بزوتنەوەى گۆڕان: ساڵى نوێ بە گۆڕانکاریی لە گوتار و نەهجى نوێی سیاسیی بە پێشرەویی دەنگ و داواى خەڵک دەستپێدەکەین

KNN : Kurdish News Network
03:05 - 31/12/2024
کوردستان
+
-

بزوتنەوەى گۆڕان بە بۆنەى هاتنى ساڵى نوێی 2025 پیرۆزبایی ئاڕاستەى هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ لەئێستادا ناوچەک بە گۆڕانکاریی گەورە و چاوەڕوانکراودا تێدەپەڕێت و داوا دەکات هەمو لایەنەکان بە گیانى بەرپرسیارێتی نیشتیمانییەوە ناکۆکییەکانیان بەلا بخەن.

 

بزوتنەوەکە جەختیش دەکاتەوە کە بەهۆى دابەشنەکردن و دواکەوتنى موچەوە ژیانى هاوڵاتییان خراپە و داواش دەکات دواى 70 رۆژ لە بەڕێوەچونى هەڵبژاردنەکان پەرلەمانى کوردستان کارا بکرێتەوە و حکومەتى نوێ پێکبێت.

 

ئەوەش دەخەنەڕو کە ساڵى نوێ، بزوتنەوەى گۆڕان بە گۆڕانكاری لە گوتار و نەهجی نوێی سیاسی لە پێشڕەوی دەنگ و داواكاری رەوای خەڵك دەستپێدەكات، بە ئامانجی چاودێریکردن و  باشکردنی رۆڵى دامەزراوە فەرمیەکان و نوێنەرایەتیکردنی خەم و داواکارییەکانی هاوڵاتیان.

دەقى پیرۆزباییەکەى بزوتنەوەى گۆڕان:



ساڵی نوێتان پیرۆز بێت

بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینی 2025 گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هاونیشتمانیان لە ناوەوە و دەرەوەی  هەرێمی کوردستان دەکەین.

لەکاتێکدا هەنگاو بۆ ساڵێکى نوێ دەنێین، ناوچەکە بەرەو گۆرانکارى نوێ و خێرا هەنگاو دەنێت، گەلەکەمان لەبەردەم زنجیرەیەک دەرفەت و ئاڵنگارى و پێشهاتى چاوەڕوانکراودایە. بزوتنەوەى گۆڕان، وەک هێزێکى نیشتمانى بەرپرسیار، کە خاوەن بەرنامە و هێلى نیشتمانییە بۆ هەرێمى کوردستان. پێی وایە گۆرانکارییەکان، ئەوە لە هەموو لایەنەکان دەخوازێت، کە بە گیانى بەرپرسیارێتى نیشتمانییەوە ناکۆکى ململانێکان بەلا بخەن و ڕۆڵی گرنگی خۆیان لەم چرکە ساتە مێژوویەدا ببینن، بەشێوەیەک ئاڵنگارییەکان کەمبکەنەوە و دەرفەتەکان بقۆزنەوە، لە پێناوى ئایندەیەکى باشتر بۆ گەلەکەمان.

سەبارەت بە دۆخى هەرێمى کوردستان، ژیانى فەرمانبەران و گوزەرانى هاونیشتمانیان بەهۆی دواکەوتنى مووچەى دوو مانگى ساڵى (٢٠٢٤) خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا (70)  رۆژ بەسەر هەلبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستاندا تێپەریوە، بۆیە پێویستە بە زووى پەرلەمانى كوردستان چالاک بکرێت و  پێکهێنانى حکومەتى هەرێمى کوردستان خێراتر بکرێت، پێداویستى و خەمی خەڵک بکرێتە پێشینەى کارەکان.

هەر بۆیە، ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بە گۆڕانكاری لە گوتار و نەهجی نوێی سیاسیمان ساڵێكی نوێ لە پێشڕەوی دەنگ و داواكاری رەوای خەڵك دەستپێدەكەین، بە ئامانجی چاودێریکردن و  باشکردنی رۆڵى دامەزراوە فەرمیەکان و نوێنەرایەتیکردنی خەم و داواکارییەکانی هاوڵاتیان.

لە کۆتاییدا، ئومێدەوارین ساڵی نوێ، ساڵى خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیان بێت.

بزوتنەوەی گۆڕان
٣١ی ١٢ی 2024

136 جار خوێندراوەتەوە