دژى گرانکردنى نرخى کارەباى ماڵان و پرۆژەى
روناکیی، سکاڵاى یاسایی لەسەر وەزیرى کارەبا و حکومەتى هەرێم تۆمارکرا و داوا
دەکرێت حکومەت و وەزارەتى کارەبا پابەند بکرێن بە دابینکردنى کارەبا بە نرخیی
حکومیی کە 18 دینارە.
هەواڵ:KNNC
عومەر گوڵپى، ئەندامى پێشوى پەرلەمانى
کوردستان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ، 10ی 3ی 2025 لە دادگای لێکۆڵینەوەی
سلێمانی، لەسەر گرانکردنی نرخی کارەبای ماڵان، سکاڵای یاساییمان لەسەر وەزیری کارەبای
حکومەتی کاربەڕێکەریی هەرێم تۆمار کرد.
بەپێی زانیارییەکانى گوڵپى بڵاویکردوەتەوە؛ لە
ناوەڕۆکى سکاڵاکەدا هاتوە کە زیادکردنی نرخی کارەبای ماڵان بەناوی دابینکردنی کارەبای
24 کاتژمێرییەوە، حکومەت پشتی بە هیچ یاسایەک نەبەستوە، ئەمەش پێشێلکاریی دەقی بڕگەی
یەکەمی ماددەی 28ی دەستورە.
بڕگەیەکى دیکەى سکاڵاکە ئاماژەیە بەوەى کە زیادکردنی نرخی
کارەبا، پێشێلکاریی ڕێنمایی ژمارە(2)ی ساڵی (2021)ی وەزارەتی کارەبایە کە لە خشتەی
(5)ی یاساکەدا، کە ئاستی یەکەمی بەکارهێنان بۆ مانگێک (1 تا 450)، نرخی یەککیلۆ
وات بۆ سەعاتێک تەنها بە (18) دینار ئەژمار کراوە.
ئەوەشهاتوە کەزیادکردنی نرخی کارەبا دژی بەرژەوەندی هاوڵاتیانە
و لە دەستنیشانکردنی نرخەکاندا بە هیچ جۆرێک رەچاوی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان نەکراوە.
ئەو ئەندامەى پێشوى پەرلەمانى کوردستان
جەختیکردوەتەوە کە لە سکاڵاکەد داوایان کردوە دادگا بڕیارەکە هەڵوەشێنێتەوە و وەزارەتی
کارەبا و حکومەت پابەند بکرێت بە دابینکردنی کارەبا بۆ هاوڵاتییان بە نرخی حکومی کە
(18) دینارە بۆ یەک کیلۆوات بۆ سەعاتێک.
816 جار خوێندراوەتەوە