دەنگۆی نزیکبونەوەی ئێران لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بوە بە باسوخواستی کۆنفڕانسە جیهانییەکان و ویردی سەرزمانی سەرکردەکانی جیهان، سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم جیهان ئاگاداردەکاتەوە لە کەمترین کاتدا؛ تاران دەبێت بە خاوەنی شەش بۆمبی ئەتۆمی
ڕاپۆرت:KNNC
ئێران خۆی نەبێت هەموان هاوڕان، وڵاتەکە لە هەموکات نزیکترە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و جگە لەهەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، هەڵوێستە دژبەیەکەکانی ئەم دوایەی نێوان عەلی خامنەیی، ڕابەری شۆرشی ئیسلامی و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، هەردو وڵاتی خستوەتە سەر ئاڕاستەی پێکدادان.
ئەگەر چی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا بە ئاشکرا وتی؛ کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نیازی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نییە، بەڵام ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێت؛ ئێران تەنیا چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بڕە یۆرانیۆمەی کە پێویستە بۆ بەدەستهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆم.
ئێران لەهەموکات نزیکترە لە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم
سەرەڕای سزا و ئابڵوقە ئابوری و سەربازییەکان لەسەر وڵاتەکە بۆ گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی، ئێران لەهەوڵەکانی بەردەوامە و لە هەموکاتێکیش نزیکترە، بۆ ئەوەی ببێت بە 10 یەمین وڵات کە خاوەن ئەو بۆمبە مەترسیدار و وێرانکەرە بێت.
ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، 14ی مانگی دوو لە کۆبونەوەی مینیخ، بەگوێی جیهانیدا دا، کە ئێران بەخێرای ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاد کردوە، هۆشداریشیدا لەوەی دەرفەتەکان بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوەکی خەریکە کۆتایی دێت.
ئەو بەرپرسە جەختی کردەوە لەوەی سەرەڕای دژایەتی بەربڵاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام حکومەتی تاران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی 60٪، بەمەش ئێران تاکە وڵاتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی نەبێت و گەشتبێتە ئەو ئاستە لەبەرهەمهێنانی یۆرانیۆم، ڕافائیل گرۆس ڕاشیگەیاند زانیاریان هەیە لە ئێستاشدا نزیک بوەتەوە لە پیتاندنی90٪ کە ئەو بڕەش پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی و بەپێی پێوەرەکانی ئاژانسەکە، بەسە بۆ بەرهەمهێنانی شەش بۆمبی ئەتۆمی.
ترەمپ بەردەوامە لە هەڕەشەکانی
ترەمپ، کە لە ساڵی 2018 دا و تاکلایەنە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە، ئەمساڵیش تەنها دوای نزیکەی دو هەفتە لە دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی ئەمەریکا گوشارە توندەکانی بۆسەر ئەو وڵاتە دەستپێکرد و فەرمانێکى واژۆ کرد، بەناونیشانی "ئەو پەڕی گوشار" بۆ سەر ئێران، کە تێیدا ڕێگری دەکات لەوەی ئێران بتوانێت ببێت بەخاوەنی چەکی ئەتۆمی.
پێشتریش سەرۆکی ئەمەریکا بە فەرمی نامەیەکی گەیاندبوە بەرپرسانی ئێران و داوای لێکردبون بۆ ئەوەی پارێزراوبن و نەکرێنە ئامانج، واز لە بەرنامەی ئەتۆمی و پەرەپێدانی موشەکی بهێنن و وڵاتەکەیان لە چەک دابماڵن، جەختی کردبوەوە هیوا خوازە لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەو پرسە چارەسە بکات، نەک بە زمانی شەڕ و بۆمبارانکردن، کە هەردو بژاردەکە لەبەردەم ترەمپدان و پەیوەستە بە وەڵامدانەوەی ئێرانەوە بۆ پەیامەکەی، ترەمپ گەشبینە و پێشی وایە ئێران ترساون و ئامادەن بۆ گفتوگۆ.
وەڵامی ئێران بۆ ئەمەریکا ئەرێنی نییە
ئەگەرچی چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران ئامادەییان دەربڕی بو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام عەلی خامنەیی، رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران و دەسەڵاتداری یەکەمی وڵاتەکە ئەوەی ڕەتکردەوە و وەڵامەکەی بۆ ترەمپ ئەرێنی نییە و هەڕەشە ئامێزە، خامنەیی بە سوپای ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاندبو، ئەزمون سەلماندویەتی کە دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا، نە حەکیمانەیە و نە ئاقڵانییە.
ئاماژەی بەوەشدا بو، ئەو کارە هیچ کاتێک كێشەكانی وڵاتەكەی چارەسەر ناكات، وڵاتێكیش ویستی هێرشكردنە سەر ئێرانی هەبێت، لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاسایشی وڵاتەكەی بەئامانج دەگیرێت، "لە ئێستادا هێندە پێشکەوتوین دوژمن لە بەرپەرچدانەوەمان دەترسێت" عەلی خامنەی ئەمەشی لەکاتی تاقیکردنەوەی نوێترین موشەکی بالیسیتی وڵاتەکەیدا وت.
لەلای خۆیەوە سەرۆک کۆماریش، مەسعود پزیشکیان، ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی هەمو ڕێگەیەکیان لێ دەگرێت و دواتریش دەڵێت با بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەکان بکەین، ئەم کارەی ئەمەریکای بە نالۆژیکی وەسفکردوە، لەبارەی هەڕەشەکانیش بۆ سەر وڵاتەکەی دەڵێت؛ ئەگەر ئەوان لە 100 پێگەی ئێمە بدەن ئێمە کۆڵنادەین و 1000پێگەی نوێ دروست دەکەینەوە.
ڕێککەوتن بە تامی شکست
دۆناڵد ترەمپ لە 10ی شوباتدا ڕایگەیاند بو، گومانی نییە لە ڕاگرتنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام بەکام ڕێگە ئەوە گرنگە، ئەو دو بژاردەی خستوەتە بەردەم تاران و بژاردەی سێیەم بونی نییە، ئەوانیش یان "بە بۆردومانکردن" یان بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک، کە بەتەواوەتی تاران لە چەک دەدامەڵێت و لە وڵاتێکی پڕ هەژمونەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیکاتە وڵاتێکی کارتۆنی.
ڕێکەوتنەکەی ترەمپ، و گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ بە مەرجی پێداگریە لە چەک داماڵینی ئێران کە خۆی لە وازهێنان لە موشەکی دورمەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لەهەموشی گرنگتر، وازهێنانە لە بەرنامە ئەتۆمییکانی ،ئەگەر نا بژاردەی دوەم هێرشی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر پێگەکانی تاران، لە هەردو بژاردەکەی ترەمپدا ئێران دۆخی باش نییە، دەبێت لە نێوان خراپ و خراپتر یەکیان هەڵبژێرێت.
ئێرانی لاواز... لەبەردەم دوڕیانێکی نەخوازراودا
لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردودا بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی و لە ناوبردن بەشێک لە جبەخانەکانی و تێكشکاندنی هێزی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە، بەتەواوەتی لاوازکردنی حزبوڵا و تەنانەت حەماسیش، پێگەی تاران بەتەواوەتی لاواز وە، داڕمانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، گورزێکی دیکە بو لە تاران درا و هاوسەنگی هێزی لە ناوچەکەدا گۆڕی، ئیسرائیلی بەهێز کرد و ئێرانیش لاواز بوە.
نیگەرانییەکی دیکەی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ئێران، تۆڕە بە وەکالەتەکان بو، کە شەڕیان بۆ تاران دەکرد، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە پشتی بە شێوازی پشتیوانیکردن و دامەزراندنی گروپە چەکدارە ناوچەیی و ناهەرێمییەکان بەستبو، بۆ ئەوەی ئامانجەکانی لە سەر ئاستی سەربازی و ئایدۆلۆژی لە تەواوی ئەو وڵاتانەی دەیوست جێبەجێ بکات، تا پێش شەڕی حەماس و ئیسرائیل ئێران سەرکەتو بو لەمەدا، لەوڕێگەیەوە تەواوی سیاسەت و مەرامەکانی خۆی جێبەجێدەکرد، بە جۆرێک دەستی لەناو تەواوی دەوڵەتەکانی چواردەوریدا هەبو، بەڵام لە دوای شەری غەززەوە، ئیسرائیل بە تەواوەتی ئەو تۆڕانەی لاواز کردوە، ئەو کارەی ئیسرائیل بوە هۆی لەناوبردنی پلانی دەیان ساڵەی ئێران لە ناوچەکەدا و لاوازبونی هەژمونی وڵاتەکەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش ئەو روداوە دڵخوازەیە کە ترەمپ دەیەوێت.
دوای بەدەستهێنانی دایکی بۆمبەکان، ئیسرائیلیش نیازی هێرشکردنی هەیە
لاواز بونی تاران لە ناوچەکەدا بوەتە دەرفەت بۆ ئیسرائیل و رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردوە؛ تەلەئبیب جدییە لەوەی ئەمساڵ و لە چوار مانگی داهاتودا هێرشى بەرفراوان بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانى ئێران ئەنجام بدات.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیو نەتانیاهۆ، سوێندی خوارد کە بە پاڵپشتی سەرۆک ترەمپ "کارەکە لە دژی ئێران تەواو دەکات "، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەتایبەت لەدوای ئەوەی ئیسرائیل "دایکی بۆمبەکان_ ـMK-84"ی لە ئەمەریکاوە بە واژوی ترەمپ بەدەست گەیشت.
دایکی بۆمبەکان کە چەکە دڵخوازەکەی نەتانیاهۆیە، لەلایەن جۆ بایدنەوە راگیرا بو کە بدرێت بە ئیسرائیل، بەڵام ترەمپ واژوی لەسەر ناردنی کرد و لە ئێستادا لە دەستی ئیسرائیلداییە و بۆ بەکارهێنانیشی گڵۆپی سەزی بۆ هەڵکراوە.
بەکارهێنانی ئەو بۆمبە دژی ئێران ئەگەرێکی کراوەیە؛ تایبەتمەندیەکانی و بەهێزییەکەی کە لە فڕۆکەی ئاسمانی دەبەسترێت و بەوێرانەکەر ناسراوە کارئاسانی دەکات بۆ ئیسرائیل، بەتایبەت بۆ بە ئامانجگرتنی ئەو پێگانە دروستکراون کە لە ژێر زەویدان، ئەمەش وادەکات پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانیش لەو بۆمبە پارێزراو نابن و لەکاتی بەکارهێنانیان دژی ئێران، ئەو بۆمبانە بەتەواوەتی مەرامی نەتانیاهۆ بهێننەدی.
ئاماژەکان چی دەڵێن... دەیگەیننە مریشکە ڕەشە؟
سەرەڕای هەڕەشەکانی خامنەیی و لێدوانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، کە بە ئاژانسی تەسنیمی وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە؛ تا فشارەکان بەردەوام بن، تاران ناگەرێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام ئێران لە نێوان دوبژاردەی هێرشکردنە سەری و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکردن، مەیلی زیاتر لە ڕێگەی دووەمە، تا ئەوەی هێرشی بکرێتە سەر.
ئەم مەیلەشی ناچارییە و زیاتر بۆ ئەوەیە بە کەمترین زیان لێی دەرچێت، لەلایەکی دیکەشەوە هەلی بەدەستهێنانی کات بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت، ئەوەی ئامانجیەتی بەدەستی بهێنێت.
بەو مانایەی درەنگ بەدەستهێنان باشترە لە بەدەستنەهێنان، ئەگەر نا لە هەڵبژاردەی شەڕکردندا، ئەوا راستەوخۆ پێگەکانی لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێنە ئامانج، بەمەش وڵاتەکە جگە لە زیانە سەربازییەکانی، ڕەنگە رەنجی چەند ساڵەیان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەدەست بچێت.
خودی ئەمەریکاش، بەتایبەت ترەمپ لە ئێستادا کەوتنی ئێرانی ناوێت، تەنها دەیەوێت کۆت و بەندی بکات و نەهێڵێت ببێتە هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕاوێژکاری ئاسیاشی ئەمەریکا، مایک والتز، بە کەناڵی فۆکس نیوزی راگەیاندوە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران هەمو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام یەکێک لەو بژاردانە دانوستانە.
ئەو ڕاوێژکارەی ئەمەریکا جەختی کردوەتەوە، ئەگەر تاران ئامادەبێت بەتەواوەتی دەستبەرداری بەرنامەکەی بێت و وەک ڕابردو یاری نەکات، ئەوا دانوستان باشترین چارەیە، لەبارەی ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە وتویەتی؛ دەتوانم گەرەنتی ئەوە بدەم کە کاتێک سەرۆک ترامپ دەڵێت؛ ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا بێ خەمبن و بە هەر ڕێگەیەک بێت ناهێڵێت تاران ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
خەونەکەی خامنەیی، هەر بە خەون دەمێنێتەوە؟
ڕوداو و پێشهاتە خێراکان ئەوەمان پێدەڵێن، سەرەرای ئەوەی تاران لە هەموکات نزیکترە لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی، بەڵام لەو هەوڵەیدا سەرکەوتو نابێت، دو بژاردەکەی بەردەم ئێران هیچیان ڕێگە بەوە نادەن، ئەگەر بیەوێت گفتوگۆ هەڵبژێرێت لە بری شەڕکردن دەبێت دەستبەرداری پڕۆسەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم و پلانی بەرنامە ئەتۆمییەکان ببێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر سور بێت لەسەر ئەو پلانە و مەرجەکەی ترەمپ قبوڵنەکات، ئەوا دامەزراوە ئەتۆمیی و سەربازییەکانی دەکرێنە ئامانج، ئەوکات جگە لەوەی زیانەکانی زیاتر دەبن، بەهەمان شێوە بێ بەش دەبێت لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ئەمە جگە لەوەی لە ئەگەری بون بە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە هاوکێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوەتی دەگۆڕدرێت، ئەوکات چەندین وڵاتی دیکەی وەک و تورکیا و سعودیەش دەکەونە ململانێی بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و ئاسیشی ناوچەکە بە تەواوەتی دەکەوێتە مەترسییەوە، هەر ئەمەش وادەکات هیچ کاتێک ئەمەریکا و ئەوروپا ڕێگە نەدەن ئێران ببێت بە دەیەم وڵاتی جیهان کە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی بێت.
ڕاپۆرت - بڵند عەبدولکەریم
1578 جار خوێندراوەتەوە