نوسینی؛ مژدە نەورەس
بەشی
یەکەم/ دەستوری ١٩٢٤ی تورکیا (هەموارکراوی ١٩٣٧) و
مافەکانی کورد:
لە دوای ڕوخاندنی دەوڵەتی عوسمانی لە ١ی تشرینی دوەمی ١٩٢٢
دەوڵەتی کۆماری لە تورکیا دامەزرا، کاتێک ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا کۆتایی
بە فەرمانڕەوایی سوڵتان محەمەدی شەشەم هێنا(سوڵتان مەحمەدی شەشەم ٣٦هەمین و دوا
سوڵتانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بو، لە ساڵی ١٩١٨ تا ١٩٢٢ حوکمڕانی کرد،
حوکمڕانییەکەی دوا کۆتایی مێژوی شەش سەدەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بو). بەڵام
هەڵوەشاندنەوەی ڕەسمی و جدی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣بو، ئەوکاتەی
کە پەیمانی لۆزان واژۆکرا تاوەکو بوە هۆکار بۆ ئەوەی کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی
یەکەمی ١٩٢٣ڕبگەێنرێت کۆتایی بێت بە حوکمی دەوڵەتی عوسمانی.
تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەکەی لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣
لە ساڵی ١٩٢٣بۆ ١٩٢٤ سێ دەستوری هەبوە، هەریەکەیان ڕەنگدانەوەی مێژوی سیاسی و
کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆیەتی. بەڵام لە هەرسێ دەستورەکەدا زوڵمێکی زۆر و زەوەند
بەرامبەر بە نەتەوەی گەلی کورد کراوە وەکو نەتەوەیەکی زۆرینە لەم کۆمارەدا.
هەروەها تورکیا تاوەکو ئێستا سێ دەستوری هەبوە دەستوری یەکەم لە
١٩٢٤ دانرا و لە ١٩٣٧ هەموارکرایەوە، دەستوری دوەم لە ١٩٦١دانراو، دەستوری سێیەم و
کۆتا دەستوریش دەستوری ١٩٨٢ــە، کە تاوەکو ئێستاش کاری پیدەکرێت.
دەستوری تورکیای ساڵی١٩٢٤، یەکەم دەستوری کۆماری تورکیا بو،
دوای دەستوری ساڵی ١٩٢١کاتەکی. مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا،
ڕۆڵێکی گرینگی هەبو لە داڕشتنی ئەم دەستورە. لە ٢٠ی نیسانی ١٩٢٤ پەسەند کرا و تا
ساڵی ١٩٦٠ کاری پێکرا، ئەم دەستورە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبو لە داڕشتنی تورکیای مۆدێرن
لە ساڵانی سەرەتاییدا وەک کۆمار. زیاتر ئەم دەستورە بوە هۆکار بۆ چەوساندنەوەی
کورد و تیشکی زیاتری دەخستە سەر عەلمانیەت و ناسیۆنالیزم و مۆدێرنیزاسیۆن.
سەڕەڕای زۆری دانیشتوانی گەلی کورد لە تورکیا ئەم دەستورەی
١٩٢٤ی تورکیا مافە کولتوری و سیاسی و ئازادییەکانی دانیشتوانی کوردی زۆر تەسک کردەوە
و درێژەی دا بە چەوساندنەوەی میللەتی کورد لە سەرانسەری تورکیا بەگشتی و باکوری
کوردستان بە تایبەتی. لە دەستوری تورکیا لە ساڵانی سەرەتای کۆماری تورکیادا،
سیاسەتەکان لە سەر دروستکردنی ناسنامەیەکی یەکگرتو و ناوەندگەرایی و یەکسانی تورک
بون، کە بوارێکی کەمیان بۆ فرەچەشنی نەتەوەیی یان کولتوری بەجێدەهێشت. چونکە لە
دەستوری ساڵی ١٩٢٤دا هیچ ئاماژەیەکی ئاشکرای کورد یان کەمینە نەتەوەییەکانی دیکەی
وەک گروپی جیاواز نەکراوە. بەڵکو ئەم دەستورە جەختی لەسەر یەکڕیزی هەمو هاوڵاتیان
لە ژێر ناوی "تورک" کردەوە. دەمارگیری ئێستای نەتەوەی تورکیش دەکرێت
هۆکارێکی سیاسەتەکانی ئەوکات و دەستورەکەی بێت. پەیمانی لۆزان کە بوە هۆکاری
دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ دانی نا، بە مافەکانی کەمینە غەیرە
موسڵمانەکاندا، وەک: ئەرمەنی و یۆنانی و جولەکە... بەڵام زۆرینەی نەتەوەییە موسڵمانەکانی
وەک کوردەکانی بەهیچ شێوەیەک دانی پێدا نەنابو. لە مادەی ٨٨ی دەستوری ١٩٢٤دا هاتبو
کە هەمو هاوڵاتیانی تورکیا بەبێ گوێدانە نەتەوەیەک بە تورک دادەنرێن. زمانی تورکی
وەک تاکە زمانی فەرمی دامەزرا، زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی لە پەروەردە و
کارگێڕی و ژیانی گشتیدا قەدەغەکرا و هەمو ڕێگایەکی لە کوردان گرتبو بۆ قەدەغەکردنی
زمانیان. هەر لەو دەستورەدا هاتبو کوردەکان بۆیان نییە داوای تۆتۆنۆمی بکەن چونکە
دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر نەوەیی تورکیا.
دەکرێت ئەم دەستورە ناو بنێین بە تۆوی چاندنی بەهێز بونی تورک و
تۆوی چەوساندنەوە و پوکانەوەی کوردان.
بەشی
دوەم/ دەستوری ١٩٦١ی تورکیا و مافەکانی کورد:
دەستوری ١٩٢٤ و هەموارکراوی ١٩٣٧ کەموکوڕی زۆری تێدابو، چونکە
ئازادێکی بێ سنور و مافێکی زۆری بەتورک دابو، لەبەرانبەریدا ڕێگیرێکی زۆری بۆ نەتەوەکانی
تر بەگشتی و کورد بەتایبەتی دروستکردبو.
لە دوای کودەتا سەربازیەکەی ٢٧ی ئایاری ساڵی ١٩٦٠، دەستوری ساڵی
١٩٦١ جێگەی دەستوری ١٩٢٤ی گرتەوە، ئەم کودەتایە بە یەکێک بە سەرسوڕهێنەرترین کودەتا
لە سیاسەتی تورکیا دادەنرێت. چونکە یەکەم دەستێوەردانی سەربازی بو لە مێژوی کۆماری
تورکیا. ئەم کودەتایە بە سەرکردایەتی جەمال گورسێل و کۆمەڵێک ئەفسەری هێزە چەکدارەکانی
تورکیا (کە خۆیان بە کۆمیتەی یەکگرتویی نیشتمانی (CNU) ناوبرد) لە دژی حکومەتی دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی ئەو سەردەمە
ئەنجامدرا. هۆکاری دەستێوەردانەکە ناسەقامگیری سیاسی تورکیا و سەختی ژیانی خەڵک و
گەندەڵی ئابوری و ئەو تۆمەتانەی کە حیزبی دێموکرات بوەتە پاوانخواز بە سەرۆکایەتی
عەدنان مێندەرێس سەرۆک وەزیران ببوە ڕودانی. پاش ئەم کودەتایە عەدنان مێندێرس، بەیار
و سەرکردەکانی دیکەی پارتی دیموکراتی لە دادگاییکردن بە تۆمەتی گەندەڵی و تاوان دژی
دەوڵەتی تورکیا دادگایی کران، دواتر عەدنان و دو لە وەزیرەکانی لە ساڵی ١٩٦١ لەسێدارەدران.
کۆمیتەی یەکێتی نیشتیمانی تورکیا کە دوای کودەتاکە دەستی بەسەر
حکومەتدا گرت، حکومەتێکی کاتی دامەزراند و ئامادەکردنی دەستورێکی نوێی هێنایە ناو
مێژوی تورکیای کۆماری. دوای ئەم ڕوداوە، هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٦١ ئەنجامدرا، دەستورێکی
نوێ و دیموکراسیتر بۆ تورک لە ساڵی ١٩٦١ داڕێژرا و پەسەند کرا. ئەم دەستورە لە ١٥٧
مادە و ٣ بەشی سەرەکی پێکهاتبو. بەشی یەکەمی باسکردن بو لە بنەما گشتییەکانی دەوڵەتی
تورکیا و بەشی دوەمی ماف و ئەرکە بنەڕەتییەکان لەتورکیا و بەشی سێیەم و کۆتا بەش
باسکردن بو لە ئۆرگانە بنەڕەتییەکانی دەوڵەت.
لە ساڵی ١٩٦١ جەمال گورسەل لەلایەن کۆمیتەی یەکێتی نیشتمانییەوە
وەک سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا و لە ساڵی ١٩٦١ دوای پەسەندکردنی
دەستوری ١٩٦١ وەک چوارەم سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژێردرا. ماوەی سەرۆکایەتیەکەی تا
ساڵی 1966 بەردەوام بو. ئەم دەستورە
ڕوبەڕوی کۆمەڵێک کێشە بۆیەوە. یەکێک لە هەرە کێشە گەورەکانی ئەم دەستورە ئەوەبو پێکهاتەیەکی
دو کورسی واتا سیستەمی پەرلەمانی دوانە(ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا و ئەنجومەنی
پیرانی کۆمار) لە تورکیا دامەزراند. ئەم پێکهاتە و دو ئەنجومەنە پرۆسەی بڕیاردانی
خاوکردەوە و ناکۆکی لە دەزگای یاسادانان دروستکرد. زۆرجار ئەنجومەنی پیران وەک دەسەڵاتێک
هەست پێکراوە کە ڕێگری لە بڕیارەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا دەکات. باس
لەوە کراوە کە سیستەمی پەرلەمانی کە لە دەستوری ساڵی ١٩٦١ خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە،
حکومەتەکانی هاوپەیمانی کردە ئیجباری، بە تایبەت بەهۆی ناتەبایی نێوان لایەنەکانەوە
و ئەمەش بوە هۆی ناسەقامگیری سیاسی.
دەستوری ١٩٦١ی تورکیا لە چوارچێوەی ڕێبازی "دەوڵەتی نەتەوە"ی
تورکیادا ئامادەکرابو، گەورەترین کێشەی ئەوەبو دانی بە ناسنامە و مافە و کولتور و
نەتەوەی گەلی کورددا نەدەنا. تەنانەت وای لێهاتبو هیچ ڕێسایەکی دەستوری لەسەر پەروەردە،
میدیا و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان و ڕۆژنامەگەری بە زمانی کوردی دانەنرا و تەنانەت
شوناسی کوردیش پشتگوێ خرا. سەبارەت بە بەکارهێنانی زمانی کوردی هیچ ڕێسایەکی دەستوری
نەبو. لە ڕاستیدا زۆر بە ئاشکرا ئەم دەستورە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە کایەی گشتیدا
قەدەغە دەکرد. ناوی شوێنەکانی کوردی گۆڕا و ئەم پرۆسەیە وەک بەشێک لە سیاسەتەکانی
ئاسمیلەکردن* سەیر دەکرا.[1]
ئەم دەستورە هیچ مافێکی وەک "مافی چارەی خۆنوسین"ی بە
گەلی کورد یان هەر نەتەوەیەک نەداوبو. چونکە پێکهاتەی دەوڵەتی یەکگرتوی کۆماری
تورکیای پاراست و هەمو هاوڵاتیانی لە ژێر ناسنامەی "نەتەوەی تورک"دا یەکخست.
لە دەستوردا بە ڕونی باس لەوە دەکات کە کۆماری تورکیە کۆیەکی دابەشنەکراوە و هەر دەستپێشخەرییەکی
جوداخوازانە ڕێگەی پێنادرێت.
لە مادەی ١٠ی ئەم دەستورەدا هاتوە کە هەمو هاوڵاتیان لەبەردەم یاسادا
یەکسانن. بەڵام ئەم یەکسانییە ڕێسایەکی گشتی سەبارەت بە مافە نەتەوەیی و کولتورییەکانی
تر دابین نەکردوە بەتایبەت مافی کورد. چونکە هەر لەم دەستورە لە ماددەی ٥٤ی بەیاننامەی
"هەر کەسێک لە ڕێگەی ڕەگەزنامەییەوە بە دەوڵەتی تورکەوە بەستراوەتەوە، تورکە"
لەخۆدەگرێت. ئەم مادەیە ئاستەنگی بۆ دانپێدانانی دەستوری بە ناسنامەی نەتەوەیی گەلی
کورد دروست کردوە و هیچ مافێکی ئازادی و کلتوری و ناسنامەی بۆ گەلی کورد نەهێشتبوە.
هەمو نەتەوەکانی تورکیا بە کوردیشەوە بە پێی دەستور لە ژێر چەتری "نەتەوەی
تورک" پێناسە کراون، مافێکی لەو شێوەیە نابەخشرێت.
دەستوری ١٩٦٠ هیچ پێشکەوتنێکی سەبارەت بە مافە دەستەجەمعییەکان یان
ناسنامەی گەلی کورد نەخستەڕو. پرسی کورد لە قۆناغەکانی دواتردا وەک یەکێک لە
گرنگترین کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی تورکیا بەردەوام بوە تاوەکو ئێستاش ئەم
پرسە لە گرنگی و بایەخی نەکەوتوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، دەستوری ساڵی ١٩٦١ لە
دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠، دەستوری ساڵی ١٩٨٢ کە پێکهاتەیەکی تاکڕەوتری هەبو، گۆڕدرا.
ئەم دەستورە خراپتر و ڕونتر مافەکانی گەلی کوردی پشگوێ خست.
بەشی
سێیەم/ ماف و ئازادی کوردان دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ی تورکیا:
بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠، هێزە چەکدارەکانی تورکیا بە
سەرۆکایەتیی کەنان ئەڤرێن*[2]،
سەرۆکی ئەرکانی گشتیی تورکیا، دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. پەرلەمان هەڵوەشایەوە،
پارتە سیاسییەکان داخران و سەرکردەی حزبەکان دەستبەسەر کران. دەستوری ١٩٦١ ڕاگیرا
و یاسای سەربازی لە سەرتاسەری وڵات ڕاگەیەندرا. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەی
وڵاتەکەی گرتە ئەستۆ. ئەم دەستێوەردانەش وەک سێیەم و دوایین دەستێوەردانی ئاشکرای
سەرکەوتوی هێزە چەکدارەکان لە دژی حکومەت لە مێژوی کۆماری تورکیەدا تۆمار کرا.
ساڵی ١٩٨٠ کە بە کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلول بەناوبانگە، یەکێک
بو لە وەرچەرخانەکانی پرسی کورد لە تورکیا، پرسی کورد لە تورکیا لە ساڵی ١٩٨٠دا هەم
بە پاشخانی مێژویی و هەم ئەو پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتورییانەی لەو سەردەمەدا
ڕویاندا، داڕێژرا. لەو ماوەیەدا گوشارەکان بۆ سەر شوناسی کورد توندتربون و کێشە کۆمەڵایەتی
و ئابوری و سیاسییەکان لە جوگرافیای کورداندا قوڵتر بون. ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی
کورد لەبەرامبەر تورک زیاتر سەرکوت کرا. ئەم دۆخه زەمینەی ئامادەکرد بۆ ئەوەی
ناسنامەی کورد بگۆڕێت بۆ ململانێی سیاسی و بو به یەکێک له کێشه گرنگەکانی تورکیا
له ساڵانی دواتردا.
کودەتا سەربازییە کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی لەسەرتاسەری
تورکیادا هەبو. کاریگەرییەکەی لەسەر کورد زیاتر و وێرانکەرتر بو، چونکە یاسای سەربازی
لە سەرتاسەری تورکیە ڕاگەیەندرا، قسەکردن بە زمانی کوردی و گۆرانی وتن و تەنانەت بەکارهێنانی
ناوی کوردیش قەدەغە کرا. زمانی کوردی چۆیە ڕیزی “زمانێکی قەدەغە”کراوەکان. هەزاران
کەس بەهۆی کوردبون و کلتوریانەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەستبەسەر کران و ئەشکەنجە
دراون یان لە زیندانەکاندا ڕاگیران. زیندانی دیاربەکر"ئامەد" بو بە ناوەندی
ئەشکەنجەدان لە دژی کورد. هەر دەربڕینێکی شوناسی کورد سەرکوت دەکرا، چونکە لەگەڵ دەوڵەتی
تورکیا بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی ناکۆکی هەبو.
لە ساڵی ١٩٧٨ سەرهەڵدانی بزوتنەوەی پە..K..K بە سەرکردایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزراوە، پارتی کرێکاری
کوردستان(Partiya Karkerên Kurdistanê) لە دوای کودەتای ١٢ی ئەیلولەوە بە خێرایی دەستی بە ڕێکخستن کرد.
ئەو ڕێکخراوە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردودا ئامادەکاری بۆ خەباتی چەکداری لە
لادێدا کرد. گوشارەکانی دوای ١٢ی ئەیلول، ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی پەkk لە ساڵی ١٩٨٤دا خەباتی چەکداری ئاشکرا دەستپێبکات. ئەوەش دەمارگیری
تورکیای زیاتر کرد بۆ چەوسانەوەی کوردان.
لەبەر ئەو هەمو کین و قەهرەی دەوڵەتی تورک لهدڵیدابو بەرامبەر
بەکورد لێرە بەدواوە کورد بە فەرمی بە “تورکی شاخ” پێناسە کرا و زمانی کوردی ڕەتکرایەوە
کە زمانێکی جیاواز بێت. ناوی گوند و شوێنی نیشتەجێبونی کوردی بە تورکی کران. تەنانەت
خەڵک لە بەکارهێنانی ناوی خۆیان بێبەش کرابون. قسەکردن بە کوردی لە قوتابخانە حکومییەکان
بە توندی قەدەغە بو، هەوڵی ئاسمیلەکردنی(توانەوەی) منداڵانی کورد لە ڕێگەی زمانی
تورکییەوە درا و زۆریان تواندەوە بەڵام زورتر ڕەگر و ڕیشەی خۆیان قایم کرد و ئەمەش
بۆیە هۆی ئەوەی کە پارێزگاری لە شوناسی خۆیان بکەن.
پێش ساڵی ١٩٨٠ بزوتنەوە چەپەکانی کورد لە ڕێگەی ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانەوە
هەوڵیان دەدا بەشداری سیاسەت بکەن. بەڵام کودەتای ١٢ی ئەیلول ئەم بزوتنەوەیانەی سەرکوت
کرد بە چەندین ڕێگەی جۆراو جۆر. ئەو پارتانەی کە سیاسەتمەدارانی کورد تێیاندا
چالاک بون، داخران، و سەرکردەکانیان زیندانی دەکران یان ناچار دەکران بۆ دەرەوەی وڵات
هەڵبێن. سیاسەتمەدارە کوردەکان کە بەرەو ئەوروپا هەڵهاتن، هەوڵەکانیان خێراتر کرد
بۆ ئەوەی پرسی کورد بکەنە پرسێکی نێودەوڵەتی. لێرە بەدواوە دەوڵەتی تورکیا لە سیاسەتی
دەرەوەدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەوروپا هەبو. گرژی
و ئاڵۆزی هەبو، بەتایبەتی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەوروپا و ئەنجومەنی ئەوروپا.
دوابەدوای کودەتاکە ٦٥٠ هەزار کەس دەستبەسەر کران و ٢٣٠ هەزار کەس
لە دادگا سەربازییەکان دادگایی کران و یەک ملیۆن و ٦٨٣ هەزار کەسیش خراونەتە لیستی
ڕەشەوە. جگە لەوەش لە ئەنجامی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکاندا ٥٠ کەس لە سێدارە دراون
و ١٧١ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. لێرە بەدواوە زۆرێک لە پارت و سەندیکا و کۆمەڵە سیاسییەکان
داخران، خەڵکێکی زۆر لە بەشداری سیاسەت بێبەشکران. دەستورێکی نوێ ئامادەکرا و لەساڵی
١٩٨٢پەسندکراو هەمان ئەو دەستورەی ئێستایە بەڵام هەمواری بەسەرداهاتوە.
بەشی
چوارەم/ دەستوری ١٩٨٢ی تورکیا و مافەکانی کورد:
دەستوری ساڵی 1982ی تورکیا چوارچێوەی یاسایی بنەڕەتی دەوڵەتی
تورکیای ئێستا پێکدەهێنێت، دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠ لە ٧ی تشرینی دوەمی ساڵی
١٩٨٢دا ئەم دەستورە پەسەندکرا، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک کە لەژێر ڕێنمایی حکومەتی
سەربازیدای تورکیا ئەنجامدا.
دەستوری کۆماری تورکیا لە حەوت بەش پێکهاتوە کە هەر بەشێکی چەندین
بابەت و ماددەی تێدایە. لە بنەڕەتدا دەستورەکە ١٧٧ مادەی لەخۆگرتبو. بەڵام تا مانگی
نیسانی ٢٠١٦، ١١٣ لەو ماددانە هەموارکرابوەوە.
لە دەستوری ساڵی ١٩٨٢دا ڕێسایەکی ڕونی سەبارەت بە ماف و ناسنامەی
کورد دانەناوە. ئەم دۆخە سنوردارکردنی جیددی دروست کردوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی
وەک مافی کورد بۆ دەربڕینی ناسنامە و پەروەردە و مافە کولتورییەکانی.
دەستوری ١٩٨٢ی تورکیا بە پێشەکییەک دەست پێدەکات کە جەخت لەسەر
پابەندبون بە بنەماکانی دەوڵەتی عەلمانی و دیموکراسی و یەکگرتویی نەتەوەی تورک دەکاتەوە.
ئەم پێشەکییە گوزارشت لە بنەما و بەها بنەڕەتییەکانی تورک دەکات کە دەستور چوارچێوەی
بۆ داڕشتوە. پێشەکییەکە دەقیق جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە بنەماکانی کەمال ئەتاتورک دەکاتەوە،
لەوانە مۆدێرنیزاسیۆن، عەلمانیەت و ناسیۆنالیزمی تورکی، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی
پاراستنی سەربەخۆیی دەوڵەتی تورکیا و پرەنسیپی سەروەری گەلی تورک دەکاتەوە. هەر لەو
پێشەکییە(دیباجه)یەی دەستور هاتوە کە تەنها هاوڵاتیانی تورک مافی گوزەراندنی ژیانێکی
ئاسودەی هەیە لە ژێر سایەی ڕۆشبیری تورکیدا، لێرەدا بۆمان دەرکەوت کە تەنها دان بەمافی
گەلی تورک نراوە خۆشگوزەرانی تەنها بۆ تورکه و کورد هیچ دانپێدانانێکی ڕەوایەتی بینینێکی
خۆشگوزەرانی لەم دیباجەیەدا نییە.
لە مادەکانی ١، ٢، ٣ زۆر بە قائیمی کۆتی ئەوە دانراوە کە ئەم سێ
مادەیە نابێت بە هیچ شێوەیەک هەمواری بەسەردا بێت و نەگۆڕە. ئەمەش زیانێکی بێ
شوماری بۆ کورد هەبوە، چونکه ئەم سێ مادەیەی سەرەتا زۆر بە توندی جەخت لە یەک زمان
و یەک نەتەوەی دەوڵەتی تورکیا دەکاتەوە ئەویش تورکە.
مادەی یەکەم دەڵێت: فۆڕمی دەوڵەت دەوڵەتی تورکیا کۆمارێکە و دابەشنەکراوە.
مادەی دوەم، دەڵێت: کۆماری تورکیا دەوڵەتێکی دیموکراسی و عەلمانی
و کۆمەڵایەتییە و بە سەروەری یاسا بەڕێوەدەبرێت؛ بە لەبەرچاوگرتنی چەمکەکانی ئاشتی
گشتی، هاودەنگی نیشتمانی و دادپەروەری؛ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ؛ دڵسۆز بۆ ناسیۆنالیزمی
ئەتاتورک، و لەسەر بنەمای ئەو بنەما بنەڕەتیانەی کە لە پێشەکییەکەدا هاتوە.(واتا لە
دیباجەی دەستورەکە) ــ لەم مادەیەدا زوڵم و پێشێلکارێکی زۆر بەرامبەر بە کورد و کەمینە
نەتەوەکانی تر کراوە و کە گشتیان بە تورک پێناسەدەکات لەژێر دڵسۆزی بۆ ئەتا تورک.
ئەم مادەیە دانراوە تەنها بۆ سنوردارکردنی جددی و تەواوەتی بۆ بەکارهێنانی زمانەکانی
تر جگە لە تورکی وەک کە دەبێت زمان زمانی تورکی بێت لە دامودەزگا فەرمییەکان و پەروەردەییەکان،
میدیا، هەمو هاونیشتمانێک هاوسۆزی بۆ ناسیۆنالیزمی ئەتاتورکی هەبێت.
مادەی سێیەم، دەڵێت: یەکپارچەیی دەوڵەت، زمانی فەرمی، ئاڵا، سرودی
نیشتمانی، و پایتەخت دەوڵەتی تورک بە خاک و نەتەوەکەیەوە، قەوارەیەکی دابەشنەکراوە.
زمانەکەی تورکییە...هتد. ــ لێرەدا ڕون و ڕەوان هیچ ئاماژەیەک به نەتەوەی کورد و خاک و زمانی ناکرێت و ئەم دەستورە
لە بەرامبەر دو دەستورەکەی تر سورترە لە پێنەدانی مافەکان بە گەلی کورد.
مادەی پێنجەم؛ زۆر بە ڕونی باس لە خۆشگوزەرانی گەلی تورک دەکاتەوە
و دەڵێت: ئامانج و ئەرکە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتی تورکیا بریتین لە پاراستنی سەربەخۆیی
و یەکپارچەیی نەتەوەی تورک، دابەشنەکردنی وڵات و کۆمار و دیموکراسی و دەستەبەرکردنی
خۆشگوزەرانی و ئارامی و بەختەوەری تاک و کۆمەڵگا...هتد.
ــ لێرەدا بۆمان دەرکەوت کە دەستور تەنها خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی
تورک دابین کردوە و هەرچی لەژێر سایەی دەوڵەتی تورکیایە دەبێت بێتە ژێر ئەم چەترە
تاوەکو خۆشگوزەران بێت.
لە مادەی شەشەم؛دا هاتوە کە سەروەری تەنها بۆ نەتەوەی تورکە. کە
بەم جۆرە دەڵێت: نەتەوەی تورکیا بە پێی ئەو بنەمایانەی کە لە دەستوردا هاتوە، سەروەری
خۆی لە ڕێگەی ئۆرگانە ڕێگەپێدراوەکانییەوە بەڕێوە دەبات. مومارەسەی سەروەری لە هیچ
بارودۆخێکدا ناتوانرێت بۆ هیچ کەس و گروپ و چینێک جێبهێڵرێت.
ــ ئەمەش بە پێشێلکردن و بێباکبون دادەنرێت بەرامبەر بە سەروەری
کورد و نەتەوەکانی دیکەی تورکیا.
مادەی حەوتەم - دەڵێت: دەسەڵاتی
یاسادانان سەر بە ئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیایە بەناوی نەتەوەی تورکیاوەیە.
ئەم دەسەڵاتە ناتوانرێت ڕادەست بکرێت.
ــ ئەم مادەیە تەکید لەوە دەکاتەوە کە ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی
تورکیا لە ڕوی دەستورییەوە دەزگایەکی یاسادانانە و ناتوانرێت دەسەڵاتی یاسادانان
بگوازرێتەوە بۆ دەستە، کەسێک یان دامەزراوەیەکی دیکە. ئەمەش بەو مانایەیە کە دەسەڵاتی
یاسادانان تەنها لە لایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیاوە، بەپێی بنەمای جیاکردنەوەی
دەسەڵاتەکان، مومارەسە دەکرێت.
ــ لێرەدا ئەم مادەیە زوڵم و زۆردارێکی زۆری بەرامبەر بە هەر نەتەوە
و پارتێکی غەیرە تورک کردوە لە تورکیا چونکە دەسەڵاتی یاسادانانی بۆ نەتەوەی تورک
قۆرغ و تاپۆ کردوە و کورد و هەر نەتەوەیەکی تریشی لەم مافە بێبەشکردوە. بەهەمان شێوە
ئەم دەستورە دەسەڵاتی دادوەری لەمادەی نۆیەم بۆ نەتەوەی تورک داناوە و هەمو ڕەگەزێکی
تر لێی بێبەشکراوە.
مادەی ١٤ - باس لە خراپ بەکارهێنان لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان،
کە ئەم مادەیە دژی گەلی کوردە تاوەکو داوای مافی سەربەخۆی و جیابونەوە نەکەن، نەک
زیاتر مەبەستی ئەوەبێت کە ماف و ئازادییەکان پارێزراو بکات.
دەقی مادەی ١٤ی دەستورەکە بەم شێوەیە:
أ-هیچ کام لەو ماف و ئازادیانەی کە لە دەستوردا هاتوە، ناتوانرێت لە چالاکییەکانــ*[3] کە ئامانجیان تێکدانی یەکپارچەیی دابەشنەکراوی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ خاک و نەتەوەکەی، خستنە مەترسی بونی دەوڵەتی تورک و کۆمار، دەوڵەت لەسەریەتی هێزی خۆی بۆ هەر کەسێک بەکار بهێنێت کە دەیەوێت ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تورکیا بەکاربهێنرێت، یان نەهێشتنی هەر مەبەستێکی تر کە لە دەستوردا دیاری کراوە.
ب-هیچ کام لەو ماف و ئازادییانەی کە لە دەستوردا هاتوە ناتوانرێت وەک سنوردارکردن لێکبدرێتەوە کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەو پابەندبونانەی کە لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە سەرهەڵدەدەن کە پێشبینی بەکارهێنانیان بۆ ئەم مەبەستانە دەکەن.
ــ کورد لێرەدا ناتوانێت هیچ ناڕەزایەتێک دەرببڕێت بەرامبەر بەم
مادەیە چونکە مادەکە ڕونی کردۆتەوە کە ئەمە سنورداکردن نییە بەڵکو پێشێلکردنی مافەکانی
دەوڵەتی تورکە و کەس نابێت دەست بۆ پیرۆزی یەکپارچەیی ببات!
مادەی ٢٨ی دەستوری کۆماری، ئازادی ڕۆژنامەگەری ڕێکدەخات و باس لەوە
دەکات کە ڕۆژنامەگەری ئازادە و ناتوانرێت سانسۆر بکرێت.
ــ بەڵام هەر لەم دەستورەدا هاتوە چاپەمەنی تەنها و تەنها دەبێت
بە زمانی تورکی بێت و هەمو زمانێکی تر بێبەشکراوە لەوەی بەزمانی کوردی یان هەر
زمانێکی تر چاپ و بڵاوکردنەوەی هەبێت چونکە زمانی دەوڵەت زمانی تورکیە.
مادەی ٧٦ی دەستوری تورکیا دەڵێت: ئەو کەسانەی وەک ئەندامی ئەنجومەنی
نیشتمانیی تورکیا هەڵدەبژێردرێن، دەبێت هاوڵاتی تورکیا بن...هتد.
ــ ئەمەش واتای ئەوە دەدات کە هەرکەسێک بیەوێت خۆ بپاڵێوێت بۆ ئەو
پۆستە پێویستە هاوڵاتی تورکیابێت و لەژێر ناوی تورک خۆی کاندیدبکات نەک هیچ نەتەوەیەکی
تر کە دانی پێدانەنراوە.
ئەم دەستورە میراتی حکومێکی سەربازییە کە ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی
ڕێکخستوە... گۆڕان یان هەڵوەشاندنەوەی دەستوری ساڵی ١٩٨٢ تورکیا دەتوانێت
هەنگاوێکی زۆر فراوان و جدی بێت بۆ ئەوەی کورد بەشێوەیەکی کاریگەرتر بە مافەکانی
خۆی بگات. بەڵام پێویستە لەسەر کوردان بەگشتی و سیاسەتمەدارانی کورد بەتایبەتی هیچ
ڕێکەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نەکەن بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی ئەم دەستورە نەبێت
بۆ دەستورێکی تازەتر کە گشت مافە فەرهەنگی و کلتوری و نەتەوەیی و پەروەردەیی...هتد
تیایدا دابین کرابێت.
پەراوێزەكان:
[1] ــ *ئاسمیلەکردن- الئیستیعاب، لەبنەڕەتدا
وشەیەکی فەڕەنسیە پاشان بۆتە ئینگلیزی و دواتر تورکیش لە ئینگلیزی وەرگرتوە کردویەتیه
اسمیلاسیۆن کوردیش لە تورکی وەرگرتوە تاوەکو بۆتە ئاسمیلەکردن، بەکوردی واتا توانەوە
یان تێکەڵکردنێکی نەتەوایەتی، بۆ نمونە لە لەخواروی عێراق و ناوەڕاست عەرەبیان دەهێنا
و لەکەرکوک جێگیریان دەکرد تاوەکو ڕێژەی کورد لە کەرکوک کەم بێتەوە بەرامبەر بە عەرەب،
واتا کورد هەر لە شوێنی خۆی بێت بەڵام عەرەبیش تێکەڵیان ببێت، بەکورتی واتا توانەوە
لەناو یەکتردا. ئەم نمونەیە بۆ ئەم سەردەمەی تورکیا لەژێر دەستوری ١٩٦١دا گونجاوە.
[2] ــ*کەنان ئێڤرێن لە نێوان ساڵانی ١٩٧٨ بۆ
١٩٨٣ وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتی کۆماری تورکیا کاری کردوە. دواتر بە حەوتەم سەرۆکی
تورکیا هەڵبژێردراوە لە نێوان ١٩٨٢ بۆ ١٩٨٩.
[3] *(مەبەستی هەوڵدانی کورد و نەتەوەکانی ترە بۆ
داواکاردنی ماف و ئازادییە سیاسییەکانی...هتد.)
53 جار خوێندراوەتەوە