لە هاوسەری ئەندامێکی قاعیدەوە بۆ خانمی یەکەمی سوریا

KNN : Kurdish News Network
07:37 - 05/02/2025
ڕاپۆرت
+
-

کەمتر لە دوو مانگ پێش ئێستا، خێزانی یەکێک بو لە سەرکردە داواکراوەکان، کە لە جیهاندا بە تیرۆرست دەناسرا و ئێستا خانمی یەکەمی سوریایە، ئەو هاوکێشەیەی گەرچی باوەڕپێکراو نییە، بەڵام راستییە و ڕەنگە بۆ لەتیفا دروبی خۆشی نامۆ بێت.


ڕاپۆرت:KNNC

 


خانمە گەنجەکە دوای دەرکەوتنە چاوەڕوان نەکراوەکەی لە مەککە و کۆبونەوەی لەگەڵ خانمی یەکەمی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردودا، ئێستا ڕۆژەڤی میدیا جیهانییەکانە.

 


ئەو خانمە باڵا پۆشە، کە ناوی لەتیفا دروبییە و تاکە هاوسەری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێ و کاتی سوریایە، دوای دەرکەوتنی لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە ئێستادا؛ لە میدیا جیهانییەکاندا مشتومڕ لەسەر ژیانی گەرمە، ئەویش دوای ئەوەی لەتیفا شانبەشانی هاوسەرەکەی، لە مەراسیمی ئەنجامدانی عومرە لە شاری مەککە دەرکەوت و دواتریش لە ئەنقەرە وەک خانمی یەکەمی سوریا لەگەڵ ئامینە ئەردۆغان، هاوسەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبوەوە.



هەر زو وێنەکانی وەک خانمی یەکەمی سوریا لە میدیا جیهانییەکان بڵاوبونەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی وێنەی پێشوی ئەحمەد شەرع لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی، کە وەک ئەندامێکی پێشوی قاعیدە و خاوەن بۆچونێکی توندڕەوانە ناسێنراوە.‌


یاوەریکردنی هاوژینەکەی لەگەڵ شاندی باڵای سوریا لە گەشتێکدا بۆ سعودیە و سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا، تەنها دەرکەوتنێکی ئاسایی نەبو، ڕەنگە سەرەتایەک بێت بۆ چەند پەیامێکی جیاوازی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە و وەڵامێکیش بێت بۆ ئەو لایەنانەی بە توندڕە و دژە مافی ئافرەت تۆمەتباری دەکەن و وێنەیەکیش بێت بۆ نیشاندانی کەسایەتییەکی میانڕەو و بەرگریکاری شەرع لە مافی کەمینەکان و خودی ژنانیش.


لە ژیانی شاخ و خۆ حەشاردانەوە  بۆ خانمی یەکەمی سوریا


ئەحمەد شەرع کە پێشوتر یەکێک بوە لە ئەندامەکانی قاعیدە و ماوەیەکی زۆر لەو ڕێکخراوەدا بوە، کە بە تیرۆرست ناسێنراوە، دواتر دەبێتە سەرۆکی دەستەی تەحریر شام و لە جەنگدا دەبێت لەگەڵ حکومەتی سوریا.


بەمەش بەردەوام، خۆی و خێزانەکەی لە مەترسیدا دەبن و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عەرەبیە، باسی لە ژیانی تایبەتی خۆی و  خێزانەکەی کردوە و وتویەتی، زۆر جار بەهۆی هەلومەرجەوە، بۆ پاراستنی خۆیان، بە ناچاری  لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ناوچەیەکی دورە دەست و شاخاویی سوریا ژیانیان کردوە.

 


بە نزیکەی دو هەفتە پێش ئێستا، ئەحمەد شەرع بۆ یەکەمجار هاوسەرەکەی لەتیفا دروبی بە میوانەکانی ناساند، ئەویش لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ کۆمەڵێک ژن و ڕێکخراوی ژنان کە لەدەرەوەی سوریاوە گەڕابونەوە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبونەوە.

 


 لەو دیدارەدا، شەرع ڕایگەیاند، تەنها یەک هاوسەری هەیە و ئەویش لەتیفا دروبییە و دەنگۆی هەبونی چەند ژنێکیشی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە "بە قووڵی هاوسەرەکەی خۆشدەوێت".


لەتیفا دروبی کێیە؟


ئامادەبونی لەتیفا دروبی لە گۆڕەپانی گشتیدا، بوەتە هۆی وروژاندنی چەندین پرسیار لە ناوەوە و دەرەوەی سوریا، بەڵام زانیارییە کەسییەکان سەبارەت بە خێزانی ئەحمەد شەرع سنوردارە.

 


بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، لەتیفا دروبی لە ساڵی 1984 لەدایک بوە و  خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە زمان و ئەدەبی عەرەبیدا و دایکی سێ منداڵە.

 


بنەماڵەکەی کە بنەماڵەی دروبییە،  یەکێکن لە بنەماڵە بەناوبانگەکان و  بەڕەچەڵەک خەڵکی شاری قەریەتەین لە پارێزگای حومس و دەشوترێت؛ خوشکەکەشی هاوسەرگیری لەگەڵ ماهر محەمەد مەروان، والی ئێستای دیمەشقدا کردوە.

 

 

بنەماڵەی دروبی بنەماڵەیەکی ناسراو و دیارە لە سوریا و چەندین کەسایەتی بەناوبانگ هەیە لە بنەماڵەکەدا لە نێو کەسایەتییەکانی ئەم بنەماڵەیە شێخ عەبدولغەفار دروبی، قورئانخوێنێکی دیاری خەڵکی حومس بو، لە ساڵی 2009 لە شاری جددە کۆچی دوایی کردوە.

 


هەرچەندە خاتو دروبی پێشتر بەشداری چەندین کۆبونەوەی گشتیی کردوە، بەڵام بڵاوبونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی ئەم دواییەی سەرنجی جیهان بەلای خۆیدا ڕاکێشا ئەویش دوای دەرکەوتنی وەک خانمی یەکەمی سوریا.

 


چۆن باسی دەکەن؟


سەردانەکانی ئەم دواییەی خانمی یەکەمی حکومەتی کاتی سوریا، لەوانە دیدار لەگەڵ ڕەوەندی سوریا لە ئەمەریکا و یاوەریکردنی هاوسەرەکەی لە گەشتی عومرەدا، ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی ڕۆڵی ئەو خانمە لە کایەی گشتیدا.

 


ئەمە جگە لەوەی خانمی یەکەمی تورکیا بە گەرمی بەخێرهاتنی هاوسەری ئەحمەد شەرعی کردو راشیگەیاند؛ کە لە کۆبونەوکەدا  باس لە ژنانی سوریا و پەروەردە و ئایندەی وڵات کراوە.

 


ئامینە ئەردۆغان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی لەگەڵ هاوسەركەی شەرع بڵاوکردەوە و بە زمانی تورکی نوسیبوی، "زۆر دڵخۆش بوم بە میوانداری خاتو لەتیفا دروبی، خانمی یەکەمی سوریا، کە ئەمڕۆ سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتەکەمان ئەنجامدا"

 


ئاماژەی بەوەشکرد، دەرفەتمان بۆ ڕەخسا باسی زۆر بابەتی گرنگ بکەین، وەک هاوکاری مرۆیی، هاودەنگی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی ژنان و ڕۆڵی پەروەردە.

 


 لە دو هەفتەی ڕابردوشدا بەشداربوانی کۆبونەوەی ژنانی ڕەوەندی سوریا لەتیفایان بە "ژنێکی خوێندەوار و ڕەسەن و بەڕێز" وەسفکرد، ستایشی قسەخۆشی و ڕەفتاری ئارام و جل و بەرگی نەریتییان کرد.

 


عەبدولحافز شەرەف، ئەندامی هاوپەیمانی سوریا-ئەمەریکی بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە چاوپێکەوتنێکدا وتبوی ئەو خانمە بە جلوبەرگی ئاسایی ژنانی سوری پۆشتەوە دەرکەوتوە و بوەتە هۆی سەرنجڕاکێشانی بەتایبەتی بە زەردەخەنەکانی.

 


ریم ئەلبازم، چالاکوانێکی سورییە کە بەشداری کۆبونەوەکەی کردبو لەگەڵ خانمی یەکەمی سوریا، بە "میهرەبان، ئارام، جوان، متمانە بەخۆبون و خوێندەوار" وەسفی دەکات.

 

 

ئایا پێگەی خانمی یەکەم لەمەترسیدایە؟

 


روداوەکان و پێشهاتە خێراکان، چاوەڕواننەکراو بون، بەخێرای کەوتنی ئەسەد و نیشتنەوەی بازەکە بەسەر شانی ئەحمەد شەرع و هاتنە سەر دەسەڵات، لەتیفا دروبی، کە ڕەنگە بە خەونیش ئەوەی نەویستبێت؛ لە خاتونێکی داواکراوە کردە خانمی یەکەمی سوریا.

 


لە نوێترین لێدوانیدا ئەحمەد شەرع رایگەیاند، بۆ ئەوەی هەڵبژاردن  ئەنجام بدرێت پێویستیان بە چوار بۆ پێنج ساڵە، بەو مانایەی تا ئەو کاتە خۆی وەک سەرۆکی کاتی و هاوسەرەکەشی وەک خانمی یەکەم دەمێننەوە.


بۆ هەموان ڕونە ئەو شنەباییە لە سوریا هەڵیکردوە  بە ئاڕاستەی كەشتییەكەی ئەحەمەد شەرع و هاوسەرەکەیەتی، ئەوەی ڕون نییە و جێگەی پرسیارە ئەوەیە شنەباکە تاکەی بە خواستی شەرع دەبێت؟

 

 

ئاخۆ بازەکەی سەرشانی ئەحمەد شەرع کە هەفتەیەکە بەسەرشانییەوە نیشتوەتەوە، تاکەی بەردەوامی دەبێت؟

 


ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارانەش هەر پرسیار بێت؛ لەبەر ئەوەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایتییەکان و ململانێکان هێندە خێرا و زۆرن،  هەمو ئەگەرێک بەکراوەی دەهێڵنەوە.

 

ڕاپۆرت - بڵند عەبدولکەریم

3179 جار خوێندراوەتەوە