نەخۆشخانەی هیوا: ساڵی رابردو زیاتر لە سێ هەزار و 300 كەس توشی شێرپەنجە بون

KNN : Kurdish News Network
03:48 - 14/01/2025
کوردستان
+
-

نەخۆشخانەی هیوا ئاماری توشبوانی نوێی بە شێرپەنجە لە ساڵی (2024) بڵاوكردەوە كە زیاتر لە سێ هەزار و (300) كەسن كە (210) توشبوی نوێ منداڵن.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ سێشەممە، نەخۆشخانەی هیوا لە پارێزگای سلێمانی ئاماری توشبوانی نوێی بە شێرپەنجە بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتوە؛ لە راپۆرتی ساڵانەی هۆبەی تۆماری شێرپەنجە، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ساڵی (2024)ـدا توشی شێرپەنجە بون لە سێ هەزار و (310) كەسن.


ئەوەی خستوەتەڕو، لە كۆی ژمارەی توشبوانی نوێی بە شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی (210) منداڵی تێدایە، هەروەها رێژەی توشبوانی رەگەزی مێ لە (45.40%) و رەگەزی نێریش لە (54.60%)ـە.


راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لە (91.8%)ـی توشبوانی نوێ بەشێرپەنجە لە دانیشتوی پارێزگای سلێمانین، لە (2.4%)ـیش توشبوی شارەكانی دیكەی هەرێمن، هەروەك ئاشكراشیكردوە كە لە (5.9%)ـی توشبوان لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە سەردانی نەخۆشخانەی هیوایان كردوە.


نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی راشیگەیاندوە: بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست بەنەخۆشییەكەیان، توشبوە نوێكانی ساڵی رابردو بەشێرپەنجە بەرێژەی (82%)ـیان سەرچاوەی تۆماریان لە نەخۆشخانەی هیوا بوە و (18%)ـی چارەخوازەكانی دیكە سەردانی نەخۆشخانەكانی دەرەوەی نەخۆشخانەكەیان كردوە.

94 جار خوێندراوەتەوە