سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بەرپرسانی ویلایەتی
کالیفۆرنیای بە ناکارامەیی تۆمەتبار کرد سەبارەت بە مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئەو ئاگرەی
لۆس ئەنجلۆسی گرتوەتەوە.
هەواڵ: KNNC
دۆناڵد ترەمپ لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى لە تروس سۆشیاڵ
کە خۆی خاوەندارێتی دەکات نوسیویەتی: "ئاگر لە لۆس ئەنجلۆس بەردەوامە لە بڵاوبونەوە
و "بەرپرسە ناکارامەکانیش هیچ بیرۆکەیەکیان نییە چۆن ئاگرەکە بکوژێننەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە یەکێکە لە خراپترین کارەساتەکان
کە توشی وڵاتەکەمان بوە و لەوە کارەساتبارتر ئەوەیە ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە،
نازانم "کێشەی ئەوان چییە؟"
خێرایی و چڕی سوتانی ئەو ئاگرەی لۆس ئەنجلۆسی
گرتوەتەوە، تواناى بەرگرى شارستانى شارەکەى خستوەتە ژێر پرسیار و گومانەوە و رەخنەی
لەسەر ئامادەیی شارەکە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیران دروست کردوە.
میدیاکانی وڵاتەکە باسیان لەوەکردوە لە بەشێک لە
ناوچەکان ئامێری ئاگرکوژێنەوە کاری نەکردوە و نەبونی ئاوی پێویست بوەتە بەربەست و نەتوانراوە کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکرێت.
ترەمپ کە زیاتر لە هەفتەیەکى ماوە بۆ دەستبەکاربونی
و جارێکى دیکە گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، رەخنەی لە گاوین نیوزۆم، پارێزگاری دیموکراتەکانی
کالیفۆرنیا گرتوە و تۆمەتباری کردوە بەوەی کە نەیتوانیوە ئیدارەى دۆخەکە بدات.
لەوەڵامی ترەمپدا پارێزگاری دیموکراتەکانی کالیفۆرنیا
دەڵێت: ئەگەر ترەمپ راستدەکات بابێت بەیەکەوە
پیاسەیەک بکەین لەو ناوچانەی وێران بون .
بە گوتەی بەرپرسانی شارەکە، بەهۆی ئاگرەکەوە تا ئێستا لانیکەم 16 کەس گیانیان لەدەستداوە و
150هەزار کەسیش ئاوارە بون و زیاتر لە 12 هەزار بیناش وێران بون.
1995 جار خوێندراوەتەوە