پێگەی ئاکسیۆسی ئەمەریکی، لە ڕاپۆرتێکیدا پێنج هەنگاوی سەرۆکی ئۆکرانیان
خستوەتە ڕو؛ کە لە ماوەی 9 ڕۆژی ڕابردودا بونەتە هۆی توڕەکردنی ترەمپ بە
ڕادەیەک، ئێستا هەڕەشەی ڕاگرتنی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دەکات.
هەواڵ: KNNC
پێگەی ئاکسیۆس ڕونی کردوەتەوە: “ڤلادیمێر زێلێنسکی لە
کاتی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ڕوسیا، ئەوەندە دۆناڵد ترەمپی توڕە کردوە، کە ترەمپ
لە لێواری وەستاندنی پشتیوانییە سەربازییەکانی ئەمەریکایە بۆ ئۆکرانیا ”.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمەریکا، کە قسەیان بۆ
ئاکسیۆس کردوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا چەند ڕوداوێک ڕویانداوە، کە بونەتە هۆی توڕەبونی ترەمپ و تیمەکەی، هەروەها تێکچونی پەیوەندی
نێوان ترەمپ و زێنلێسکی.
پێنج هەنگاوەکەی زێنلیسکی کە ترەمپی توڕە کردوە؛
یەکەم _ لە 12ی شوباتدا، کاتێک، وەزیری گەنجینەی
ئەمەریکا، سکۆت بێسنت لە کیێڤ لەگەڵ زیلێنسکی کۆبوەوە بۆ ئەوەی پێشنیارێک بخاتەڕو کە ئەمەریکا دەستی
بە مافی کانزاکانی ئۆکرانیا بگات، لە بەرامبەر پاراستنی ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکاوە، زێنلێسکی کۆبونەوەکەی دواخست، دواتر
ترەمپ بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند کە زێلێنسکی بە
بیانی ئەوەی خەوی هاتوە؛ کۆبونەوەکەی دواخستوە، ئەمەش بوەتە هۆی توڕەکردنی و کارەکەی سەرۆکی ئۆکرانیای بە بێ
ڕێزی ناوبردوە.
دوەم _ لە 14ی شوباتدا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مارکۆ ڕوبیۆ لەگەڵ زێلێنسکی
کۆبوەوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی ڕێککەوتنی کانزاکانی ئۆکرانیا، بەڵام ئەو سەرسامی
کرد کاتێک وتی بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان، دەسەڵاتی پەسەندکردنی نییە .
سێیەم _ جارێکیتر لە 15ی شوباتدا زێلێنسکی بە ئاشکرا ئەو پێشنیازەی ترەمپی لەبارەی بردنی کانزاکانی ئۆکرانیا بۆ ئەمەریکا لە کۆنفرانسەکەدا ڕەتکردەوە،
رایگەیاند ئەو گرێبەستە لە بەرژەوەندی ئۆکرانیایەکی خاوەن سەروەریدا نییە، ئەمەش
ترەمپی زیاتر تۆڕە کرد، لەبەر ئەوەی پێش ئەو لێدوانە زێنلێسکی ڕازی ببو بە
گرێبەستەکەی ترەمپ.
چوارەم _ لە 18ی شوباتدا، کاتێک، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مارکۆ
ڕوبیۆ، مایک والتز و نێردەی تایبەتی
دۆناڵد ترەمپ، ستیڤ ویتکۆف، لەگەڵ
دانوستانکارانی ڕوسیا لە سعودیە دانیشتبون بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاشتی، زێلێنسکی ڕەخنەی
لە کۆبونەوەکە گرت، دواتر ترەمپ لە کۆنگرەیەکی
ڕۆژنامەوانیدا، بە توڕيییەوە هێرشی کردە سەر زێلێنسکی و ئاماژەی بەوەدا کە "زیلێنسکی
هۆکاری جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیایە و ئەو شەڕی لەگەڵ ڕوسیا دەستپێکروە.
پێنجەم _ لە 19ی شوباتدا و رۆژێک دواتر، زێلێنسکی وەڵامی ترەمپی دایەوە و وتی سەرۆکی ئەمەریکا
"لە فەزای زانیاری ناڕاستدا دەژی"، ئەمەش زیاتر ترەمپی توڕەکرد و وایکرد
ترەمپ فشاری زیاتر بخاتە سەر زێلێنسکی و وتی سەرۆکی ئۆکرانیا، کە "ئەکتەریکی کۆمیدیای
تاڕادەیەک سەرکەوتووە" لە ئێستادا بوەتە دیکتاتۆرێک و بێ هەڵبژاردن لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە".
لە ئێستادا گرژییەکی زۆر لە نێوان ترەمپ و زێنلێسکیدا هەیە، پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردبوەوە؛ سەرۆکی ئەمەریکا جەختیکردوەتەوە
کە دەبێت دەستییان بە سامانە سروشتییەکانی ئۆکرانیا بگات، بەبێ گوێدانە ئەوەی
ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.
ئاکسیۆس ڕونیکردەوە؛ سەرەڕای ئەو گرژییانە،
تیمی ترەمپ بەردەوامن لە دانوستان لەگەڵ زێلێنسکی، هەروەها ئەگەری ڕێککەوتنێکی نوێ هەیە
لەسەر مافی کانزاکان بەم نزیکانە کە ڕەنگە بەشێک بێت لە ڕێککەوتنی ئاشتی لە داهاتودا.
3722 جار خوێندراوەتەوە