ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی (10) تۆمەتباری راگەیاند كە رێگیری، دزیکردن، تەقەکردن، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، هێرشکردنە سەر هاوڵاتی کاسبکاریان كردوە و داوا لە هاوڵاتیان دەكات سكاڵای یاسایی تۆمار بكەن.
هەواڵ: (KNNC)
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، بڵاویكردەوە، باندێكی (10) كەسییان لە شاری هەولێر كە خەریكی كاری رێگیریکردن، دزیکردن، تەقەکردن، هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، هێرشکردنە سەر هاوڵاتییانی کاسبکار بوە.
رونیكردوەتەوە، لەگەڵ دەستگیركردنی كەسەكاندا، دەستیان بەسەر ئەو كەلوپەلانەدا گرتوە كە بەكاریانهێناوە و لە چەكی سپی، دەمانچە، تەور و ساتور و چەند پێداویستییەكی دیكە پێكهاتون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، دوای لێكۆڵینەوەی ورد و كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەكان، بە فەرمانی دادوەر و لە ژماریەك ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا تۆمەتبارەكانیان دەستگیركردوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاسایشی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەكات؛ هەر كەسێك تاوانی بەرامبەر ئەنجامدراوە و سكاڵای لەسەر ئەو تۆمەتبارانە هەیە، با سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان یان لقەكانی بەڕێوەبەرایەتیەكە بكات بۆ تۆماركردنی سكاڵای یاسایی و داواكردنی مافی خۆی.
512 جار خوێندراوەتەوە