حەماس: دانوستانەکانی ئاگربەست پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە

KNN : Kurdish News Network
06:08 - 13/01/2025
جیهان
+
-

بەرپرسێكی بزوتنەوەی حەماس ئاشكرایكردوە كە دانوستانەکانی ئاگربەست لەسەر پرسە سەرەکییەکان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و وەزارەتی تەندروستی غەززەش بڵاویكردەوە؛ ژمارەی قوربانیانی جەنگی غەززە بۆ (114) هەزار و (389) كەس بەرزبوەتەوە.

 

هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ دوشەممە، بەرپرسێكی بزوتنەوەی حەماس كە رەتی كردەوە ناوی ئاشكرا بكرێت بە كەناڵی (ئەلعەرەبییە)ـی ئاگەیاندوە: دانوستانەکانی راگرتنی جەنگی كەرتی غەززە لەسەر پرسە سەرەكییەكان پێشکەوتنی زۆر باشی  بەدەستهێناوە.

 

وتیشی: حەماس و لایەنە ناوبژیوانەكان کار بۆ تەواوکردنی رێككەوتنەكە دەكەن و هەروەها بەم نزیکانەش بارمتە  ئیسرائیلییەكان ئازاد دەکەن.

 

پێشتریش لە بەیاننامەیەکدا بزوتنەوەی حەماس داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە كە  کاربکەن بۆ پاراستنی زیندانیانی فەلەستینی لە گرتوخانەكانی ئیسرائیل، هەروەها راگرتنی ئەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە ڕوبەڕویان دەبێتەوە.


لای خۆشیەوە گیدۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختیكردەوە کە كاركردن بۆ ئاگربەست لە كەرتی غەززە  پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە.


دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاشكرایكرد، ویستی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بەئاگر بەست و كۆتایی هێنانە بە جەنگ، لەچەند رۆژی داهاتوشدا رادەی راستگۆیی بزوتنەوەی حەماسیش بۆ رێككەوتن دەردەكەوێت.


كەناڵی عەرەبییە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هات کە بەرپرسێکی ئاگادار لە دانوستانەکان ئاشکرای کرد، قەتەر کە نێوەندگیری لە نێوان هەردولایەنی بەشەڕهاتودا دەکات و رەشنوسی "کۆتایی" رێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکانییان رادەست کردوە بۆ پەسەندکردن.

 

هاوكات، وەزارەتی تەندروستی غەززە بڵاویكردەوە، ئاماری قوربانیانی جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە رۆژی (7ـی ئۆكتۆبەری 2023) بۆ (114) هەزار و (389) كەس بەرزبوەتەوە كە (46) هەزار و (584) گیان لە دەستدان و برینداربونی (109) هەزار و (731) كەسی دیكەی لێكەوتەوەتەوە.

124 جار خوێندراوەتەوە