ئەسما ئەسەد هاوسەری بەشار ئەسەد بێدەنگی شکاند و رایگەیاند، ئیتر کاتی ئەوە هاتوە چیرۆکەکە بگێرمەوە و لە داهاتوشدا هیچ دەستوەردانێک ناکەم.
هەواڵ:KNNC
ئەسما ئەسەد هاوسەری بەشار ئەسەد سەرۆکی لەکارلادراوی سوریا، لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆڕمی (X) بڵاویکردەوە نوسیویەتی،"دوای ماوەیەک لە بێدەنگی کاتی ئەوە هاتوە جارێکی دیکە دەستپێبکەینەوە، بۆیە با پێکەوە دەستپێبکەین".
دەشڵێت: " سوریا بە جوانی و بە مێژوییەکی دێرین لە دڵماندا دەمێنێتەوە، هیوای سەلامەتی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی سوریا دەخوازم، هیوادارم رۆژانی خۆش بگەڕێنەوە بۆ پڕکردنەوەی هەمو کومکورییەکان، نیشتمان هێزی نەشکاوە، هیوای سورییەکان هەرگیز کاڵ نابێتەوە، ئاڵنگارییەکان گرنگ نین، پێکەوە بە هێز و ئیرادەوە روبەڕوی داهاتو دەبینەوە".
ئەسما ئەسەد نوسیویشیەتی: " لە ساڵانی رابردو هەمیشە بێدەنگیم هەڵبژاردوە پەیوەست بە پرسە سیاسییەکان و لە داهاتوشدا هیچ بەشدارییەکم لەو بوارەدا نابێت، هیوادارم خەڵکی سوریا بە سەلامەتی و ئاشتی بژین، نیشتیمان شوێنێک نییە، بەڵکو هەستێکە لە دڵدا نیشتەجێیە، هەرچەندە دوربم لە سوریا، بەڵام وەک جوانترین چیرۆک دەمێنێتەوە".
باسی لەوەشکردوە، هەمو کەسێک رێگای خۆی هەیە، هەندێک رێگاش هەرگیز هەڵبژاردەی من نەبون، قۆناغگەلێک لە ژیاندا هەن هەرگیز ناسڕدرێنەوە و لەگەڵ یادەوەرییەکان گیردەخۆن.
5281 جار خوێندراوەتەوە