پزیشکى داد هۆکارەکەى ئاشکرا کرد... وردەکاریی گیانلەدەستدانى ژنێک بە نەشتەرگەریی جوانکاریی

KNN : Kurdish News Network
11:17 - 14/01/2025
کوردستان
+
-

رۆژى رابردو لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانى شارى سلێمانى لەلایەن پزیشکێکى ناسراوى جوانکارییەوە، نەشتەرگەریی لابردنى چەورى ورگ بۆ ژنێکى تەمەن 41 ساڵ ئەنجامدرا، بەڵام دوو کاتژمێر دواى نەشتەرگەرییەکە نەخۆشەکە گیانى لەدەستدا و کەى ئێن ئێنیش بەدواداچونى بۆ هۆکارى گیانلەدەستدانەکە کردوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن رایگەیاند؛ رۆژى رابردو لەلایەن پزیشکێکى ناسراوى جوانکارییەوە لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت لە ئیبراهیم پاشا، نەشتەرگەریی جوانکاریی بۆ ژنێکى تەمەن 41 ساڵ ئەنجامدراوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە نەشتەرگەرییەک بەمەبەستى دابەزاندنى کێش و لابردنى چەورى ورگ بوە، حەوت کاتژمێرى خایاندوە و دواى هێنانە دەرەوەیشى؛ نەخۆشەکە تەندروستى تێکچوە و دوو کاتژمێر دواى نەشتەرگەرییەکە و کاتژمێر 10:00ـى شەو گیانى لەدەستداوە.

 

لەبارەى هۆکارى گیانلەدەستدانەکەیەوە، پزیشکى دادى سلێمانى بە کەى ئێن ئێن،ى وت: پێش ئەنجامدانى هەر نەشتەرگەرییەک جا بەکارهێنانى بێهۆشکاریی گشتى بێت یاخود نا، کۆمەڵێک پشکنین هەیە دەبێت ئەنجام بدرێت، کە گرنگترینیان ئیکۆى دڵە، بەڵام ئەو پشکنینە بۆ ئەم نەخۆشە ئەنجام نەدراوە.

 

ئاشکرایکرد کە بەپێی راپۆرتى پزیشکى داد، ئەو نەخۆشە کێشەى دڵى هەبوە و بەرگەى حەوت کاتژمێر مانەوە لەژێر نەشتەرگەریی و بێهۆشیی نەگرتوە و پێویست بوە پزیشکەکە پێش نەشتەرگەرییەکە ئەو پشکنینەى بۆ ئەنجام بدات.

 

پەیامنێرى کەى ئێن ئێن ئەوەشى وت، کە بەیانى ئەمڕۆ، لەسەر سکاڵاى کەسوکارى نەخۆشەکە پزیشکەکە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردوە.

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

3281 جار خوێندراوەتەوە