هەسەدە وەڵامی وەزیری بەرگری سوریای دایەوە: بەزۆر چەک دانانێن

KNN : Kurdish News Network
10:29 - 22/01/2025
جیهان
+
-

جێگری وتەبێژی هەسەدە، لە وەڵامی وەزیری بەرگری سوریادا کە وتبوی پێویست بکات هێز بەکاردەهێنین دژیان، وتویەتی بە زۆر چەک دانانێین و ئەگەر ناچار نەبین پەنا نابەین بۆ چەکەکانمان.

هەواڵ:KNNC

ئەمرۆ چوارشەممە، جێگری وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، سائیل زەوباع  بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاندوە؛ لە خولی یەکەمی دانوسانەکانیان لەگەڵ  ئیدارەی سوریای نوێدا ئەرێنییە بوە و لە چاوەڕوانی خولی دوەمی دانوساندنەکانن.


ئەو بەرپرسەی هەسەدە وتوشیەتی ڕەنگە بانگهێشتی ئەحمەد شەرع بکەن بۆ ئەوەی لە دوەم دانیشتنی دانوساندنەکاندا بەشداربێت و سەردانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات.


لەبارەی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی سوریاوە، کە وتبوی ئەگەر پێویست بکات بەرامبەر هەسەدە چەک بەکار دەهێنن، وتیەتی؛ "ئێمە بە زۆر چەک دانانێن، و پەنا بۆ چەکەکانمان نابەین، تا ئەوکاتەی هێز لە دژی ئێمە بەکارنەهێنن"

 

مەزڵوم عەبدی فەرماندەى گشتیی هەسەدەش پێشتر رایگەیاندبو، کە هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ هەڵوەشاندنەوەى هێزەکانیان، بەڵام لەگەڵ پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتودان.

ئەمە لەکاتێکدایە، مەرهەف ئەبو قەسرە- وەزیری بەرگری سوریا لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا جەختی لەسەر هەڵوەشانەوەی سەرجەم گروپە چەکدارەکانی سوریا و تێکەڵکردنیان بەسوپایەکی یەکگرتو کردەوە و رایگەیاند: دەرگای دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات کراوەیە و ئەگەر پێویستیش بکات ئەوا هێز لەدژی هەسەدە بەکار دەهێنن.

1240 جار خوێندراوەتەوە