وەزارەتى دارایی هەرێم راگەیەنراوێکى لەبارەى
موچەى ساڵى 2024 بڵاوکردەوە و دەڵێت: سەربارى دەستوریبون و بڕیارەکەى دادگاى
فیدراڵى و بونى تەرخانکراوى پێویست لە خشتەى یاساى بودجە، حکومەتی فیدراڵ پێشێلی
مافە دەستوریەکانی خەلکی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادە نییە شایستە داراییەکانی
هەرێمی کوردستان وەک خۆی بنێرێت.
ئابورى:KNNC
بەپێی راگەیەنراوەکەى وەزارەتى دارایی؛ کۆى تەرخانکراوى ساڵى 2024
زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار بوە، بەڵام پێویستى موچەى فەرمانبەرانمان نزیکەى 12
ترلیۆن دینار بوە و دەڵێت: هەوڵمانداوە لەڕێی مناقەلەوە کۆرتهێنانەکە پڕ بکەینەوە
و عێراق تەنها زیاتر لە 10 ترلیۆن دینارى بۆ موچە ناردوە و زیاتر لە 823 ملیار دیناریش
ماوە کە بۆ هەرێم خەرج نەکراوە و حکومەتى فیدراڵ دەیەوێت فەرمانبەران و موچەخۆران
بکاتە قوربانیی کێشەکانى خۆى.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە داهاى ناوخۆ بۆ هەرێمى کوردستان ساڵى رابردو،
هەردو سەرۆک وەزیرانى هەرێم و عێراق رێککەوتبون و بۆ ماوەى پێنج مانگ نێردراوە کە
بڕەکەى زیاتر لە 399 ملیار دینار بوە، بەڵام کە کورتهێنان دورستبوە لە دابەشکردنى
موچە، بەناچارى کێشەکە بە داهاتى ناوخۆ چارەسەر کراوە.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە لەسەرتاى ساڵى 2024 تا مانگى تشرینى یەکەم
هەرێمى کوردستان نزیکەى 960 ملیار دینارى لە داهاتى ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەى
کورتهێنانى موچە تەرخان کردوە، بڕەکەى دیکەیش کە دو ترلیۆن دینارە بۆ پێشکەشکردنى
خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتییان خەرج کراوە و دەشڵێت: پڕۆژەکانى دیکەش لە تەواوى
ناوچەکانى هەرێم سەرجەمیان لەسەر داهاتى ناوخۆ بون.
لەبارەى هاوتاکردنى موچەى خانەنشینانیشەوە وەزارەتى دارایی دەڵێت: 60
ملیار دینار تەمویلى موچەى زیاد کردوە، بەڵام وەزارەتى دارایی عێراق یەک دینارى بۆ
خەرج نەکردون و بڕیارەکەى دادگاى
فیدراڵیان جێبەجێ نەکردوە و تەمویلەکەى لە داهاتى ناوخۆ خەرج کراوە، بەپێی
زانیارییەکانى وەزارەتى دارایی تەمویلى موچەى مامۆستایانى گرێبەست و وانبەێژانیش
کە کراون بە گرێبەست تەواوى لە داهاتى ناوخۆ پڕکراوەتەوە کە بڕەکەى 20 ملیار دینار
بوە.
لەبارەى موچەى مانگەکانى 11 و 12 ەوەزارەتەکە دەڵێت: بۆ مانگى 11
پێویستمان بە یەک ترلیۆن دینار بوە، بەڵام عێراق تەنها 631 ملیار و 335 ملیۆنى
ناردوە، بۆ مانگى 12ش هەر نزیکەى یەک ترلیۆن دینار پێویست بوە، بەڵام بڕیار لەسەر
ناردى 441 ملیار و 493 ملیۆن دراوە، بۆیە لە سێ موچەى ساڵى رابردو یەک ترلیۆن و
167 ملیار دینار لە تەمویلەکەیان بڕاوە.
جەختیش دەکاتەوە کە هەفتەى داهاتو دەست بە دابەشکردنى موچەى مانگى 11
دەکەن و سورن لەسەر بەدەستهێنانى موچەى مانگى 12 و دەڵێن:لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە دابینی بکات و
ئاشکرایدەکات کە وەزیرى دارایی عێراق بەڵێنیداوە تەمویلى مانگى 12 بکات و کێشەى
تەمویلى مانگى 11ش بکات.
296 جار خوێندراوەتەوە