واشنتۆن فشار دەخاتەسەر بەغداد... نەوتی هەرێم هەناردە نەکرێتەوە هاوشێوەی ئێران سزا دەدرێن

KNN : Kurdish News Network
10:09 - 22/02/2025
عێراق
+
-

واشنتۆن فشار لە بەغداد دەکات بۆئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەگەر نا هاوشێوەی ئێران روبەڕوی سزا دەبێتەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

میدیا عێراقییەکان لە زاری هەشت سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایانکردوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ-ـی سەرۆکی ئەمەریکا فشاری خستوەتەسەر بەغداد بۆئەوەی رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بدات، یان ئەوەتا هاشێوەی ئێران روبەڕوی سزا دەبێتەوە.

 

هەفتەی رابردو، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە، هەشت سەرچاوەی ئاگادار لە بەغداد، واشنتۆن و هەولێر بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستیان کردەوە کە "زیادبونی فشارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆسەر بەغداد هۆکاری سەرەکی پشت لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق بو.

 

سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردوە، عێراق پەلە دەکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشە تەکنییەکانیان بخاتەڕو.

 

بەرپرسێکی عێراقی ئاشکرایکردوە، واشنتۆن فشار دەخاتەسەر بەغداد بۆئەوەی دڵنیابێت لەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی تورکیاوە هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێت، لەبری ئەوەی بەنرخێکی کەم بە ئێران بفرۆشرێت.

 

ئۆلێ هانسن، بەرپرسی ستراتیژیەتی کاڵا لە بانکی ساکسۆ، دەڵێت: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دابینکردنی نەوتی جیهان، چونکە بەرهەمهێنانی نەوت لەچەند وڵاتێک پەکی کەوتوە لەنێویاندا نەوتی کازاخستان، هەروەها دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا بۆسەر وێستگەیەکی سەرەکی بەرهەمهێنانی نەوت لە روسیا، بەرهەمهێنانی نەوتی کەمکردنەوە.

 

هاوکات ئەو سەرچاوانە بە رۆیتەرزیان راگەیانددوە، هەرچەندە گفتوگۆکان بۆماوەی دوو رۆژ لەشاری هەولێر بەردەوامبون بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بەڵام سەرکەوتو نەبون و نەگەیشتن بەهیچ رێکەوتنێک.

 

لەسەر هەمان پرس، ئاڵپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، "تا ئێستا ئەنقەرە هیچ زانیارییەکی لە بەغداوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان".

 

لەبەرامبەردا، فەرهاد عەلائەدین راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، بەغداد هەمو ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوەدەکەن، ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێنەکاتەوە، عێراق روبەڕوی سزاکانی ئەمەریکا دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەهەمو ئەو پەیوەدنییانەی لەم دواییانەدا لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا هەیانبوە، هیچ هەڕەشە و فشارێک لەسەر بەغداد نەبوە، پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

492 جار خوێندراوەتەوە