ئێران ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەكەی (7ـی ئۆكتۆبەری 2023)ـی بزوتنەوەی حەماس
نەبوە بۆ سەر ئیسرائیل، بۆیە توشی سەرسوڕمان و شۆك بون.
هەواڵ: (KNNC)
محەمەد جەواد زەریفی، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی
ئاشكرایكرد، وڵاتەکەی ئاگاداری ئۆپەراسیۆنەكەی بزوتنەوەی حەماس نەبوە بۆ سەر
ئیسرائیل بۆیە لەو كاتەدا توشی سەرسوڕمان و شۆک بون.
لە وتارەكەیدا كەلە کۆڕبەندی ئابوری جیهانی لە داڤۆسی پایتەختی سویسرا
پێشكەشی كردوە وتوشیەتی: تا ئەو كاتەی داگیركاری بەردەوام بێت، بەدڵنیاییەوە خەباتكردن بۆ روبەڕو بونەوەی داگیركەران بەردەوام دەبێت، هەروەك جەختی كردەوە كە
بزوتنەوەی حەماس و بەرگریكاران لە فەلەستین، فەرمان لە تاران وەرناگرن.
لەسەر هێرشكردنە سەر ئێران لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، راشیگەیاند: ئەو
چیرۆكەی باسی لەناوبردنی بەرگری ئاسمانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات، هەڵبەستراوە،
رەنگە لەرابردو ئامانجێكی ئاسان بوبن، بەڵام ئێستا تاران و سوپاكەی لاواز نییە.
جێگری سەرۆكی ئێران هیوای خواست كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، لە
مامەڵەكردنی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران، عەقڵانیەت هەڵبژێریت و بەشێوەیەكی جددی
ویستی هەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چونكە وڵاتەكەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی
نەداوە و ناشبێت بە مەترسی بۆسەر جیهان.
هەفتەی پێشو، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبو: بۆ
دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا
لە هەوڵەکانیان (جددی)ـن.
لەخولی پێشوی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا، گرژییەکان لەسەر بەرنامەی
ئەتۆمی ئێران زیاتربون بەشێوەیەك كە ئەمەریكا لە ساڵی (2018)ـدا تاکلایەنە لە رێککەوتنەکە
کشایەوە و سزاكانی بەسەر ئێراندا توندتر كردەوە، ئەوەش زیانی گەورەی بەئابوری ئەو
ولاتە گەیاند.
2612 جار خوێندراوەتەوە