە
ناوەڕاستی مانگی 1ـی ساڵی 2025.
سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ گرفتی
موچە بۆ ساڵی 2025ـیش بەردەوام دەبێت؟ کەی ئێن ئێن بەدواداچونی کردوە کە ئەگەر
ماددەی 12 لە یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە کە بریتییە لە جیاکردنەوەی موچە لە خەرجی گشتی، ئەوا گرفتی موچە کۆتایی دێت،
بەڵام ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرکەوتو نەبو لە هەموارکردنەوەی ماددەکە،
ئەوا کێشەی موچە بەچارەسەرنەکراوی دەمێنێتەوە.
ئەوە جگە لەوەی هەنگاوە دروستەکە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی
دادگای فیدڕاڵییە بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و
پرسی تەوتین، کە لە هەرسێ بابەتەکەدا هەرێم دەستی دەستی بە بەغداد دەکات، چونکە نە
داهاتی ناوخۆ دەداتە بەغداد و نەوتەکەش خۆی دەیفرۆشێت و کەس نازانێت داهاتەکەی چی
لێ دەکەن و پرسی تەوتینیشیان بە هەژماری من کۆتایی پێهێنا؛ لەو نێوەندەشدا رۆژ بە
رۆژ دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم خراپتر دەبێت.
160 جار خوێندراوەتەوە