لە کۆبونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران، دوو
راپۆرت پەسەندکران کە تایبەت بون بە پرسى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێم و رێککەوتنى
هەرێم و بەغداد تایبەت بە پرسى موچەى ساڵى 2025.
ئابورى:KNNC
پەیامنێرى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ ئەمڕۆ
ئەنجومەنى وەزیران لە کۆبونەوەکەیدا دوو راپۆرتى گرنگى پەسەندکردوە کە یەکێکیان
تایبەت بوە بە وەزارەتى سامانەسروشتییەکان و لەبارەى دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم
بوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە ئەنجومەنەکە
رێکارەکانى هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى پەسەند کردوە کە پێشتر لەلایەن ئەنجومەنى
نوێنەرانى عێراقەوە لە هەموارى یاساى بودجە پەسەندکرا.
بەپێی زانیارییەکانى بڕیار نامیق، پەیامنێرى کەى ئێن ئێن؛ راپۆرتێکى دیکەى
پەسەندکراوى ئەنجومەنەکە تایبەت بو بە کۆبونەوەکانى نێوان هەرێم و بەغداد کە لە
هەفتەى رابردو بەڕێوەچون، تێیدا بڕیارى گواستنەوەى سەرجەم خانەشینان بۆسەر
وەزارەتى دارایی هەرێم پەسەندکرا.
هەر بەپێی ئەم رێککەوتنە، ئەنجومەنى وەزیران
رێکخستنەوەى میلاکات و سیستمى نوێی پایارۆڵ بۆ ئامادەکردنى موچەى فەرمانبەرانى
هەرێمى پەسەند کرد.
937 جار خوێندراوەتەوە