940 پزیشک و کارمەندی تەندروستی سلێمانی خانەنشینکراون و شوێنەکانیان پڕناکرێنەوە

KNN : Kurdish News Network
11:37 - 22/02/2025
کوردستان
+
-

لە تەندروستی سلێمانی 940 پزیشک و کارمەندی تەندروستی خانەنشینکراون، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: زۆرینەی ناوەندە تەندروستییەکان کارمەندی میلاکی تێدا نەماوە و بە خۆبەخش و گرێبەست بەڕێوەدەبرێن.

 

هەواڵ:KNNC

 

هاوژین عوسمان، سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی بە KNNـی راگەیاند، ئەمساڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی 940 پزیشک و فەرمانبەر و کارمەندی تەندروستی خانەنشین کراون، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش دوو هەزار و 800 پزیشک و کارمەندی تەندروستی خانەنشین کراون.

 

وتیشی: بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پێویستی بە 26 هەزار میلاک هەیە، بەڵام کەمتر لە 13 هەزار میلاکی هەیە و کەموکورتی زۆریان هەیە.

 

راشیگەیاند، ئەمساڵ و پار لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی نزیکەی 40%ی کارمەندەکانی خانەنشین بون، ئێستاش نەخۆشخانەی مناڵبونی سلێمانی و بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەی منداڵان هیچ موچەخۆرێکی حکومەتیان تێدا نەماوە و بە کارمەندی خۆبەخش و گرێبەست کارەکانیان راییدەکرێت.

 

بەوتەی سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا زۆر بە دەگمەن دامەزراندن هەبوە، راگرتنی دامەزراندنی گرێبەست و هەمیشەیی و خۆبەخش ئەوەندەی دیکە باری سەرشانی ناوەندە تەندروستییەکانی قورستر کردوە، پێویستە حکومەتی هەرێم کاتێک فەرمانبەران خانەنشین دەکات، بیرلەوە بکاتەوە شوێنەکانیان پڕبکاتەوە.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ 80 پزیشکی دیاری سلێمانی خانەنشینکران و لە مەراسیمێکی رێز لە ماندوبون و خزمەتەکانیان گیرا.

55 جار خوێندراوەتەوە