"وەزارەتی نەوتی عێراق نەوتی سپی بۆ هەرێم دابینكردوە"

KNN : Kurdish News Network
06:04 - 14/09/2024
کوردستان
+
-

وتەبێژی بازاڕی سوتەمەنی سلێمانی ئاشكرای دەكات، وەزارەتی نەوتی عێراق بەهاوكاری سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم بەنرخی (100) هەزار دینار دابینكردوە كەئەوەش بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتیان دروستدەكات و دوای پڕۆسەی عەمباركردن لە كۆتایی مانگی (10) دەست بەدابەشكردنی دەكرێت.  


هەواڵ: (KNNC)


لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەی (روماڵ)ـی رادیۆی دەنگی گۆڕان رامیار رزگار، وتەبێژی بازاڕی سوتەمەنی لە سلێمانی راگەیاند: وەزارەتی نەوتی عێراق بەهاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم نەوتی سپی بەنرخی پاڵپشتیكراو بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكات، بۆ هەر بەرمیلێك نەوتی سپی عێراق (100) هەزار دینار و بڕی چوار هەزار دیناریشی بۆ تێچوی گواستنەوەكەی دیاری كردوە.


لەسەر بەرزی نرخی یەك بەرمیل نەوت وتیشی: نەوتەكە بەنرخی پاڵپشتیكراو و بەبڕی (104) هەزار دینار بەسەر دانیشتوانی شارەكانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت كە ئەوەش بەهۆی قەیرانی داراییەوە بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتیان دروستدەكات بۆیە  پێویستە بۆ كەمكردنەوەی نرخەكەی حكومەتی هەرێم هاوكاری هاوڵاتیان بكات.


سەبارەت بە ئەو بڕە نەوتەی دابینكراوە، رونیكردەوە؛ بەپێی ئامارە نافەڕمییەكان ملیۆنێك و (284) هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، كە بۆ هەر خێزانێك (200) لیتر نەوت دابەشدەكرێت كە بڕی پێویستیش لە (256) ملیۆن و (800) هەزار  لیتر پێكهاتوە.


رامیار رزگار لەسەر كاتی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا راشیگەیاند: كۆتای ئەم مانگەدا دەست بە رێكارەكانی عەمباركردنی نەوتی سپی دەكرێت و بڕیاریشە لە كۆتایی مانگی (10)ـدا لە ناو سەنتەری شاری سلێمانیدا دەست بە دابەشكردن بكرێت.


سەبارەت بە گرفتەكانی دابەشكردنی سوتەمەنی بەسەر هاوڵاتیاندا وتیشی: لەبەر هەر هۆكارێك بێت، پڕۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دوا دەكەوێت كە هەندێك جار دەكەوێتە مانگی سێ كە ئەوەش هاوڵاتیان ناچار دەكات لە بازاڕەكاندا نەوتی سپی بكڕینەوە.

2955 جار خوێندراوەتەوە