"وڵاتەكەم نافرۆشم"... زێلێنسکی رەتی دەكاتەوە 500 ملیار دۆلار بدات بە ترەمپ

KNN : Kurdish News Network
06:31 - 19/02/2025
جیهان
+
-

سەرۆکی ئۆکرانیا رەتی دەكاتەوە بەرامبەر ئەو هاوکارییانەی واشنتۆن لەكاتی جەنگ پێشكەشی ئەو وڵاتەی كردوە (500) ملیار دۆلار بدات بەئەمەریكا.


هەواڵ: (KNNC)


ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند: واشنتۆن بە درێژایی شەڕی سێ ساڵەی لەگەڵ روسیا، بەبڕی (67) ملیار دۆلار چەک و پاڵپشتی پێشكەش بە وڵاتەكەی كردوە نەك ئەو بڕەی كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا باسی دەكات.


وتیشی: داواکارییەکانی سەرۆكی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی (500) ملیار دۆلار بەرامبەر هاوکارییەکانی کاتی جەنگی لەگەڵ روسیا، قسەیەكی بێبنەمایە و وڵاتەكەی پابەند نابێت بەگەڕاندنەوەی ئەو بڕە.


پێشتر ترەمپ رایگەیاندبو، واشنتۆن بەبڕی (500) ملیار دۆلار هاوكاری سەربازی پێشكەش بە كیێڤ كردوە و پێویستە بیگەڕێنێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەش هەفتەی رابردو تیمێكی كۆشكی سپی گرێبەستێكیان رەوانەی ئۆكرانیا كردوە كە سەرۆكی ئەو وڵاتە واژۆی بكات، بەڵام زێلێنسکی رەتی كردوەتەوە.


لەسەر واژۆنەكردنی كرێبەستەكە، زێلێنسکی ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە؛ بۆ رێگریكردن لە دەستدرێژییەكانی روسیا،  وڵاتەكەی پێویستی پاراستن هەیە، بەڵام لە رەشنوسی رێككەوتنەكەدا ئەو بڕگەی تێدانەبوە، هەروەها داوا كراوە كە ئەمەریکا لە (50%)ـی سامانە سروشتییەكانی ئۆکرانیا وەربگرێت.


رونیكردوەتەوە؛ سەرۆكی وڵات بەرگری لە ئۆکرانیا دەکات، نەك وڵات بفرۆشێت، بۆیە بەئەمەریكییەكان وتراوە لە یاداشتی رێككەوتنەكەدا گەرەنتی بنوسن.


سەرۆکی ئۆکرانیا راشیگەیاندوە: کۆی هاوکارییەکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا كەلەكاتی جەنگدا پێشكەشی وڵاتەكەی كراوە (200) ملیار دۆلار، لەكاتێكدا خەرجی جەنگەكەی لەگەڵ روسیا (320) ملیار دۆلاربوە و ئەو بڕەی دیكە لەلایەن ئۆکراینییەکان تێچونەکانیان لە ئەستۆ گرتوە.

135 جار خوێندراوەتەوە