میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە،
شەش برا و شەش خوشک بەیەک ئاهەنگی سادە و خنجیلانە پێکەوە چونەتە پرۆسەی
هاوسەرگیرییەوە
ڕاپۆرت:KNNC
دوای زیاتر لە ساڵێک لە پلاندانان
بۆ ئەوەی خۆیان لە "خەرجییەکی زۆر" بەدور بگرن، شەش برا لە ویلایەتی
پەنجابی لە پاکستان، لە یەک ئاهەنگدا دەستی خەزوریان ماچ دەکەن، بەڵێنیشی پێدەدەن
ببنە زاوایەکی باش بۆ خەزوریان و پیاوێکی باشیش بۆ کچەکانی.
میدیاکانی پاکستان باس لەوە دەکەن
کە ئەم ئاهەنگە هاوسەرگیرییە بەبێ مارەیی و بەبێ هیچ خەرجیەکی زیادەڕۆیی
بەڕێوەچوە، ژمارەی بەشداربوەکانیش 100 کەس زیاتر بون.
ئەو برایانە زیاتر لە ساڵێک بو پلانیان
بۆ ئاهەنگەکەیان دانابو بۆ ئەوەی برا بچوکەکەیان تەمەنی بگاتە سنوری ژنهێنان و
هەمویان پێکەوە هاوسەرگیری بکەن، ئەویش بەمەبەستی ئەوەی تێچوەکەی کەمتربێت و زیادەڕۆی
نەکەن لە ئاهەنگەکەیاندا.
نەمانویست زیادەڕۆیبکەین لە خەرجیدا
زاواکان بە میدیای وڵاتەکەیان وتوە،
مەرج نییە خەرجی زۆر بێت، گرنگ ئەوەیە پرۆسەکە سەرکەوتوبێت و ویستویان
ئاهەنگەکەیان خنجیلانەبێت، زیادەڕۆی نەکەن و خۆیان بە دور بگرن لە تێچوی زۆر،
وتوشیانە؛ دینی ئیسلامیش جەخت لەوە دەکاتەوە پرۆسەی هاوسەرگیری تا ئاسانتر و
سادەتر بێت بەرەکەتدارتر و باشترە
برا گەورەکەیان دەڵێت: "ئێمە
تێبینیمان کرد کە خەڵک زۆرجار زەویەکانیان دەفرۆشن یان قەرز وەردەگرن بۆ
دابینکردنی خەرجییەکانی هاوسەرگیری، ئێمەش ویستمان نیشانی بدەین کە هاوسەرگیری
دەتوانێت شادی و مانادار بێت بەبێ ئەوەی ببێتە بارگرانی دارایی بۆ خێزانەکان".
وتوشیانە، ئامانجمان بوە نیشانی
بدەین که هاوسەرگیری، دەکرێت ئاسانتر بێت لەوەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ڕودەدات، ئەویش
بە دورکەوتنەوە لە نەریتە باوەکان و دوانەکەوتنی مۆدێلی ئێستا، کە پرۆسەی
هاوسەرگیرییان قورس کردوە.
شایانی باسە لەم مەراسیمەدا زاواکان
هیچ مارەییکی بوکەکانیان نەکردوە، لەسەر ئەوە ڕێکەوتون بێ مارەیی بێت، ئەم ئاهەنگە
خنجیلانە کە شەش ماڵی لێ دروست دەبێت دەنگداناوەی ناوخۆی وڵاتەکەی لێکەوتوەتەوە و
بوتە ڕۆژەڤ لە میدیاکانی وڵاتەکەدا.
117 جار خوێندراوەتەوە