ئەمڕۆ سێشەممە (14/1/2025) بە سەرپەرشتی
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، دوایین کۆبونەوەی لیژنەی ئامادەکاری بەستنی کۆنفڕانس
لە مەکۆی سەرەکی بەڕێوەچو.
لە کۆبونەوەکەدا کە ئەندامانی لیژنەی
ئامادەکار و ژمارەیەک لە باژێڕوان و رێکخەری ژورەکان ئامادەیبون، دواین هەنگاوەکانی
بەستنی کۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان تاوتوێکران و، لیژنەکە بەرچاوڕونی پێویستیان خستەڕو
لەبارەی ئامادەکارییەکان، وەک بەشێک لە
داواکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پڕۆسەی خۆڕێکخستنەوە
و پێداچونەوەی کاری رێکخراوەیی بزوتنەوەکە.
دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان وتی: پێویستە کۆنفڕانس بکرێتە وێستەگەیەک بۆ هەستانەوە و نوێبونەوەی
بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانکاری لە بەشێک لە پەیکەری رێکخراوەیی بزوتنەوەکە، بە
ئامانجی هێنانە پێشەوەی گەنجان و ژنانی بەتوانا بۆ ناو جڤاتی نیشتیمانی و ئۆرگانەکانی
دیکە.
دوپاتیشی کردەوە، کە دەبێت خۆرێکخستنەوەکە
بەشێوەیەک بێت، کە ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکە نزیک بن لە خەڵک و ببنە وەڵامگۆی
داواکاری و خواستەکانی کۆمەڵگەی کوردستان.
هەروەک داواشیکرد پێشنیار و سەرنج و
داوکارییەکانی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان، یان هەر كەسێك کە بە ئومێدەوە لە بزوتنەوەی
گۆڕان دەڕوانێت؛ بە هەند وەربگیرێت ببنە تەوەری باس و گفتوگۆی ناو کۆنفرانس.
فۆتۆ: محەمەد خەلیفە
183 جار خوێندراوەتەوە