سەرچاوەیەکی
نزیک لە حکومەتی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئازادکردنی
بارمتەکان کە لەهەمو کات نزیکترە، ئیسرائیل
رازی نابێت بە رادەستکردنی تەرمی یەحیا سینوار.
هەواڵ:KNNC
بەپێی
زانیارییەکانى رۆژنامەی (ئورشەلیم پۆست)ـى نزیک لە حکومەنتى ئیسرائیل زانیاریی
بەشێک لە میدیا عەرەبییەکانى لەبارەى رادەستکردنەوەى تەرمى یەحیا سینوار رەتکردەوە
و رونی کردەوە کە ئیسرائیل لە ئێستادا هیچ نیازێکی نییە تەرمی سەرکردە کوژراوەکەی
حەمماس رادەستی ئەو گروپە بکاتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە،
میدیا عەرەبییەکان ئێوارەی رۆژی دوشەممە رایانگەیاندبو؛
لەگەڵ نزیکبونەوەی رێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، حەمماس داوای رادەستکردنەوەی
تەرمی یەحیا سینواری کردوە لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی ئاڵوگۆڕی بارمتەکاندا.
ئاژانسی رۆیتەرز
رۆژی دوشەممە بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند؛ دانوستانکارانی ئیسرائیل
و حەمماس رەشنوسی کۆتایی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززەیان بە ئامادەبونی برێت مەکگۆرک،
نوێنەری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا وەرگرتوە.
لاى خۆشیەوە
جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا گەیشتنی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی
بارمتەکانی پشتڕاستکردەوە و وتی: ئێمە لە لێواری گەیشتن بە پێشنیازێکداین کە چەند
مانگێک لەمەوبەر خستمەڕو. "دواجار هەوڵەکان سودی خۆیان هەبو."
یەحیا سینوار،
سەرۆکی پێشوی بزوتنەوەى حەمماس بو کە وەکو پلانداڕێژەری هێرشەکانی سەر ئیسرائیل دادەنرا و لە 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی
ئیسرائیل لە شاری رەفعەی باشوری غەززە کوژرا.
دوای کوشتنی
سینوار، بەرپرسانی ئیسرائیل رایانگەیاند؛ تەرمەکەی لە شوێنێکی نهێنی لە ئیسرائیل دەهێڵنەوە.
1134 جار خوێندراوەتەوە