تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی دەستی حزبوڵا... سەرکەوتن بو یاخود شکست؟

KNN : Kurdish News Network
09:53 - 07/02/2025
ڕاپۆرت
+
-

ماجەرای پەیجەرکان بەردەوامی هەیە، دوای نزیکەی پێنج مانگ لە روداوی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی دەستی ئەندامانی حزبوڵا، وەزیری بەرگری پێشوی ئیسرائیل، چەند زانیارییەکی نوێ لەسەر ئەو روداوە ئاشکرا دەکات و هێرشی توندیش دەکاتە سەر سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی.

ڕاپۆرت:KNNC
 
تەقاندنەوەی پەیجەرەکان و کوشتنی دەیان کەس و برینداربونی هەزاران کەسی دیکە، روداوێکی کەم وێنە و هێرشێکی دەگمەنی ئیسرائیل بو بۆ سەر حزبوڵای لوبان، هەر زو کاردانەوەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و  دوای نزیکەی دوو مانگ لە ڕوداوەکەش نەتانیاهۆ بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە ئەوان لە پشت روداوەکەوە بون و بە بڕیاری راستەوخۆی ئەو ئەنجام دراوە.

پەیجەرە زێرینەکەی ترەمپ کێشەی ناوەتەوە



بە پێشکەشکردنی پەیجەرێکی زێڕین، بە ترەمپ  و باسکردن لە سەرکەوتنیان لەو ئۆپراسیۆنەدا، جارێکی دیکە باسوخواسی روداوەکە هاتە ئاراوە؛ یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشوی ئیسرائیل،  هێرشی توندی کردە سەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و  چەند نهێنییەکی دیکەی لەسەر پەیجەرەکانی حزبوڵا بۆ میدیای وڵاتەکەی خستوەتە ڕو، ناوبراو  نەتانیاهۆی بە کەمتەرخەم و ترسنۆک وەسفکردوە و وتویەتی ئەگەر کاتی تەقینەوەی پەیجەرەکانی دوا نەخستایە، زیاتر لە 1000 ئەندامی حزبوڵامان دەکوشت.

گالانت کە لە مانگی یانزەی ساڵی رابردودا، لەلایەن نەتانیاهۆوە لە کارەکەی دورخرایەوە، لە یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا لە گەڵ میدیا وڵاتەکەی  ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل دەرفەتێکی گرنگی بەفیڕۆدا بۆ لێدانی حزبوڵا و لە ناوبردنی بۆ هەمیشەیی لە سەرەتای شەڕەکەدا.

ئەو بەرپرسەی پێشوی ئیسرائیل جەختی کردوەتەوە؛ ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی دەستی ئەندامانی حزبوڵا، کە  مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردو ئەنجامدرا،  دەکرا تەنها چەند ڕۆژێک دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرایە و بۆ ئەو دوا خستنەش نەتانیاهۆی بە کەمتەرخم زانیوە، ئەم لێدوانانەش بە ڕونی پێچەوانەی لێدوانەکانی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلە، لە بارەی ئۆپراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانەوە.

گالانت باسی لەوە کردوە، بە دواکەوتنی زیاتر لە ساڵێک لە جێبەجێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە، زۆربەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە کۆگادا بون و تەقینەوەکەیان ئەو ئامانجەی نەپێکا کە ویستی ئەوان بوە.

بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەم قسانە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ـی وڵاتەکەی، لێدوانەکانی گالانتی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، دواخستنی ئۆپەراسیۆنەکە پێویست بوە و بە پلان ئەو کارەیان کردوە.

 لە یەک کاتدا شەڕی حەماس و حزبوڵامان بکردایە دەدۆڕاین


لەوەڵامی لێدوانەکانی گالانت، نەتانیاهۆ  بە میدیا وڵاتەکەی راگەیاندوە؛ ئەگەر ئەو کاتەی گالانت دەیڵێت ئۆپەراسیۆنەکەمان ئەنجامبدایە،لە باشترین ئەگەردا 150 پەیجەر دەتەقییەوە، لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا کەمترین پەیجەر بەدەستی ئەندامانی حزبوڵاوە بوە،  بەراورد بەو هەزاران پەیجەرەی کە بەدەستی ئەندامانی حزبوڵاوە بو لەو کاتەی  ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدرا.

گالانت بە خێرایی ئەم لێدوانانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند؛ ئەوەی نەتانیاهۆ دەیڵێت هیچ راست نییە، پەیجەرەکان تا مانگی تشرینی یەکەمی 2023 بە شێوەیەکی بەرفراوان لە نێوان ئەندامانی حزبوڵادا دابەشکرابون و بەکاردەهێنراون.

جەختیکردوەتەوە کە "ئۆپەراسیۆنی پەیجەرەکان ساڵانێک پێش جەنگ ئامادەکرابو و لە رۆژی  11ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 شەوە ئامادەبو بۆ چالاککردن".


 بنیامین ناتانیاهۆ بۆ ئەمەش وەڵامی وەزیرەکەی پێشوی داوەتەوە و  ڕایگەیاندوە، چەند رۆژێک دوای هێرشە لەناکاوەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر، ئەگەر بە ویستی گالاندمان بکردایە و هێرشمان بۆ سەر حزبوڵا دەستپێبکردایە ئەوا دەکەوتینە  "هەڵەیەکی گەورە و ترسناکەوە".

وتوشیەتی دوای هێرشەکی حەماس، شەڕکردن لە دوو بەردەدا بۆ ئێمە  قورس بو، ئەگەری شکستمان زیاتر بو تا بردنەوە، بۆیە  "پێمباش بو پێش ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ حزبوڵادا بکەومە جەنگەوە ، سەرەتا مامەڵە لەگەڵ حەماس بکەم".

گالانت و نەتانیاهۆ بۆ یەکتری تۆمەتبار دەکەن؟


ململانێ و ناکۆکییەکانی سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشوی بەرگری ئیسرائیل،  لەسەر کاتی تەقاندنەوەی پەیجەرەکان، لە دوای ڕاپۆرتە تایبەتەکانی ڕۆژنامەی (ئۆرشيلیم پۆست)ـوە  پەرەی سەند.

لە ڕاپۆرتی ئەو رۆژنامە ئیسرائیلیەدا هاتوە؛ ئەگەر ئۆپەراسیۆنی پەیجەرەکان ڕاستەوخۆ دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرایە، لانیکەم 15 هەزار لە ئەندامانی حزبوڵا دەکوژران و ڕەنگە پێش دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حزبوڵا،  کۆتایی  بە حزبوڵا بهاتایە.

پێشتریش دوو بریکاری مۆساد قسەکانی وەزیری بەرگری ئیسرائیلییان پشتراستکردبوەوە و بە میدیای وڵاتەکەیان ڕاگەیاند بو؛ کە ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەرەکان 10 ساڵ لەمەوبەر، پلانی بۆ دانراوە بە دانانی تەقەمەنی لە ئامێرەکانی واکی تۆکیدا ، ئەو ئامێرانەی حزبوڵا بەکاری دەهێنا و  بێ ئاگا بو لەوەی ئەوەی ئامێرەکانی پێدەفرۆشێت ئیسرائیلە.

تەقاندنەوەی پەیجەرەکان بڕیارێکی مێژوی بو


ڕۆژی پێنجشەمم، نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی و کۆبونەوەی لەگەڵ ترەمپدا، پەیجەرێکی زێڕینی بە دیاری بەخشی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەگرتوەکانی ئەمەریکا، کە ئاماژەیە بۆ ئەو ئۆپراسیۆنەی ئیسرائیل دژی حزبوڵا ئەنجامیدا، لەو تابلۆیەی پەیجەرەکەی لەسەرە  سوپاسی ترەمپ کراوە و  نوسراوە " پێشکەش بە باشترین هاوڕێ و گەورەترین هاوپەیمانمان".

لە دوای وەرگرتنی دیارییەکە، ترەمپیش وتویەتی، "ئەوە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بو".

دوای بڵاوبونەوەی وێنەی پەیجەرە زێرێنەکە، نوسینگەی نەتانیاهۆ ڕایگەیاند؛ پەیجەری زێڕین "نیشانەی  بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانە کە بوە هۆی گۆڕانکاری لە شەڕەکەدا و خاڵی دەستپێکی شکاندنی حزبوڵا"

 لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە؛ ئەو ئۆپەراسیۆنە ستراتیجیە گوزارشت لە دەسەڵات و باڵادەستی تەکنەلۆژی و هێزی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات بەرامبەر بە دوژمنەکانی.


تەقاندنەوەی پەیجەرەکان



دوا نیوەرۆی رۆژی سێشەممە  15ی 9، ساڵی 2024، لە روداوێکی دەگمەن و پێشهاتێکی نوێدا زنجیرەیەک تەقینەوە لە پەیجەرەکانی حزبوڵای لوبنان رویداو و بەهۆیەوە 37 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی چوار هەزاری تریش بریندار بون، روداوەکە هەر زو بوە رۆژەڤی میدیا جیهانییەکان و  کاردانەوەی ناوخۆی، هەرێمی و نێودەوڵەتیشی لێکەوتەوە.

حزبوڵای لوبنانیش هێرشەکەی بە درندانە و دژە مرۆڤایەتی لە قەڵەمدا، بەهۆی تەقەینەوەی پەیجەرەکانیشەوە جگە لە ئەندامانی حزبوڵا چەندین کەسی دیکەی مەدەنیش بون بە قوربانی .

لە کۆتایدا، سەرەڕای رەخنەکانی وەزیری پێشوی بەرگری ئیسرائیل لەسەر نەتانیاهۆ، بەڵام تەقاندنەوەی پەیجەرەکان گورزێکی کوشندەی لە حزبوڵا دا،  هەر ئەو کات تەقینەوەی پەیجەرەکان و زۆری ژمارەی قوربانییەکان وایکرد بە ئاشکرا حزبوڵای لوبنان ڕایبگەیەنێت؛ ئەو ڕوداوە گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنیی بوە کە کراوەتە سەریان.


ڕاپۆرت - بڵند عەبدلکەریم

1262 جار خوێندراوەتەوە