فشارەکانی ئەمەریکا بۆ
دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بەشێک لە میدیا عەرەبییەکانیش
دەڵێن: ئەمەریکا دەیەوێت لەڕیگەى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمەوە رێگە
لە هەناردەکردنى نەوتى ئێران بگرێت سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت:
بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان موچە و شاییستە داراییەکانی هاوڵاتییان،
مسۆگەر دەبن.
راپۆرت: (KNNC)
لە دوای دەستێوەردانەکانی
ئەمەریکا و بەشێکی دیکە لە وڵاتان، هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی
کوردستان، خێراتر بون، پرۆسەیەک، کە چارەسەرى گەورەترین کێشەى دارایی نێوان هەولێر
و بەغدادى لێ چاوەڕوان دەکرێت.
نزیکەی دو ساڵە، هەناردەی
نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان، ڕاگیراوە و لە و ماوەیەدا، بەردەوام کێشەکانی
نێوان هەولێر و بەغداد، ڕوی لە زیادبون کردوە، بەڵام ئێستا و دوای فشارەکانی ئەمەریکا،
هەریەکە لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتونەتە ڕێکەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی
هەناردەی نەوت.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک
وەزیرانی عێراق، لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند: کابینەکەی توانیویەتی، چارەسەری
کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، بەرەو هەمیشەیی ببەرێت و کێشە هەڵپەسێردراوەکان
لە سیاسییەوە بگۆڕیت بۆ یاسایی و چارەسەریی ڕیشەیی.
وتیشی: ئێستا کار بۆ هەناردەکردنەوەی
نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەوەش هاوڵاتییان لێی سودمەند دەبن
و موچە و شاییستە داراییەکانیان، مسۆگەر دەکرێت.
لای خۆشییەوە، نێچیرڤان
بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەوان وەک کاڵای بازرگانی، سەیری
نەوت دەکەن، نەک سیاسی، ئێستا تورکیاش ئامادەیە و چاوەڕێ دەکەن لە ماوەیەکی نزیکدا،
نەوتی هەرێمی کوردستان، رەوانەی بەندەری جەیهان بکرێت.
وتەکانی سودانی و
بارزانی دوای ئەوە هاتن، کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا
لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەختی کردەوە لە زو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی
هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیاوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا،
ئەوەیشی بە سودانی وتوە: پێویستە ڕێز لە مەرجی گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان
بگیرێت کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق کار دەکەن، لەپێناو ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتری
ئەمەریکی بۆ وڵاتەکە، هەروەک شارەزایەکی ئابوریی عێراقییش دەڵێت: ئەستەمە، نەوتی
کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، هەناردە بکرێتەوە بەبێ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنی
نوسراو لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن.
ڕۆژنامەی عەرەبی جەدید
لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەمریكا پێیوایە، ڕێککەوتنی نەوتی نێوان بەغداد و هەولێر،
زیان بە ئێران دەگەیەنێت، بەو پێیەی رۆژانە نزیکەی (200) هەزار بەرمیل نەوتی خاوی
هەرێمى کوردستان بە نرخێکی هەرزان و بە قاچاغ هەناردەی ئێران کراوە.
هەرچەندە فشارەکانی ئەمەریکا
بەردەوامن و هەولێر و بەغدادیش ڕێک کەوتون لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام
بەشێک لە میدیا عەرەبی و جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، دواکەوتنی پڕۆسەکە، دو
هۆکاری سەرەکی هەیە کە یەکەمیان داواکاریی تورکیایە بۆ قەرەبوکردنەوەی پێبژاردنەکانی
کە ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلارە، هۆکاری دوەمیش داواکاریی کۆمەڵەى پیشەزسازى نەوتى
کوردستان - ئەپیکۆرە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نوسراو کە مافی کۆمپانیا بیانییەکان
لە کوردستان گەرەنتی دەکات.
راپۆرت؛ ئارام حەمەعەلی
194 جار خوێندراوەتەوە