دیمەنى راکێشانى ملى جوتیارێکى کوردى کەرکوک
لەلایەن سەربازێکى عێراقییەوە، هەستى هەمو کوردانى جوڵاند و چاوەکانى بەلاى
کێشەیەکدا، کێشکرد.
رەگی کێشەکان چین؟ چۆن چارەسەر دەکرێن؟
کێشەیەک، دەیان دەیەیە جوتیارانى رەسەنى ناوچە
کوردستانییەکانى کەرکوک و بەشێکى نەینەوا پێوەى گرفتارن.
ساڵانى رابردو، لەگەڵ وەرزى دروێنە، دوکەڵى
کێشەکە لەسەر گەنم و جۆى جوتیارە کوردەکان بەرز دەبوەوە، بەرهەمى ساڵێکیان دەبو بە
سوتماک و لەلایەن عەرەبە هاوردەکانەوە دەسوتێنرا، بەڵام ئەمساڵ بەر لە وادەى
دروێنە کێشەکە سەریهەڵدا، هۆکارەکەشى دەرچونى یاساى گەڕاندنەوەى موڵک و زەوى و زار بۆ جوتیاران
لەسنورى ناوچە جێناکۆکەکان بو، کە لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچو.
دواى روداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەرەوە، جوتیارانى
کورد نەیانتوانیوە بەشێنەیى زەوییەکانیان بکێڵن و بەرهەمەکەى بچننەوە، یان سوپا
بوە بە داردەستى عەرەبى هاوردە بۆ رێگرى لە جوتیاران، یان دەستى رەش، گڕى
بەرداوەتە خەرمانى جوتیارانى رەسەنى ناوچەکە.
کێشەى جوتیارانى کوردى ناوچە جێناکۆکەکان چییە؟
کێشەکە تایبەتە بە ناسنامەى هەزاران دۆنم زەوى، ناسنامەیەک
تاپۆکەى لە گیرفانى جوتیارانى کوردە، بەڵام بە بڕیارى حزبى بەعس روخاو، عەرەبى
هاوردەى لەسەر جێگیرکراوە.
رەگى کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکانى سەدەى
رابردو، کێشەکەش بەتەنیا هى جوتیارانى کورد نییە، بەڵکو بەشێک لە تورکمانەکانى
ناوچەکەش بە هەمان ئاگر دەستیان سوتاوە.
زۆرینەى کورد و کەمینەى تورکمانى سنورى کەرکوک،
خاوەنى شەرعى ئەو زەویانەن و تاپۆى رەشى ساڵى 1937یان هەیە، ئەوان ساڵانێکی زۆرە
لەوێ ژیان دەکەن و کشتوکاڵ دەکەن.. خەونى و هیوا و ژیان و مردنیان لەسەر ئەو
زەویانە هەڵچنیوە، بەڵام بەپێى بڕیارى 949 کە حکومەتى ئەوکاتى عێراق لە ساڵى 1975
دەریکرد دەستیان بەسەر زەوى 10 گوندى سنورى سەرگەڕاندا گرت و خەڵکەکەیان ئاوارە
کرد و عەرەبى هاوردەیان خستە شوێنیان، ئەمەش بو بە دەروازەى کێشەى جوتیارانى کورد.
ئەم پڕۆسەیە درێژەى کێشا و جارێکى تر لە ساڵی
1979 بە تۆمەتی ئەوەی باوک و باپیری ئەو جوتیارانە پشتیوانی لە پێشمەرگە دەکەن،
حکومەتی عێراق دەستی بەسەر بەشێکى دیکەى زەوییە کشتوکاڵییەکانى کودانى کەرکوکدا
گرت و پێشکەشى عەرەبى هاوردەى کردن.
دواتر لە ساڵى 1987 بەشى دوەمى زەوییەکانى چەند
گوندێکى دیکەیان دەستبەسەرداگرت و خەڵکەکەیان ئاوارە کرد و عەرەبى هاوردە بون بە
خانەخوێ.
لە هەردو حاڵەتەکە عەرەبى هاوردە هاتنە سەر زەوى
و ماڵى جوتیارانى کورد
سەرەڕاى هەمو ئەو دەستدرێژیانەى کراونەتە سەر
زەوى جوتیارانى کوردى کەرکوک لە حەفتاکانى سەدەى رابردو، بەڵام لە ساڵى 1987،
لیژنەى کاروبارى باکور بڕیارێکى دەرکرد، بەو بڕیارە 900 هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى
جوتیارانى کورد و تورکمان لە خاوەنە رەسەنەکانیان وەرگیرایەوە و درا بە عەرەبى
هاوردە.
پێشتریش لە ساڵى 1982، بە بڕیاری قیادة الثورة،
300 هەزار دۆنم زەوى دیکەى کشتوکاڵى لە جوتیارانى کورد و تورکمان وەرگیرابوەوە، بۆ
ئەمەیان لەبەرامبەردا قەرەبوى ناچاریان پێدرا، واتا سەرەڕاى ناڕازیبونى جوتیاران،
بەڵام لە بەرامبەردا بەشێک قەرەبویان بە ناچارى پێدرا کە ئەوەش جوتیاران بە
زۆرەملێ وەسفى دەکەن، دواتر دانیشتوانە رەسەنەکەى ئەو زەویانە لادران و عەرەبى
هاوردە جێگەى گرتنەوە و بەشێک لە زەوییەکانیش دران بە چەند وەزارەتێکى حکومەت.
کەواتە ئێستا لە کەرکوک، لەکۆى سێ ملیۆن دۆنم
زەوى کشتوکاڵى، یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى کە خاوەنەکانیان جوتیارى کورد و
بەشێکى تورکمانن، کێشەى موڵکداریان لەسەرە، ئەمەش ئەو زەویانەن کە لە ساڵانى 1982
و 1987 لەژێر ناوى دو بڕیارى جیاواز، لە جوتیارانى کورد وەرگیراونەوە.
زەوییە کێشەلەسەرەکانى کورد، لە تەواوى
پارێزگاکە هەیە بەشێوەیەک دابەشبوە بەسەر، سەنتەرى کەرکوک، ناحیەى لەیلان، قەزاى
داقوق، قەزاى دوبز، ناحیەى سەرگەڕان، ناحیەى تازە، ناحیەى تۆبزاوا، یایچىن، بەشیر،
پەڵکانە و چەندین گوند و ناوچەى دیکە، بەڵام بەهۆى سەرکوتکارى بەعسەوە، کورد لەو
ماوەیەدا جگە لە بێدەنگى هیچ بژاردەیەکى تریان نەبو.
لە پڕۆسەى ئازادیدا خۆر لەسەر زەوییە
کشتوکاڵییەکانى کوردانى کەرکوک دەرکەوت
لەگەڵ دەستپێکى پڕۆسەی ئازادى، جوتیارانى کورد و
عەرەبى هاوردە لەسەر ئەو زەویانە دەستیان بە جوڵەکرد، عەرەبى هاوردە جێیهێشتن و
جوتیارانى کورد گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان.
زەوییەکان سەوز بونەوە، گەنم و جۆ و شوتى و
گەنمەشامى، ژیانى بۆ دەشتە کاکى بەکاکییەکە گەڕاندەوە، کچان و کوڕان و ژنان و
پیاوانى کورد لەسەر زەوییەکانیان کە ساڵانێک بو لێیان سەندرابو، جارێکى دیکە
دەستیان پێکردەوە و بیرەکانیان بوژاندەوە و خانویان دروستکرد.
جوتیارانى کورد پڕهیوابون، پێیان وابو بە کەوتنى
بەعس و هاتنى دەسەڵاتێکى نوێ لە بەغدا، ئیدى بێ سەرئێشە دەتوانن لەسەر
زەوییەکانیان ئارەقى نەوچەوانیان بسڕن و بژێوى ژیانیان پەیدا بکەن، ئەوانە پشتیان
بەوە بەست مادەى 140 و بڕیارەکانى دیکەى حکومەت مافەکانیان بەرجەستە بکات، بەڵام
وەک ئەوەى لەچارەى جوتیارانى کورد نوسرابێت ئەو کێشەیە بە هەڵواسراوى مایەوە و
بەمەبەست چارەسەر نەکرا، نوێنەرانى کوردیش ئەوەندەى سەرگەرمى پلە و پۆست و پارە
بون، بیریان لاى ئەو خاکە نەبو کە هەزاران جوتیارى کورد بژێوى ژیانیانى لێ
دەچننەوە و نوێنەرایەتى ناسنامەى کوردبونى کەرکوک دەکەن.
16ـى ئۆکتۆبەر، کابوسى جوتیارانى کورد
ریفراندۆم کە 16ـى ئۆکتۆبەرى لێکەوتەوە، هێزە
کوردییەکان وەک هەورى بەر رەشەبا دەشتە کاکى بەکاکییەکەى کەرکوکیان چۆڵکرد و
جوتیارانى کوردیان سپاردەى چارەنوسێکى نادیار کرد، ئەمەش واى کرد عەرەبى هاوردە
بگەڕێنەوە و گێچەڵ بۆ خانەخوێ دروست بکەن، هەر بۆیە لە دواى ئەو روداوانەوە،
جوتیارانى کورد یەک ساڵ نەیانتوانى بە ئاسودەیى زەوییەکانیان دابچێنن، هێشتا سەوز
بو، جوتیاران خەمى وەرزى دروێنەیان بو، چونکە دەنگە شقارتەیەک رەنجى ساڵێکیانى
دەکرد بە سوتماک، هەر بۆیە لەو ساڵانەى دوایدا، سەدان دۆنم گەنمى جوتیارانى کورد
سوتێنران و نەیانهێشت بەرهەمى رەنج و ماندوبونیان هەڵگرنەوە.
ئێستا شەناغە نوێنەرایەتى کێشەى جوتیارانى کورد
دەکات
لە رۆژانى رابردودا، شایەدى دیمەنى پەلاماردانى
سوپاى عێراق بوین بۆسەر جوتیارانى کوردى شەناغە و سەربەشاخ، پەڵکانە، خەرابە،
گابەرکە، هەر لەوێ دیمەنى بەرەنگارى جوتیارانى کوردمان بینى و ئیتر دیمەنى
راکێشانى جوتیارێکى کورد بە ملپێچەکەى لەلایەن سەربازێکى عێراقییەوە، دەرگاى بەڕوى
ناڕەزایەتییەکاندا کردە و شەناغە بو بە نوێنەرى کێشەى جوتیارانى کورد و ئەنجومەنى
وەزیرانى عێراق و پەرلەمانى ناچاربەوە کرد، بۆ چارەسەر بێنە سەر زەوییەکان و لولەى
تفەنکى سوپا و هەمەڕە سەربازییەکانیا لەسەر جوتیارانى کورد بسوڕێنن.
کۆتایى کێشەکە
دواى روداوەکانى ئێوارەى 17ـى شوباتى 2025 لە
گوندى شەناغە، لە ژمارە چوار هەزار و 814ـی رۆژنامەى وەقایعی کۆمارى عێراق یاساى
هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى ئەنجومەنى شۆرشى هەڵوەشاوە، کە تایبەتە بە گەڕانەوەى
زەوییەکان بۆ خاوەنەکانیان بڵاوکرانەوە و بەمەش لەماوەى کەمتر لە دو مانگ دەبێت
بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
ئێستا بەپێى ئەم یاسایە، دەبێت جوتیارانى کورد
بەبێ کێشە و گرفت لەسەر زەوییەکانیان بێن و بچن، چیتر سوپا و عەرەبى هاوردە ماف
بەخۆیان نەدەن رەنجى ئەو جوتیارانە بەفیڕۆبدەن، ئیشى نوێنەرانى کوردیشە لە بەغدا
چاوێکیان بکەن بە چوار چاو بۆ جێبەجێکردنى یاساکە، سەرکردایەتى کوردیش لەژێر
بەرپرسیارێتییەکى گەورەى یاسایی و نەتەوایەتیدایە، کەچیتر رێگە نەدا سەرئێشە بۆ
جوتیاران دروست بکرێت.
68 جار خوێندراوەتەوە