هێڵی پاسەکانی سلێمانی
زیاتر لە 80 وێستگەیان بۆ دابینکراوە و زۆرینەیان
شکێندراون، بڕیار وایە لەسەرەتای ساڵی نوێوە، دەست بەچاککردنەوەیان بکرێت.
هەواڵ؛KNNC
ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی
سەندیکای شوفێرانی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێنی ڕاگەیاند؛ لە کۆی 80 وێستگەی
پاس تەنھا 15 وێستگەیان نەشکێندراون، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر شکاندیان
سزانەدراوە.
باسی لەوەشکرد، " هەر کەسێکیش لەسەر ئەو کارە دەستگیر
بکرێت، ئەوا جگە لە سزای دارایی ، زیندانیش دەکرێت کە ماوەکەی لە شەش مانگ کەمتر نییە".
وتیشی: تێچوی ئەو وێستگانە زیاتر لە سێ هەزار دۆلار لەسەر حکومەت کەوتوە.
لە بارەی ژمارەی وێستگەی
پاسەکانەوە وتی: ئەو وێستگانە لە ساڵی 2012 وە دروستکراون، جگە لەوەی زۆرینەیان شکێندراون،
ژمارەکەشیان کەمە، لە ئێستادا سلێمانی پێویستی بە زیاتر لە 130 وێستگەی دیکە هەیە.
ڕاشیگەیاند؛ بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە و گەیاندنی سلێمانی بڕیاری داوە لە سەر
داھاتی خۆی لە سەرەتای ساڵی نوێوە سەرجەم وێستگە شکاوەکان چاک بکاتەوە و ژمارەشیان
زیاد بکەن، هەوڵیش دەدەن لە ڕێگەی کامێرای چاودێیەوە ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە کە هەڵدەستن
بە شکاندنیان.
لەبارەی ئەوەی کێ
شکاندونی دیجیتاڵ میدیای کەی ئێن ئێن پەیوەندی بە سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی
سلێمانیەوە کرد و پێی وتین؛ لەم ساڵدا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە لەسەر ئەو بابەتە و هیچ کەسێکیش سکاڵای تۆمار نەکردوە.
لە ناو شاری سلێمانی 23 هێڵی پاس هەیە، هەر هێڵە و چەندین وێسگەیان بۆ دابینکراوە تا سەرنشینەکان لە چاوەروانی
پاسدا لە سەرما و گەرما پارێزراوبن، بەڵام بەشی زۆری ئەو وێستگانە شکێندراون و ساڵانێکیشە
چاکنەکراونەتەوە.
148 جار خوێندراوەتەوە