ئەندازیاری روخاندنی رژێمەکەی ئەسەد کێبو...چی لە هەگبەیدایە؟

KNN : Kurdish News Network
04:15 - 08/12/2024
ڕاپۆرت
+
-

محەمەد جۆلانی ئەو ناوەی ئێستا بوەتە ناوێکی دیار و سەرنجێکی زۆری میدیا عەرەبی و جیهانییەکانی لەسەرە.

 

راپۆرت:KNNC

 

ئەحمەد حوسێن شەرع، ناسراو بە محەممەد جۆلانی، لەنێو گروپە چەکدارەکاندا بە ئەبوو فاتیح-یش ناو دەبرێت.

 

ساڵی 1982 لەدایکبووە، کەسێکی شەڕکەری جیهادییە، بە وتەی خۆی دژی کوفر شەڕدەکات.

 

جۆلانی،بەوە ناسراوە کەمترین زانیاری لەسەر ژیانی تایبەتی هەیە، بەڵام سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان دەڵێن: لە ریازی پایتەختی سعودیە لەدایکبوە، باوکی ئەندازیاری نەوت بوە و خێزانەکەی ساڵی 1989 گەڕاونەتەوە سوریا و لە دیمەشق ژیاون.

 

 ناسناوی (جۆلانی)ـیش لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە هاتووە، کە بە رەچەڵەک خەڵکی ئەو بەرزاییانەن کە کەوتوەتە سنوری سوریا و ئیسرائیل.

 

 جۆلانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە عێراق لای ئەمەریکییەکان دەستبەسەربوە، لە ساڵی 2011 ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە سوریا و چەک هەڵدەگرێت، وەکو نێردراوی تایبەتی ئەبوبەکر بەغدادی، ئەمیری ئەوکاتی دا‌عش، بیری توندڕەوی لە سوریا بڵاودەکاتەوە.

 

هەروەها، گروپی تەحریر شام لە ساڵی 2015 لەژێر سەرپەرشتی جۆلانی توانی بەشێکی باکوری شاری ئیدلیب کۆنتڕۆڵ بکات.

 

ئەمەریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلار پاداشتی بۆ هەرکەسێک دانابو کە زانیاری بە هێزەکانیان بدات سەبارەت بە جۆلانی.

 

جۆلانی زۆر بە سەرکردەکانی تاڵیبان دەچوێنرێت، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا بیرێکی توندرەوی نییە، بەڵام ترس لەوە هەیە دوای گرتنە دەسەڵات هاوشێوەی گروپە توندڕەوەکان و تاڵیبان سیاسەتێکی توندڕەوی پەیڕەو بکات، هەندێکیش دەڵێن: رەنگە جۆلانی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا دەستبەرداری بەشێک لە بیروباوەڕە توندەکانی بوبێت.

 

دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەلەب و ناوچەیەکی بەرفراوانی ئیدلب لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە، چەند سەرچاوەیەکی نزیکی جۆلانی رایانگەیاندوە، پلانی هەیە گۆڕانکاریی لەناو هێزەکانی بکات و هەوڵی دروستکردنەوەی دامەزراوەکانی حەلەب بدات و بەشێکی زۆری گروپە چەکدارەکان لە ناو شارەکە دوربخاتەوە و لە دەرەوەی ناوەندی شار جێگیریان بکات.

 

سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ عێراق، جۆلانی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دڵنیایی بە محەمەد شیاع سودانی دا کە، ئەوان نابنە هەڕەشە بۆسەر خاکی عێراق، بەڵکو دوای دروستکردنی سوریایەکی نوێ، دەیانەوێت پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییان لەگەڵ ئەو وڵاتە هەبێت.

 

لە نوێترین پەیامیدا کە دوای روخانی رژێمەکەی ئەسەد بڵاویکردەوە، جولانی دەڵێت: دامەزراوە گشتییەکانى سوریا لەژێر سەرپەرشتیی محەمەد غازى جەلالى، سەرۆک وەزیرانى پێشوى سوریا دەمێنێتەوە تا بە فەرمیی رادەستى دەکات.

355 جار خوێندراوەتەوە