"لەسێ مانگی داهاتودا ئەمەریكا لە سوریا دەكشێتەوە"

KNN : Kurdish News Network
03:29 - 05/02/2025
جیهان
+
-

واشنتۆن پلانی داناوە لە ماوەی (90) رۆژدا تەواوی هێزە سەربازییەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە و بەرپرسانی سەربازی ئەو وڵاتەش هۆشداری لەسەر بەهێزبونەوەی داعش دەدەن.


هەواڵ: (KNNC)


دو بەرپرسی باڵای سەربازی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بۆ ئاژانسی (ABC NEWS)ـی ئەمەریكییان ئاشكرا كردوە، واشنتۆن پلانی داناوە لە ماوەی (90) رۆژدا تەواوی هێزە سەربازییەكانی لە سوریا بكشێنێتەوە.


لێدوانی ئەو دوبەرپرسە ئەمەریكییە لە كاتێكدایە، كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسە نزیكەكانی  خواستی خۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا دەربڕیوە، هەربۆیە پنتاگۆن پلانی بۆ ئەگەری جێبەجێکردنی خواستەكەی ترەمپ لەماوەی (30 بۆ 90) رۆژدا ئامادەكردوە.


هەینی رابردو، مایک والتز، راوێژکاری نوێی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا، سەردانی بارەگای فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکای لە فلۆریدا كردوە، لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی باڵای سەربازی وڵاتەكەی پێداچونەوەی بە پێشهاتەکانی  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردوە.


هاوكات، ئاژانسی (ABC NEWS) لێدوانێكی بەرپرسێكی دیكەی كۆشكی سپی بڵاوكردوەتەوە كە رەتی كردوەتوە  سەردانەکەی واڵتز پەیوەندی بە کەمکردنەوە و كشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا هەبوبێت، جەختیشی كردوەتەوە؛ ئامانجی سەردانەکە بۆ دەستکەوتنی وێنەیەکی گشتگیر بوە لە ناوچەکە.


لەسەر كشانەوەی هێزەكانیان، بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكا هۆشداری دەدەن لەوەی کە کشانەوە مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی لە زیندان و کەمپەکاندا دروستدەكات و دەبێتە هۆی بەهێزبونەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش، بەو جۆرەش چەکدارەکانی لە شوێنی خۆیدا جێگیر دەکاتەوە.


لە مانگی کانونی دوەمی ساڵی رابردو وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند: ژمارەی سەربازە ئەمەریکییەکان لە سوریا گەیشتوەتە نزیکەی دو هەزار سەرباز، كە ئەوەش دو هێندەی ئەو ژمارەیەبو كە پێشتر ئاشكرایكردبو.


وەزارەتەكە رونیشیكردبویەوە كە هەزار و (100) سەرباز بەشێوەیەكی كاتی لە سوریا جێگیركراون، بەڵام (900) سەربازەكەی دیكە بەشێوەیەكی هەمیشەیی لە ئەو وڵاتە جێگیركراون كە ئەركی سەرەكیان پاڵپشتی كردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ـیە بۆ لەناوبردنی داعش.

1320 جار خوێندراوەتەوە