لەسەر گواستنەوەی سەدان خێزان لە كەمپ
هۆل بۆ باشوری موسڵ نیشتەجێكردنیان لە كەمپی جەدعە، مشتومڕێكی زۆر لە عێراقدا
دروستبوە سەرباری هۆشدارییەكان لەسەر مەترسی دروستكردنی لانكەیەكی نوێ بۆ تیرۆستان،
ئەوەش پێچەوانەی بەڵێنەكانە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەناو پاشاوەكان و
تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگە.
راپۆرت: (KNNC)
کەمپی هۆل... ئەو بۆمبە کاتییە هەڕەشە
لە ناوچەکە دەکات
کەمپی هۆل، دەكەوێتە باکوری ڕۆژهەڵاتی
سوریا، هەزاران خێزانی پاشماوەی ئەندامی رێكخراوی (دولة اسلامیة فی العراق و الشام)
داعشی تێدایە، ژنان و منداڵانی خێزانەكان لە نەتەوە جیاوازەكان پێكهاتوە كە لەدوای
لەناوبردنی گروپە تیرۆرستییەكان لە ساڵی (2019) بوەتە پەناگەیەكی ئەمنیی بۆیان لە
ناوچەکەدا و بەرپرسانی ئەمنی و چاودێرە عێراقییەكان هەمیشە بە "بۆمبێکی کاتی"
وەسفیان كردوە و تورسی خۆشیان لە تەقینەوەی لە هەر ساتێكدا بێت نەشاردوەتەوە.
لەوبارەیەوە، موختار موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق رایگەیاندوە: کەمپی هۆل ئەجێندایەکی
نێودەوڵەتییە کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری ئاسایشی ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،
وتیشی: وڵاتان بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكانیان توندڕەوی وەک ئامرازێک بەكاردەهێنن،
رونیشیكردوەتەوە كە "تیرۆر بە پیشەسازییەکی هەواڵگری ناسراوە" بۆیە
پاراستنی كەمپەكە زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی هەزاران تیرۆریستی وڵاتانی جیاواز لە جیهاندا
لەخۆدەگرێت.
هەروەك وتیشی: هەڵهاتنی خێزانی
داعشەكان لە چەند هەفتەی رابردوا زیادیكردوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر هەبونی پلانێکی
نوێ بۆ دروستکردنی پشێوی، بەتایبەتی دوای چالاکییەکانی رێکخراوەکە لە چەند ناوچەیەکی
سوریا.
ترسی دوبارەبونەوەی سیناریۆی ساڵی (2014)
نەینەوا بەدەست پاشماوەكانی داعشەوە بەقورسی
دەناڵێنێت، بەرپرسانی ناوچەکە نیگەرانییەکی زۆریان لە گواستنەوەی خێزانە داعشەكان بۆ
کەمپی جەدعە ترسی گەڕانەوەی چالاکییە توندڕەوەکانیان هەیە.
محەمەد عارف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای
نەینەوا وتی: گواستنەوەی سەدان خێزان لە پاشماوەكانی داعش لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە
لە کەمپی هۆلەوە بۆ کەمپی جەدعە بۆ باشوری موسڵ، جێگەی نیگەرانییە، چونکە مەترسی
هەیە كەمپەكە ببێت بە لانكەیەكەی نوێ بۆ گروپە تیرۆریستییەکان، پێدەچێت بەمجۆرە سیناریۆیەکی
نوێ هاوشێوەی روداوەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی (2024) دوبارە ببێتەوە كە تا ئێستا یادەوەرییە تاڵەكان و وێنەی كارەساتە ترسناكەكان
لە زەهنی هەمواندا ماونەتەوە.
رونیكردوەتەوە كە، داعش هێرشی کردە سەر
موسڵ و هەزاران قوربانی و گۆڕی بەکۆمەڵی لە شارەكەدا بەجێهێشت، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا
هۆشداری دەدات "گواستنەوەی ئەم خێزانانە و نیشتەجێكردنیان لە كەمپی جەدا
دەبێتە هۆكاری كۆكردنەوەی توندڕەوەكانی ناوخۆ و دەرەوە كە ئەوەش شارەكە مەترسی
دروستكردنەوەی روداوێكی سەخت و روبەڕوبونەوەی دۆخێكی ئەمنی قورس دەكاتەوە.
ئاشكراشیكردوە، جێبەجێ كردنی بەرنامەی
چاكسازی دەرونی لەسەر خێزانەكانی داعش و تێكەڵكردنەوەیان لەگەڵ كۆمەڵگا، لەسەر
تیانوسراوەكان ماوەتەوە، گواستنەوەیان بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر تێیدا ژیاون کێشەی
دیکە دروستدەكات.
چاکسازی و تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگە
چارەسەرە یان تەنها تیۆرییە؟
لەسەر ئەو پرسە بەشێوەیەكی مرۆیی و
رونەدانەوەی قەیرانێكی دیكە، لایەنە حکومییەکان بەرگری لە پلانەكەیان دەكەن و
ئاماژەی بۆ ئەوەدەكەن؛ چارەسەری دەرونی و تێكەڵكردنەوەیان بە كۆمەڵگا تاكە رێگەیە.
بەرپرسێکی وەزارەتی کۆچ و كۆچبەران كە
رەتی كردوەتەوە ناوی بهێنرێت، ئاشكرای كردوە، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی خێزانەكان و تێكەڵكردنەوەیان
بە كۆمەڵگە، لەژێر چاودێری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا بەرنامەی چاکسازیی دەرونی و
کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکرێت، سەرباری ئەوەی پرۆسەکە ئاسان نییە و روبەڕوی ئاستەنگی گەورە
دەبێتەوە.
بەرپرسەكە وتوشیەتی: ژمارەیەك لە ئەو
خێزانەنانەی لە كەمپی هۆلەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ ناو كۆمەڵگە و بۆ ئەوە شوێنانەی
پێشتر ژیانیان تێدا بەسەر بردوە، لەلایەن عێراقییەكانەوە رەت دەكرێنەوە، چونكە
مەترسی كۆكردنەوەی ئەو كەسانەیان لێدەكرێت كە بیری توندڕەویان هەیە ئەوەش وادەكات
كە ئەركی وەزارەتەكەی قورستر بێت.
کەمپی جەدعە مەترسی ئەمنی لەسەر عێراق دروست
دەکات؟
کەمپی جەدعە (60) کیلۆمەتر لە باشوری شاری
موسڵ هەڵكەوتوە، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێک بۆ لەخۆگرتنی ئەو خێزانانەی لە كەمپی هۆل
كە لەسوریاوە دەگەڕێنەوە نۆژەنكراوەتەوە، بەبۆچونی ژمارەیەك لە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی
ئەمنی کەمپەکە دەتوانێت هاوكابێت بۆ کۆبونەوەی ئەو كەسانەی كە بیری تونڕەویان
هەیە.
ئەحمەد شەمەری، كە خۆی وەك شارەزای
بواری ئەمنی بە میدیا عێراقییەكان ناساندوە وتویەتی: كەمپەكە دەبێت بە هێڵی یەکەمی
بەرگری بەرامبەر توندڕەوی، بەڵام ئەگەر بەوردی مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت، پێدەچێت ببێت
بە بۆمبێکی کاتی، بۆیە تەنها لەڕوی ئەمنییەوە چاودێریكردن بەس نییە و لەڕێگەی چاكسازیی دەرونییەوە كە خۆی لە بەرنامەی
پەروەردەیی، ئایینی و کۆمەڵایەتیی دەبینێتەوە كار لەسەر كاڵكردنەوە و نەمانی بیری
توندڕەوەی بكرێت.
حکومەتی عێراق... لە نێوان فشارە نێودەوڵەتییەکان
و مەترسییە ناوخۆییەکان
لەگەڵ مەترسییە ناوخۆییەكان، حکومەتی عێراق
لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە فشاری بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لەسەر كە
لە كەمپی هۆلن لە سوریا.
میدیا عێراقییەكان باسیان لەوە كردوە
كە؛ لەگەڵ پەرەسەندنی مەترسەکان كە ئەو خێزانانە بۆمبێکی مرۆیی چێنراون و هەڕەشە لە
ئاسایشی وڵاتەكەیان و ناوچەکە دەکات، بەڵام ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتوەکان فشاریان
خستوەتە سەر بەغداد بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە كەمی هۆڵ نیشتەجێن.
سەرچاوەیەكی ئەمنی بە رایگەیاندوە: هێزە
ئەمنییەكان رێوشوێنی توندی گرتوبەر بۆ دڵنیابونەوە لەوەی كە ئەندامە مەترسیدارەکان
دزە نەکەنە ناو وڵاتەوە، پشکنینی ئەمنی ورد لەسەر بۆ هەمو ئەو خێزانانە کراوە کە لە
كەمپی هۆلەوە گواستراونەتەوە بۆ كەمپی جەدعە.
دو ریانێكی ئاڵۆز بۆ حكومەتی عێراق
ئێستا حكومەتی عێراق لەبەردەم دوڕیانێکی
ئاڵۆزدا خۆی دەبینێتەوە، كە ناکرێت دەستبەردانی هاوڵاتییەكانی ببێت و بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە
كەمی هۆلدا لە سوریادا بمێننەوە، لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانییەكانی لەسەر دۆخی
ئەمنی وڵات رەوایەتی خۆی هەیە.
عەلی كازمی، توێژەر لە كاروباری گروپە
توندڕەوەکان رونیكردوەتوە، عێراق پێویستی بە ستراتیژێکی یەکگرتو هەیە كە ئەوانیش چاکسازی
و گەشەپێدانی ئابوری و چاودێریی توندی دۆخی ئەمنییە، بێجگە لەوەی هەوڵی راستەقینە
بۆ بەرەنگاربونەوەی بیری توندڕەوی لە رێگەی پەروەردەیی و میدیاییەوە هەیە، کە بەباشی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.
ئێستا پرسیارەكە بە كراوەیی ماوەتەوە، ئایا
عێراق سەرکەوتو دەبێت لە ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی سیناریۆی ساڵی (2014) و هێرشی
داعش یان کەمپی جەدعە سەرەتای لاپەڕەیەکی نوێی ئاڵنگایی نوێی ئەمنی دەبێت بۆ عێراق؟
227 جار خوێندراوەتەوە