وەزارەتى دارایی عێراق رونکردنەوەیەکى لەبارەى
هۆکارى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بڵاوکردەوە و دەڵێت: هیچ پەیوەندییەکى
بە ئێمەوە نییە و بەشێکى پەیوەندیی بە جیانەکردنەوەى ئەو ناوانە هەیە کە خانەنشین
بون لە لیستى موچە.
هەواڵ:KNNC
وەزارەتەکە لە رونکردنەوەکەیدا ئاماژەى بۆ
ئەوەکردوە کە تەوتینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم مەرجى سەرەکى بڕیارەکەى دادگاى
فیدراڵییە بۆ ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم 30 رۆژ جارێک کە مافێکى دەستورییە.
رونکردنەوەکەى وەزارەتى دارایی عێراق لە چەند
خاڵێکدا:
-بە پیشەییەوە کار لەسەر مەلەفى موچەخۆرانى
هەرێمى کوردستان دەکەین، هەمان ئەو مامەڵەیەیە کە لەگەڵ وەزارەت و پارێزگاکانى دیکە
ئەنجام دەدرێت و لەگەڵ هەرێمى کوردستانیش ئەنجامى دەدەین.
-دوبارەى دەکەینەوە، دواکەوتنى موچەى فەرمانبەرانى
هەرێم هیچ پەیوەندییەکى بە وەزارەتى دارایی عێراقەوە نییە، چونکە زیاتر لە ساڵێکە
دەمانەوێت بڕیارى دادگاى فیدراڵى جێبەجێ بکەین.
-تا ئێستا هەرێمى کوردستان هیچ داتایەکى
تایبەت بە تەوتینى موچەى فەرمانبەرانى رادەست نەکردوین، لە سەرجەم بانکەکان نەک تەنها
لە بانکى حکومییەوە ئەویش بەپێی بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى کە فەرمانبەرانى هەرێم وەک
فەرمانبەرانى دیکەى دەوڵەت هەژمار کردوە و وەزارەتەکەشمان پێوەى پابەندە.
-هۆکارى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم
جیانەکردنەوەى ناوى ئەو فەرمانبەرانەیە کە ناویان نێردراوە بۆ خانەنشین بون و بۆ
چارەسەرى ئەو کێشەیە و دوانەکەوتنى موچەش ئێمە تیمێکمان نارد و زیاتر لە 10 رۆژە لە
هەرێمى کوردستان کار دەکەن تا بەخێرایی کارەکان ئەنجام بدەن.
-هۆکارێکى دیکەى دواکەوتنى موچە ئەوەیە
هەرێمى کوردستان بەشێک لە هێزەکانى پێشمەرگەى سەربە وەزارەتى بەرگرى عێراقى دابڕاندوە و لەسەر پشکى هەرێمى کوردستان موچەکانیان دەدات، ئەمەش بوەتەهۆى کورتهێنانى
لە موچە، چونکە ئەم بەشەر لە ئەندامانى وەزارەتى پێشمەرگە ماوەى دوو ساڵە دەبو موچەکانیان
لەلایەن وەزارەتى بەرگرى عێراقەوە بدرێت.
-هەرێمى کوردستان دەبێت ناوى ئەو کەسانەمان
بداتێ کە زیاتر لە موچەیەکیان هەیە بەپێی یاساکانى هەرێم و کۆپیەکى یاساکەى هەرێمیشى
لەگەڵ بنێرێت، چونکە هەمو مانگێک هەمان ئەو
کێشانە رودەدەنەوە.
-تەوتین مەرجى سەرەکییە بۆ جێبەجێکردنى
بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى و ناکرێت پشت بە لیست ببەسترێت تا گەرەنتى ناردنى موچە
بکرێت هەمو مانگێک کە ئەوە مافێکە دەستور بەخشیویەتە هەمو فەرمانبەرێک.
-میزان موراجەعەى مانگى 12ـى ساڵى 2024
تا ئێستا تەواو نەبوە بەهۆى هەندێک هەڵەوە و ئێستا لیژنەکەمان لە هەرێمى کوردستان
سەرقاڵى چارەسەرکردنین.
781 جار خوێندراوەتەوە