بە تۆمەتی پیاهەڵدان و بانگەشە بە حەمماسدا سكاڵا لەسەر BBC تۆمار كرا

KNN : Kurdish News Network
09:02 - 20/02/2025
جیهان
+
-

بی بی سی بەریتانی، دوای بەرهەمهێنان و پەخشکردنی فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لەبارەی غەززە-وە، کە کوڕی بەرپرسێکی باڵای حەمماس تێیدا رۆڵدەگێڕێت،  لەلایەن جولەکەکانەوە، بەتۆمەتی لایەنگیری کردن بۆ حەمماس سکاڵای لەسەر تۆمار کرا.

 

هەواڵ:KNNC


فیلمی دۆکۆمێنتاری بەناوی "غەززە؛ چۆن لە ناوچەیەکی جەنگ رزگاری دەبێت"، ئێوارەی رۆژی دووشەممە وەک باسێک لە ململانێکان، لە چاوی سێ منداڵەوە پەخشکرا، کە ژیانیان بەهۆی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەغەززە، دژی حەمماس وێران بوە.

 

فیلمەکە ماوەكەی كاتژمێرێكە و لەلایەن کوڕێکی تەمەن 14 ساڵانەوە بەناوی (عەبدوڵا ئەلیزوری) بە زمانی ئینگلیزی روداوکان دەگێڕێتەوە.

 

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی تەلەگراف، ئەیمەن ئەلیازوری باوکی عەبدوڵڵا کەسایەتییەکی باڵایە و لە ئێستادا پۆستی بریکاری وەزیری کشتوکاڵی لە حکومەتەکەی حەمماسدا بەدەستەوەیە.

 

لەدوای هەواڵەکەی تەلەگراف، جولەکەکان سکاڵایان تۆمارکردوە و رایانگەیاندوە؛  بی بی سی رێگەیداوە خۆی وەک سەکۆیەکی پڕوپاگەندە بۆ حەمامس بەکاربهێنێت، بە پێدانی کاتی پەخشکردن بۆ منداڵی یەکێک لە کەسایەتییە باڵاکانی حەمماس.

پارتی کرێکارانی جولەکە (LAAS) کە خاونی سکاڵاکەیە لەسەر بی بی سی، ئەو دەزگای میدیایی تۆمەتبار کرد بەوەی "بۆتە پلاتفۆرمێک بۆ پڕوپاگەندەی بزوتنەوەی حەمماس".

 

ئەلێکس هیرن، لە پارتی کرێکارانی جولەکە، دەڵێت؛ “ ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە دەرخەری شکستی وردبینییی بی بی سی-ە، کە پڕوپاگەندە و خواستی حەمماسی وەک راستییەک پەخش کردوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردوە؛ پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەمە چۆن رویداوە؟ بۆ هەمیشە ئەمە دوبارە دەبێتەوە، حەمماس زانیاری هەڵە دەدات میدیاکان و ئەوانیش بڵاوی دەکەنەوە.

لەوەڵامی سکاڵاکەدا، بی بی سی رایگەیاندوە؛ فیلمەکە بەپێی ڕێنماییەکانی دەزگاکە بەرهەمهێنراوە، ئەو تۆمەتانەش دورن لە راستییەوە؛ "دایک و باوکی ئەم منداڵانە هیچ بەشدارییەکیان لە ناوەڕۆکی فیلمە دیکۆمێنتارییەکەدا نەبوە".

 

فیلمی دۆکیۆمێنتاری "غەززە؛ چۆن لە ناوچەیەکی جەنگدا رزگاری دەبێت"، کە لە 19ی شوبات پەخشکرا، ناوەڕۆکەکەی باس لە شەڕی غەززە و هێرشی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر شارەکە، کە تێیدا سێ منداڵ بەشدارن و لەڕوانگەی خۆیانەوە چیرۆکەکان دەگێڕنەوە.

391 جار خوێندراوەتەوە