سبەینێ جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیا دەچێتە ساڵی چوارەمەوە، هەوڵە تاکلایەنەکانی ترەمپ، بۆ کۆتایهێنان بە جەنگەکە، بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەوروپا، وڵاتانی کیشوەرەکەی نیگەران کردوە، لە ئەگەری سەرگرتنی پلانەکەی ترەمپ، ئەوا دەرخەری لاوازییانە بەرامبەر ئەمەریکا و روسیا.
راپۆرت:KNNC
لە ئێستادا، وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن لە هەوڵە بەپەلەکانی ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا، ئەوان پێیان وایە ترەمپ بەم کارەی، یەکێتی ئەوروپا لاواز دەکات و ئاسایشی درێژخایەنی یەکێتییەکە لە مەترسیدا دەبێت ئەگەر وابەستەی پلان و بڕیاری یەک کەس بێت.
یەک رۆژی تر، جەنگەکە پێ دەنێتە ساڵی چوارەمیەوە، ئەمەریکا سبەینێ داوای ڕاگرتنی جەنگ پێشکەش دەکات، یەکێتی ئەوروپا گەورەترین پاڵپشت و پشتگیری ئۆکرانیایە لەم جەنگەدا، دواتر ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ بە بێ گەڕانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان دەیەوێت بە ڕێککەوتنێک کۆتایی بە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا بهێنێت، بەڵام پێناچێت ئەم ویستەی ترەمپ لەگەڵ داواکارییەکانی ئەوروپادا بگونجێت.
پەراوێز خستنی ئەوروپییەکان
پەیوەندییە تەلەفونیکەی 9ـی ئەم مانگە، کە ترەمپ لەگەڵ پوتیندا ئەنجامیدا، یەکەم زەنگی ئاگادارکردنەوە بو بۆ ئەوروپا، چونکە هەر نزیکبونەوەیەکی ئەمەریکا و ڕوسیا، ڕاستەوخۆ بە مانای لاوازبونی یەکێتی ئەوروپا دێت، بە تایبەت دوای ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند؛ دو سەرۆکەکە 90 خولەک قسەیان کردوە، ترەمپ بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی، تاڕادەیەک ئەو بەرە یەکگرتوەی شکاند کە نزیکەی سێ ساڵە ڕوسیای گۆشەگیر کردبو.
لەبارەی پەیوەندییەکەیەوە، ترەمپ ڕایگەیاند لەگەڵ پوتن گەشتونەتە ڕێککەوتن کۆتایی بە جەنگی روسیا و ئۆکرانیا بهێنرێت، لەم لێدوانەیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ڕۆڵی وڵاتانی ئەوروپی نەکرد، کردنەوەی گرێی جەنگە سێ ساڵەکەی خستە دەستی خۆی و پوتینەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوروپا، کە بە ناڕاستەوخۆ گەورەترین بەشداری شەڕەکەیە.
یەکێتی ئەوروپا لە مەترسیدایە
دوای ئەوەی ئەوروپییەکان لە دانوستانەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا پەراوێز خران، هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنەوەی جێگەی خۆیان و پیشاندانی هەژمونیان لە پێشهات و ڕوداوە خێراکانی ئەم دواییەدا چڕتر کردوەتەوە.
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندوە؛ هەر رێکەوتنێک کە دەکرێت، پێویست ئەوروپییەکان پێی ڕازی بن، ئەگەر نا ئەو ڕێککەوتنە شکست دێنێت، ئەمەش وەڵامێکە بۆ ترەمپ کە دەیەوێت تاکلایەنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ روسیادا بکات بۆ کۆتایهێنان بە جەنگەکە.
کایا کاڵاس، ئەوەشی خستوەتەڕو "پێویستە وریابین لە هەوڵەکانی ڕوسیا و نەکەوینە داوی پوتینەوە"، کە هەوڵی دروستکردنی دوبەرەکی دەدات لە نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا؛ کە مەبەست لێی وڵاتانی یەکێتی ئەورپا و ئەمەریکایە.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، دەرخەری نیگەرانی قوڵ و ناڕازیبونی وڵاتانی کیشوەرەکەیە، لە نزیکبونوەکانی ترەمپ و پوتین.
هەنگاوەکانی ترەمپ؛ دڵخوازی پوتینن
لەدوای گفتوگۆی نێوان ترەمپ و پوتین، هەروەها کۆبونەوەی ڕوسیا و ئەمەریکا لە سعودییە بە بێ وڵاتانی ئەوروپی، باسکردن لە کۆتایهێنان بەجەنگەکە گۆشەگیرییەکەی روسیا بەرەو کۆتایی دەچێت.
بەتایبەتی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی بە هاوبەشی هاوکاری ماددی و سەربازیان پێشکەش بە ئۆکرانیا کردوە، پێکەوەش بڕیاری سزایان بۆسەر ڕوسیا جێبەجێکرد، بەڵام ئێستا وەک دەردەکەوێت بۆ کۆتایهێنان بە جەنگەکە، ڕۆڵیان لەبەرچاونەگیراوە و پشتگوێخراون.
سەرەڕای ململانێکانی روسیا و ئەوروپا، دژایەتییەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا، بەڵام لە ئێستادا ترەمپ لە پوتین نزیکترە تا ئەوروپا، ترەمپ نایشارێتەوە و بە ئاشکرا وەسفی پوتین دەکات و بە هاوڕێی نزیکی خۆی دەزانێت، ئەمە لەکاتێکدایە هیچ کاتێک هیچ سەرکردەیەکی ئەوروپی بەوشێوەیە وەسەف نەکردوە.
ترەمپ پێشتریش پوتینی بە کەسێکی "زیرەک" وەسف کردبو، وتبوی ئەو زیرەک و تێگەیشتوە، دەزانێت چی دەکات، ئەم لێدوانانەی ترەمپ یەکێتی ئەوروپا و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی ئەمەریکاشی نیگەران کردوە و بە مەترسی دەزانن بۆ کۆتاییهێنان یاخود لاوازکردنی پەیوەندی دەیان ساڵەی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپا.
ئەوروپا گومانی لە ڕێککەوتنەکەی ترەمپ هەیە
لێدوانەکانی ئەم دواییەی ترەمپ سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕەخنەکانی لە ڕۆڵی ئەوروپا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردودا، گومانی لای ئەوروپا زیاتر کردوە، بەتایبەتی کە ڕۆژی شەممە ترەمپ بە فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، فەڕەنسا و بەریتانیا هیچ شتێکیان نەکردوە بۆ وەستاندی جەنگەکە.
هەر ئەمەش وایکردوە ئامادەیی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕۆڵی ناوبژیوانێکی بێلایەن لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دا، جێگەی گومانی ئەوروپییەکان بێت، بە وتەی کیس کیلۆگ، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، ئەوروپییەکان لە دانوستانەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا ئامادە نابن و تەنیا لەسەر ئەو پرسانەی کە لەبەردەستدان ڕاوێژیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەم قسەیەی کیس کیلۆگ وەک شۆکێک وابو بۆ ئەوروپا، چونکە کیشوەرەکە گەورەترین بەشداربوی هاوکارییەکانی ئۆکرانیا بوە، بە بڕی 132 ملیار یۆرۆی ئەمە جگە لەوەی ئەوروپا ئایندەی خۆی لە سەقامگیری ئۆکرانیادا دەبینێت.
بەمەش ترسی ئەوروپییەکان زیاتر بوە، کە ترەمپ هەر لە سەرەتای گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە بەرژەوەندی ڕوسیا مامەڵە بکات، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆشکی سپی ڕایگەیاند بو؛ گەڕانەوەی ئۆکرانیا بۆ سنورەکانی پێش ساڵی 2014 و ئەندامێتی لە ناتۆ ئامانجێکی "نا واقیعی"ن پێویستە لە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕوسیا دور بخرێنەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا، هاوتەریبە لەگەڵ بیرکردنەوە و مەرامەکانی پوتیندا، کە تێیدا کیێڤ زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و پوتینش براوەی جەنگەکە، بەڕودانی ئەمە گۆڕانکاریی جوگرافی لە ناوچەکەدا دروست دەبێت، ڕێگە بە ڕوسیا دەدات بە فەرمی لە سەدا 20ی خاکی ئۆکرانیا کە لەلایەن هێزەکانیەوە داگیرکراوە بیخاتە سەر وڵاتەکەی، ئەو کارەش یەکێتی ئەوروپا بەتەواوەتی دژیەتی.
ئەوروپا: ڕێککەوتنی ناچاری قبوڵکراو نییە
ئەوروپییەکان بە پلانەکەی ترەمپ ڕازینین، ئەوان نیگەرانن و ترسیان هەیە ترەمپ، ڕۆڵێکی نەرێنی بگێڕێت لە ڕێککەوتنەکەدا و لە بەرژوەندی روسیا بشکێتەوە، کە تێیدا سەرەتا ئۆکرانیا ناچار بکات ئاگربەست قبوڵ بکات، دواتر فشار دەخاتە سەر وڵاتەکە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی نەشیاو جێبەجێبکات.
لە کۆبونەوە بەپەلەکەی بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا لە پاریس، پشتگیریان بۆ ئۆکرانیا دوپات کردەوە و هاوڕابون لە دژی هەر ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی نێوان ترەمپ پوتینن، کە بە زیانی ئۆکرانیا بێت.
ئورسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا هۆشداری دەداتە واشنتن و دەڵێت، شکستهێنانی ئۆکرانیا نەوەک تەنیا ئەوروپا، بەڵکو ئەمەریکاش لاواز دەکات، ڤۆن دێرلاین لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا ڕوی لەهەموان کرد و ڕایگەیاند: ئۆکرانیایەکی شکستخوارد و تەنها ئەوروپا لاواز ناکات؛ ئەمەریکاش لاواز دەکات.
وتیشی: یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا هەردوکیان دەیانەوێت کۆتایی بە خوێنڕشتن بهێنن لە ئۆکرانیا، بەڵام نەک لەسەر حسابی کیێڤ و بەرژەوەندی روسیا، بۆ ئەو مەبەستەش، کیێڤ پێویستی بە "گەرەنتی ئەمنیی بەهێز" هەیە.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاش جەختی لەوە کردەوە کە هەر ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، دەبێت بە شێوەیەک بێت ڕوسیا هەست بکات ناتوانێت درێژە بە سیاسەتە داگیرکارییەکان بدات و بەتەواوەتی دژی لکاندنی ئەو خاکە داگیرکراوەی ئۆکرانیاین بە ڕوسیاوە .
هەر لەوبارەیەوە دۆناڵد تاسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند "خۆبەدەستەوەدانی زۆرەملێی ئۆکرانیا بە مانای خۆبەدەستەوەدانی تەواوی ڕۆژئاوایە، لەگەڵ هەمو دەرئەنجامەکانیدا"، ئەمەش ئەوروپا قبوڵی ناکات.
ئۆکرانیا دو جار قوربانییە
فشارە بەردەوامەکانی ئەمەریکا و هەڕەشەی ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ کیێڤ، زێنلێنسی خستوەتە دۆخێکی دژوارەوە، سەرەڕای بەڵێنی وڵاتانی ئەوروپی بۆ پاڵپشتیکردنی کیێڤ، بەڵام بەبێ هاوکاری ئەمەریکا ئۆکرانیا توانای ڕوبەڕوبونەوەی ڕوسیای نییە.
ئەگەر چی سەرەتای جەنگەکە، هەموان پاڵپشتی ئۆکرانیا بون، لە جەنگی دژی روسیادا، هەموان هانی کیێڤیان دەدا دژی ڕوسا بجەنگێت، لەبری ڕێککەوتن لەگەڵیدا، ئەوەش زێنلێنسکی پشت قایمکرد و جەنگی هەڵبژارد، لە ئێستادا کە بەشێکی خاکەکەی لەدەستداوە و لە ڕوی سەربازیشەوە لە دۆخێکی خراپدایە، هاوکێشەکان پێمان دەڵێن ئۆکرانیا دۆڕاوی جەنگەکەیە.
لە ئێستاشدا کە ئەمەریکا پشتی تێکردوە و ئەوروپاش وەک سەرەتا پاڵپشتی ناکات، ئۆکرانیا لەبەردەم دوڕیانێکی تاریکدایە، قبوڵکردنی ڕێکەوتنی ئاشتی لەگەڵ ڕوسیا و لەدەستدانی لە%20ی خاکەکەی بە فەرمی.
ئەمە جگە لە واژوکردنی گرێبەستێک بۆ بردنی نیوەی کانزای وڵاتەکە بۆ ئەمەریکا، کە تا ئێستا زیلینسکی قبوڵی نەکردوە، بەڵام لە ژێر فشاری ترەمپدایە بۆ قبوڵکردنی، هەر ئەمەش وایکردوە لە ئێستادا گرژییەکی زۆر لە نێوان ترەمپ و زیلینسکیدا هەیە، پێشتر ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاویکردبوەوە؛ سەرۆکی ئەمەریکا جەختیکردوەتەوە کە دەبێت دەستییان بە سامانە سروشتییەکانی ئۆکرانیا بگات، بەبێ گوێدانە ئەوەی ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیادا جێبەجێ دەکرێت یاخود نا.
بە ڕاگرتنی جەنگەکە، سەرەڕای زیانە ماددی و گیانییەکانی ئۆکرانیا و لەدەستدانی بەشێکی خاکەکەی، دەکەویتە ژێر قەرزێکی زۆری ئەمەریکاشەوە، کە بۆ دانەوەی ترەمپ داوای کانزا بەنرخەکانی وڵاتەکە دەکات.
نایەکێتی یەکێتی ئەوروپا، بەدڵی ترەمپە
بۆ ڕاگرتنی جەنگ و دانانی سنوری پارێزراو، ئیدارەی ترەمپ داوای لە وڵاتانی ئەوروپا کردوە کە ڕێکبکەون لەسەر ناردنی هێزی سەربازی بۆ دەستەبەرکردنی ئەگەری ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا .
پیت هێگسێت، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە ڕونی ئەوەی خستەڕو کە وڵاتەکەی هیچ هێزێکی سەربازیی لە ئۆکرانیا جێگیر ناکات، ئەمەش وەک کارتێکی فشارە کە ترەمپ دژی ئەوروپییەکان بەکاری دەهێنێت، بۆ ئەوەی ڕێکەوتنی کۆتایی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا قبوڵبکەن.
هەرچەندە کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا جەختی لە ئامادەیی تەواوەتی وڵاتەکەی کردوەتەوە بۆ ناردنی هێز بۆ ئۆکرانیا بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی، بەڵام ئەو نەیشاردەوە و گەرەنتیەکانی ئەمەریکا بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەی لەو ناوچانە ئاشتی بەردەوام بێت.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، پێی وایە تەنها ئەمەریکا دەتوانێت ڕێگریی لە پوتین بکات کە جارێکی دیکە هێرشە ئەنجام نەدات، لەلای خۆیەوە، دانیمارکیش ڕازییە بەناردنی هێز، بەڵام بەهەمانشێوە جەخت دەکاتەوە لەسەر گەرەنتیەکانی ئەمەریکا بۆ بەردەوام بونی ئاشتی و پێکدانەندانی سەربازی لە ناوچەکە.
لەبەرامبەردا ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆکردن لەبارەی ناردنی هێزی ئاشتیپارێزی بۆ سنوری نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، بە بڕیارێکی پێشوەختە دەزانێت و وتویەتی: لە ئێستادا زوە بۆ ئەو بڕیارە، لای خۆشیەوە دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا جەخت لەسەر پێویستی بونی سەربازی وڵاتەکەی لەسەر سنوری پۆڵەندا لەگەڵ بیلاڕوس دەکاتەوە، لە ئەگەری پەرەسەندنی پریشکی جەنگەکەدا
ئەم لێدوانە جیاوازانە، دەرخەری ئەوەن پلانەکانی ترەمپ کاری خۆیان کردوە و درزی خستوەتە نێو وڵاتانی ئەوروپییەوە و بەگشتی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا کۆدەنگیان نییە و فشارەکانی ئەمەریکا، کاریگەریی لەسەر هەموان هەبوە.
هەلێکی مێژوی لەبەردەم پوتیندا
یەک دەنگنەبون و ناکۆکییەکان گوزارشتە لە پەرەسەندنی بێزاری لە نێوان وڵاتانی ئەوروپا، لە کاتێکدا ڕوبەڕوی ئەو ڕاستیە تاڵە دەبنەوە کە لە گفتوگۆکان دور خراونەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا و بە جۆرێک لە جۆرکان، بێ ویستی خۆیان مەرجەکانی هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی جێبەجێ بکەن.
تێکچونی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمەریکا،کە هێندەی نەماوە ڕوبدات، ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ پوتین تا بە ئامانجەکەی بگات، کە بریتییە لە شکاندنی هاوپەیمانی (ترانزا تلانتیک).
ئەم هاوپەیمانییە کە لەنێوان وڵاتانی ئەورپا و ئەمەریکادایە، تا ئێستا بەرچاوترین بەربەست بوە لەبەردەم هەوڵەکانی پوتین بۆ گەڕاندنەوەی هەژمونی ڕوسیا لە جیهاندا، هاوشێوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران.
ڕەنگە ڕووداوەکانی مانگی شوباتی 2025وەک خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ئەوروپادا بچێتە مێژوەوە، کاتێک بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی و بازرگانییەکانی ئەمەریکا لە بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا جیاببنەوە، ئەمەش یەکێک دەبێت لەو روداوانەی پوتین دڵخۆش دەکات.
دوای سێ ساڵ..کێ براوەیە و کێ دۆڕاوە؟
دوای سێ ساڵ جەنگی بەردەوام، سەرەڕای هاوکارییە سەربازییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، بەڵام واقیع دەرخەری ئەوەیە، ئۆکرانیا شکستی هێناوە و روسیا براوەیە لە جەنگەکەدا، ئەویش بە داگیرکردنی 20%ی خاکی ئۆکرانیا، دوای هەڕەشەکانی ترەمپیش، کە دەڵێت:" هاوکارییە سەربازییەکان رادەگرم"، کیێڤ رایگەیاندوە؛ بەبێ ئەمەریکا تەنها شەش مانگ توانای ڕوبەروبونەوەی روسیای هەیە.
لە ئەگەرى سەرکەوتنى پلانەکەى ترەمپ و ویستەکەى لە کۆبونەوەى سبەینێی کیێف کە تایبەتە بە سێهەمین ساڵیادى سەرهەڵدانى شەڕ و سەرکردەى چەند وڵاتێک بەشدارى تێدا دەکەن، دۆڕاوى یەکەم ئۆکرانیا و دوەم وڵاتانى ئەوروپا دەبن، چونکە لەم سێ ساڵەدا سزاکانیان بۆسەر روسیا و هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا نەبوەهۆى راگرتنى پوتین.
ئەگەرەکان بۆ دیاریکردنى پێشوەختەى براوە و دۆڕاوەکان ڕون نین، ئەکرێت وڵاتانى ئەوروپا هەمویان رێککەوتنەکە ڕەت بکەنەوە و دژى ترەمپ بوەستن، جارێکى دیکە پشتى ئۆکرانیا و سەرۆکەکەى بگرنەوە و نەهێڵن هیچ رێککەوتنێکى نوێ ریسەکەکە بکاتەوە بە خورى.
لە کۆتایدا، کات پێمان دەڵێت؛ سبەینێ کێ براوەى ئەم جەنگە وێرانە و دورودرێژەیە، بەڵام ئاماژەکان واى دەردەخەن کە ئەمەریکا و سەرۆکەکەى براوەن و ئەنجامى هاوکێشەکان بە دڵى ئەوان دەبێت.
ڕاپۆرت؛ بڵند عەبدولکەریم
864 جار خوێندراوەتەوە