لە خەباتی مەدەنیدا، یەکێک لە رێگاکانی فشار دروستکردن، بریتییە لە مانگرتن
لە خواردن و خواردنەوە، ئەو شێوازە لە چالاکی پێشینەیەکی دێرینی هەیە، چونکە
زۆرینەی کات ئەو شێوازی فشارە ئەنجامی هەبوە،
راپۆرت:KNNC
لە ساڵانی 1930ـیەکان، مەهاتما گاندی بە بیری ناڕەزایەتی مەدەنی و ناتوندوتیژی،
لە هیندستانی داگیرکراوی ژێردەستی بەریتانییەکان دەستی بە چالاکی مانگرتن لەخواردن
کرد، هەمان نمونەی هیندستان لە مێژوی ئیرلەنداش هەیە، کاتێک کەسێک یان کۆمەڵە
کەسانێک ناحەقییان بەرامبەر دەکرا، لەبەردەم دەرگای کەسە ناحەقەکەدا دادەنیشت و بە
مانگرتن لە خواردن و خورادنەوە فشاری لێدەکرد تا قەرەبوی بکاتەوە.
چالاکیی مانگرتن لە
خواردن بەکۆمەڵ، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1880 رویدا، لەو سەردەمەدا رووسیا لە ژێر دەسەڵاتی
قەیسەر و تیزارەکاندا بو، چالاکانی سیاسیی و زیندانیانی سیاسی راپێچێ کامپەکان
دەکران و کاری نامرۆڤانەیان بەرامبەر ئەنجام دەدرا، ئەوانیش لە بەرامبەردا ئەو پێشێلکارییانەدا
ئەو خواردانەیان رەتکردەوە، کە بۆیان دەرۆیشت و ئەو دۆخەیان ئیدانە کرد.
چالاکییەکانی مانگرتن
لە خواردن لە ئیرلەندا...
کاتێک سەرنج لە مێژوی جیهان و تێکۆشانی سیاسی بدەین دەبینین، کە ئیرلەندییەکان
ئەو نەتەوەیەن کە بە ئەندازەی کورد شێوازی چالاکی مانگرتنیان لە خواردن و خواردنەوە
گرتوەتەبەر، ئیرلەندا لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بو، بۆکۆتاییهێنان بە داگیرکەری
بەریتانیادا بو بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکەری بەرتانییەکان لەسەرەتای ساڵانی 1900
بە چالاکی مانگرتن لەخواردن ئەو داگیرکەرییەیان ئیدانەکرد، لەبەردەوامی ئەو چالاکییانەدا
لە ساڵی 1917ـدا چالاکوانێکی ئیرلەندی مانگرتنی لە خواردن لەدژی بەزۆر راگرتن
ئەنجامدا، لە ساڵی 1920ـدا سەرۆکی شارەوانی کۆرک لە ئیرلەندا دەستی بە مانگرتن
لەخواردن گرت و 74 رۆژ بەردەوام بو بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بابی ساندز و هاوڕێکانی لە
ساڵی 1981 لە ئیرلەندای باکور دەستیان ماگرتنیان لە خواردن راگەیاند، داواکەیان ئەوە
بوو وەک زیندانیی سیاسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بابی ساندز لە تەمەنی 27 ساڵیدا و
لە 5ی ئایاری 1981 لە دوای 66 رۆژ مانگرتن لە زینداندا گیانی لە دەستدا، دوای ئەو
نۆ مانگرتوی دیکەی هاوڕێی گیانیان لەدەستدا.
درێژترین ماوەی چالاکی
مانگرتن لە خواردن، لە وڵاتی مەهاتمان گاندی لە هێندستان بەڕێوەچو، سەربازان لە
چواری تشرینی دوومی ساڵی 2000ـدا لە هێندستان بە پێی یاسای ئەرکی تایبەتی هێزە چەکدارەکان
10 هاوڵاتییان کۆمەڵکوژ کرد، کە بە کۆمەڵکوژیی مالۆم دەناسرێت، لە دژی ئەو تاوانە
ژنێک بە ناوی ئیرۆم شارمیلا مانگرتنی لە خواردن راگەیاند، چالاکییەکە بە 7ی تشرینی
دوەمەوە دەستیپێکرد و بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ خۆکوشتن" دەستگیرکرا، بە بڕیاری
دادگا بۆ شکاندنی مانگرتنەکەى شارمیلا سۆندەی موغەزی خرایە قورگی، بەڵام شارمیلا
تاوەکو 9ی ئابی 2016 جگە لەو زۆردارییەى بە پێدانی موغەزیی کە بەرامبەری ئەنجامدرا،
هیچ خواردنێکی نەخوارد.
مانگرتن لە خواردن لە
کوردستان و تورکیا..
یەکەمین مانگرتن لە خواردن کە لە تورکیا دەناسرێت، نازم حیکمەت لە ساڵی
1950 ئەنجامیدا لە 27ـی گوڵان لە ساڵی 1960 جەلال بایار کە لە کودەتای سەربازی
دەستگیرکرا ماوەی دوو رۆژ مانی لە خواردن گرت، هەروەها پێش لە سێدارەدانی دەنیز گەزمێش
و یوسف ئەسلان و حسێن ئینان مانیان لەخواردن گرت لە ساڵی 1975، هەروەها شێوازی
مانگرتن لە خواردن و رۆژی تا مردن بەدیاریکراوی لەدوای کودەتای سەربازی لەساڵی
1980 بوە رۆژەڤی تورکیا و باکوری
کوردستان، ئەوەیش لە زیندانی ئامەد بو لە 20ـی نیسانی 1981 لە ئەنجامدا عەلی ئیرەک
گیانیلەدەستدا و بوە یەکەمین شەهیدی
چالاکی مانگرتن لەخواردن لە تورکیا و کوردستان، لە دژی بارودۆخی خراپ و ئەشکەنجە لە
زیندانەکان لە ساڵی 1982 ڕۆژووی مردن دەستیپێکرد و کەمال پیر، خەیری دوورمووش، عاکیف
یڵماز و عەلی چیچەک شەهید بون. ئەوەش وایکرد لە بەندینخانەی ژمارە 5ـی ئامەد کە تێکۆشانی
ئازادی گەلی کورد فراوانتر ببێت.
لە مێژوی کوردستاندا بەرخۆدانی
مانگرتن لەخواردن بە نموونە دەبینرێت، بە تایبەتی ساڵی 2012 بۆ داواکاری لابردنی گۆشەگیری
سەر لەسەر عەبدوڵا ئۆجەلان لە بەندیخانەکاندا مانگرتن لەخواردن دەستیپێکرد و 68
رۆژ بەردەوام بو، بە هەزار کەس بەشداری مانگرتنەکە بون و مێژویان نوسییەوە.
بۆ داواکردنی لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی 2016ـدا سیاسەتمەدار
و رۆشنبیرانی کورد لە رێکخستنەکانی شاری ئامەدی هەدەپە، مانیان لەخواردن گرت و مانگرتنەکەش
دوای چاوپێکەوتنی ئۆجەلان کۆتاییهات.
کەماڵ گون لە دەرسیم بۆ
ئەوەی دەوڵەتی تورک ڕۆفاتی منداڵەکەی پی بداتەوە لەساڵی 2017 مانی لەخواردن گرت و 90
ڕۆژ بەردەوام بوو و دوای ئەوەی ئێسکی منداڵەکەیان رادەستکردەوە مانگرتنی
کۆتاییپێهێنا، لە ساڵی 2017 مامۆستا سەمیع ئوزکاچ و نوری گوولمەن کە لە ئەرکەکەیان
دور خرابونەوە بە ئامانجی ئەوەی کە بگەڕێنەوە سەر کارەکەیان لە ئەنقەرە بۆ ماوەیەکی
درێژ مانیان لەخواردن گرت.
لە تشرینی دوەمی 2018، لەیلا گۆڤەن پەرلەمانتاری هەدەپەی جولەمێرگ بۆماوەی 200 رۆژ مانگرتنی
لە خواردن راگەیاند، ئەو مانگرتنە وەک وەک چالاکییەکی جەماوەری بوە بابەتی سەرەکی
لە باکوری کوردستان، تورکیا و جیهان،لە زۆرێک لە بەندینخانە و وڵاتانی دیکە
مانگرتن بەڕێوەچو، بەسەدان کەس بەشداری چالاکییەکە بون، ئەوەش لەپێناو کۆتایهێنان
بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان.
هەر بۆ هەمان داواکاری، لە 27ـی تشرینی دووەمی 2020 لە زیندانەکانی تورکیا و باکوری کوردستان،
مانگرتن دەستیپێکرد.
پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیش، ماوەی شەش رۆژە، بەشێک لە مامۆستایان و
فەرمانبەران، بەهۆی وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانیان و دواکەوتنی موچەکانیان، شەو
و رۆژەکانی زستان لەژێر خێوەتدا دەمێننەوە و مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندوە و دیاریش
نییە کەی حکومەت وەڵامی داواکارییەکانیان دەداتەوە.
518 جار خوێندراوەتەوە