لە رۆژی پێنجشەممەی
رابردوەوە، سوریا بوەتە گۆڕەپانی توندوتیژترین شەڕ لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد
لە کانونی یەکەمی رابردودا، لەپاڵیشیدا لایەن و گروپى چەکداریی جیاواز لە ناوچەکانی
کەناراوەکانی سوریا دەرکەوتون.
رۆژی شەممەی رابردو، دەسەڵاتدارانی
سوریا جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکانیان لە ناوچە کەناراوەکانى رۆژئاوای وڵات و سەپاندنی
“کۆنتڕۆڵ” بەسەریاندا راگەیاند کە بەپێی روانگەی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، بەهۆیەوە
سەدان هاوڵاتی مەدەنی عەلەوییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و گروپە هاوپەیمانەکانیانەوە
بونەتە قوربانی.
عەلەوییەکان لە سوریا
نزیکەی %9ـى دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن کە نزیکەی یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس
دەبێت. لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتوس دەژین، جگە لە ناوچەکانی حومس و حەما و لادێکانی
دیمەشق.
عەلەوییەکان لە ماوەی
ساڵانی رابردودا پەیوەست بون بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەدەوە، هەروەها لە هەڵبژاردنی
پۆستی سەرکردایەتی لە دەوڵەت و سوپادا پشکیان هەبوە، بەڵام هەمو بنەماڵەیەکی عەلەوییش
پریشکی جەنگیان لەسەر بوە، بەو پێیەی بەشێکی زۆریان لە شەڕەکاندا کوژراون، ئەمەش
وایکردوە زۆرێک لە گەنجان بەدوای رێگایەکدا بگەڕێن بۆ ئەوەی خۆیان بە ناچاری لە
بازنەی سەربازیی زۆرە ملێ دوربخەنەوە.
دەوڵەتی عەلەوییەکان
عەلەوییەکان پەیوەستن
بون بە ناوچە کەناراوییەکان کە بە "دەوڵەتی جەبەل ئەلعەلەوییەکان" یان
"هەرێمی عەلەوییەکان" ناسرابو، ئەوکات لەلایەن ئیدارەی فەرەنسا لە ساڵی
1920 دامەزراوە و تا ساڵی 1936 بەردەوام بو.
سەرەتا لە ژێر دەسەڵاتی
فەرەنسادا حوکمی ئۆتۆنۆمیان هەبو، لە کۆتایی ساڵی 1923دا وەک دەوڵەت ناسێندران شاری
و لازقییە کرا بە پایتەخت.
لە ساڵی 1925 ناوە فەرمییەکەی
بە "دەوڵەتی عەلەوی" راگەیەندرا، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 1936 بە تەواوی یەکخرا
بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە دەوڵەتی سوریا.
لە نوسەیریسەوە بۆ عەلەوییەکان
بە وتەی فابریس باڵەنج،
ئەکادیمیست و توێژەر لە ئینستیتیوتی واشنتۆن، هەندێک، مەزهەبی عەلەوییەکان وەک
"کۆپییەکی داهێنراو" لە ئیسلامی شیعە پۆلێن دەکەن، بەتایبەتی کە باوەڕیان
بە عەقیدەی "ژیانەوەی رۆح دوای مردنی جەستە" هەیە، ئەوەش لەلایەن هەردو عەقیدەی ئیسلامیی دوانزە ئیمامی
شیعە و سوننە رەتدەکرێتەوە.
ناوبراو لە توێژینەوەیەکدا
رونی دەکاتەوە کە "زۆربەی باوەڕی عەلەوییەکان تێکەڵەیەکی گەورەیە لە ئایینی ئیسلام
و زەردەشتی، ئەمە جگە لەوەی کە زۆرێک لە رێوڕەسم و سروشەکانیان نهێنین.
زانای ناوداری ئیسلامی
ئیبن تەیمیە داوای لەناوبردنی ئەم مەزهەبەی کردوە.
نوسەیڕییەکان تائیفەیەک
بون کە لەلایەن محەمەدی کوڕی نوسەیر ئەلبەکری ئەلنومەیری "ئیبن نوسەیر"ەوە
دامەزرا کە لە ساڵی 868 کۆچی دوایی کرد، بانگەشەی ئەوە دەکات کە خوێندکاری ئیمامەکانی
دەیەم و یازدەیەمی شیعەکان بوە.
فەرەنسییەکان ناوی نوسەیڕییەکانیان
بۆ عەلەوییەکان گۆڕی، ئەوەش بۆ دەرخستنی جیاوازییەکانی ئەو تائیفەیە لەگەڵ مەزهەبی
شیعە.
عەلەوییەکان تا ساڵی
1932 بە فەرمی وەک موسڵمان نەناسران، کاتێک موفتی فەڵەستین (حەج ئەمین حوسێنی) فەتوایەکی
دەرکرد بە ئامانجی تێکدانی هەژمونی فەرەنسا لە سوریا.
فەتوای ئەلحوسێنی گەرەنتی
یەکسانی لە سوریایەکی سەربەخۆ و سوننەدا بۆ عەلەوییەکان دابین کرد. بەڵام ئەم بڕیارە
نەیتوانی زۆرێک لە زۆرینەی سوننە قەناعەت پێبکات کە عەلەوییەکان مسوڵمانن.
بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەم
مەزهەبە باشتر نەبو بۆئەوەی ببێتە قەوارەیەکی یەکگرتوی راستەقینە تا سەرهەڵدانی حیزبی
بەعس لە ساڵی 1963 و دەستبەکاربونی حافز ئەسەد لە ساڵی 1970 و دانانیان بەشێوەیەکی
سیستماتیک بۆ پۆستە سەرەکییەکان لە وەزارەتەکانی سوپا و هەواڵگری و دەوڵەتدا.
دەوڵەتی عەلەوییەکان...
پەناگەی ئەسەد
لە ساڵانی شۆڕشی سوریادا
هەمیشە بژاردەی "پەناگە" بۆ بەشار ئەسەد بەرز دەکرایەوە، بۆ کشانەوە بۆ
ئەو ناوچانە و ئەگەری پێدانی خۆبەڕێوەبەری بۆ ناوچە عەلەوییەکان و دوبارەکردنەوەی
ئەزمونی باپیرانی، بەڵام هەمیشە رەتی دەکردەوە.
ئەو شاخانەی کە لە پەراوێزی
لێواری رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدان، لە مێژودا پەناگەیەکیان بۆ کەمینەکانی دیکە
لە سوریا دابین کردوە.
ئاڵنگارییەکانی گەڕانەوەی
دەوڵەتی عەلەوی
لەڕوی ئابورییەوە ئەم
دەوڵەتە بەردەوامیی نابێت، بەو پێیەی لە ژێر گەمارۆی ئەو هێزە سوننەیەدا دەبێت کە
کۆنترۆڵی بەشێکی وڵاتەکەی لایە.
هەروەها ئەم شوێنە پیشەسازیی
و یەدەگی نەوتی نییە، ئەوەش وا دەکات لە دەرەوە
هیچ هاوپەیمانێکی نەبێت.
ئەو زلهێزە ناوچەییانەی
کە لە ململانێدان، هەمان ئەو زلهێزانە دەبن لەگەڵ کەمینەکان کە دوودڵن رێگە بدەن قەوارەیەکی
جیابووەوە سەرهەڵبدات.
شاشانک جۆشی لە پەیمانگای
شاهانەی یەکگرتو لە لەندەن بۆ توێژینەوە بەرگریی و ئەمنییەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزی
راگەیاندوە، تورکیا زۆر دژی دامەزراندنی دەوڵەتی عەلەوی دەبێت.
روسیا کە دامەزراوەیەکی
پاراستنی هێزی دەریایی لە بەندەری تەرتوس هەیە، پشتگیری لە ئەسەد کردوە و هەر جۆرە
هاوبەشییەک لەگەڵ عەلەوییەکان زیاتر بە بارگرانی دەزانێت نەک سودێک کاتێک دیمەشق کۆنترۆڵ
نەکات.
بەڵام لە هەمان کاتدا
رەنگە دەرفەتێک بۆ مۆسکۆ پێکبهێنێت بۆ چەسپاندنی بونی خۆی لەو ناوچەیە ستراتیژییەدا،
کە رەنگە لەسەر حیسابی پەیوەندییەکەی لەگەڵ دیمەشقدا بێت.
هەروەها ئێران و حیزبوڵای
لوبنان بیر لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عەلەوییەکان دەکەنەوە.
بۆ چین-یش سەرەڕای
گرنگی دۆزینەوەی پێگەیەک لە دەریای ناوەڕاستدا، بەڵام نەبونی رەهەندێکی فراوانی
ناوخۆیی رەنگە سەرنجڕاکێشییەکەی بۆ پشتیوانیکردن لەم ناوچەیە کەم بکاتەوە.
ئارۆن لوند، توێژەر لە
سەدەی نێودەوڵەتی دەڵێت: "چەکدارە عەلەوییەکان مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی دیمەشق
دروست ناکەن، بەڵام نوێنەرایەتی ئاڵنگارییەکی جددی ناوخۆیی دەکەن"، ترسی خۆی
دەربڕی لەوەی کە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە "ناسەقامگیری زۆر دروست بکات".
ناوبراو بە ئاژانسی
فرانس پرێسی وتوە "هەردولا هەست دەکەن لەژێر هێرشدان، هەردولاش توشی دڕندەیی
ترسناک بون لەسەر دەستی ئەوی دیکە".
هۆشداریشیدا لەوەی دۆخی
ناوچە کەنارییەکان وەک "بۆمبێکی کاتی" وایە.
مەعاز فەریحات – ئەلحوڕە
685 جار خوێندراوەتەوە