"کەرتى تەندروستى گشتى لە دەربەندیخان چاک نەکرێت کارەسات رودەدات"

KNN : Kurdish News Network
09:10 - 21/02/2025
کوردستان
+
-

هۆشداری لە خراپیی کەرتى گشتى تەندروستی دەربەندیخان دەدرێت و پزیشکێک داوا لە جێگری سەرۆكی حكومەت، جێگری وەزیری تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی دەكات كێشەكانی كەرتی تەندروستی گشتی دەربەندیخان چارەسەر بكەن، بەپێچەوانەوە كارەسات رودەدات.


هەواڵ: (KNNC)


لەنامەیەكی كراوەدا، کە پزیشکێک ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان و د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی كردوە، داواكارە دەسەڵاتی یاسایی و ئیداری خۆیان بۆ چارەسەری كێشەی كەرتی تەندروستی گشتی، لە شاری دەربەندیخان بەكاربهێنن و كەموكورتییەكانی ئەو كەرتە چارەسەر بكەن، بەپێچەوانەوە دۆخەكە خراپتر دەبێت و بەرەو كارەسات هەنگاو دەنێت.


وتوشیەتی: هەمو ساڵێک پزیشکان لە هەر سێ بۆردی عەرەبی، عێراقی و کوردی دەردەچن و لەو شوێنانەی كە پێویستیان پێیان ببێت دادەنرێن، بەڵام لەدوای بومەلەرزەکەی ساڵی (2017)ـوە پزیشك بۆ نەخۆشخانەكانی كەرتی گشتی دەربەندیخان نەنێردراوە كە ئەوەش ستەمێکی ئاشکرایە و لە خەڵکی ئەو شارە دەكرێت.


رونیكردوەتەوە، زیاتر لە حەوت ساڵە نەخۆشخانەكانی دەربەندیخان پزیشكیان لە پسپۆڕە جیاوازەكان بۆ نەنێردراوە، تا ئێستا لەبەر نەبونی هۆڵی نەشتەرگەری لەشارەكەدا نەشتەرگەری تیادا ئەنجام نەدراوە، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنی مانەوە بۆ پزیشک دابین نەكراوە.

 
دەقی نامە كراوەكە:

بۆ برای بەڕێزم د.هەڤاڵ ئەبوبەکر

ئەم ناهەقییە راگرە و دەسەڵاتی یاسایی و ئیداری  خۆت بەکاربهێنە، ئەمە بەرپرسیارێتییەکی مێژوییە.

پێویستە ئەمساڵ پشکی تەواو لە پزیشکانی پسپۆڕ بنێررێن بۆ شاری دەربەندیخان و خەڵک لەو مەینەتییە نەجاتی ببێت.

بۆ زانیاری بەڕێزتان، هەمو ساڵێک پزیشکان لەهەرسێ بۆردی عەرەبی، عێراقی و کوردی تەخەڕوج ئەکەن و دابەشئەکرێن و دەربەندیخان لەدوای بومەلەرزەکەی ساڵی دوهەزارو حەڤدەوە پشکی خۆی و حەقی خۆی بۆ نەنێرراوە، ئەمەش ستەمێکی ئاشکرایەو لەخەڵکی ئەم شارە کراوە، پێویستە کۆتایی پێبهێنرێت.


تکایە ڕێگەمەدە، وەکو بابەتی نەقڵەکردنەکەی من و ساڵی دوهەزارو هەژدە کەس قسەی بریق وباق بکات بۆ داپۆشینی ئەم ستەمە گەورەیەی لەشاری دەربەندیخان کراوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوەو هیچ بیانویەک هەڵناگرێ و قەبوڵکراو نیە، حەوت ساڵ زیاترە:

پشکی تەواو لە پزیشکی پسپۆڕ نانێرن بۆ دەربەندیخان لەسەرجەم پسپۆڕییە جیاوازەکان.

هۆڵی نەشتەرگەری تیانیەو یەک نەشتەرگەری نەکراوە لەشارەکەدا.

شوێنی مانەوەی پزیشک لەشارەکەدا نیە، جەدوەلی ئێشکگری پزیشکانی پسپۆڕنەبوە لەشارەکەداو پزیشکی پسپۆڕ لەشارەکەدا نەماوەتەوە.

ئاو، خودا بەشارەکەی بەخشیوە بەپیسی دێتە دەریاچەی شارەکەوەو خەڵک بێ بەشن لەئاوی پاک.

خودا سروشتێکی جوان و هەواو ئۆکسجینی پاکی بەشارەکە بەخشیوەو دیسان ئەمیش پیسکراوە بەهۆی تێپەڕینی تەنکەرو بارهەڵگرەوە بەناوەڕاستس شارەکەداو بەهۆی بونی کارگە لەنزیک شارەکەوە کەئەرکی حکومەتە دوریڵن بخاتەوەو نەیکردوە.


داواکارم لەناردنی پزیشکی پسپۆڕی پێویستەوە دەست پێبکەن بۆ شارەکە، نەپارەی پێویستەو نەبودجەی پێویستە، هەقی خۆمان بۆدابین بکەن و ئەم ستەمە لەسەر شارەکە هەڵبگرن و هیچ بیانویەک قەبوڵکراونیە لەم بارەیەوە.

ئەم نوسراوەش بۆ زۆرینەی کێشەکانی دەربەندیخان کراوەو هیچ ئەنجامی دیارنیە کەناردنی پزیشک لەپسپۆڕییە جیاوازەکان بۆ شارەکە یەکێکە لەداواکارییەکان.


تێبینی-ڕوی ڕەخنەتان تەنیا بۆ بەرپرسەکانی هەردو حیزبی یەکێتی و پارتی بێت لەبەرئەوەی:

- لەوەتەی هەیە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەیە، بەدەست یەکێتییەوە.

- ئەم کابینەیە، وەزیری تەندروستی پارتییە

- کابینەی هەشت، وەزیری تەندروستی یەکێتی بو، لەکاتی بومەلەرزەکەو دوای بومەلەرزەکەش هەریەکێتی وەزیری تەندروستی بو.

2385 جار خوێندراوەتەوە