ئەندامانی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچون بۆ هۆكاری دواكەوتنی موچە دەكەن و وەزارەتی
دارایش دەڵێت: پابەندن بە پرۆسەی دابەشكردنی موچەوە.
هەواڵ:
(KNNC)
جەواد یاساری،
ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیاكانی راگەیاند: تا ژمارەیەكی زۆر لە
فەرمانبەرانی حكومەت موچەی مانگی (12ـی
2024)ـیان وەرنەگرتوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن بەدواداچون
بۆ هۆكاری خەرجنەکردنی موچە دەكەن، لە كاتێكدا هۆكاری نەبونی نەختینەیی لەلایەن
وەزارەتی داراییەوە رەتكراوەتەوە.
وتیشی: هیچ
پاساوێك بۆ دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران نیە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا هۆكاری
راستەقینە ئاشكرانەكراوە، ئەم دواكەوتنە وایكردوە كە موچەخۆران مەترسیان لەسەر
دابەشنەكردنی موچەی مانگەكانی ئایندە هەبێت.
دوێنێ یەکشەممە،
وەزارەتی دارایی عێراق رەتی كردەوە كەبەهۆی نەبونی نەختینەییەوە دابەشكردنی موچەی
مانگی (12ـی 2024) دواكەوتبێت و داوای لێبوردنی لە فەرمانبەرانی دەولەت كردو
جەختیشی كردەوە كە پابەندە بە پرۆسەی دابەشكردنی موچە لەكاتی خۆیدا.
وەزارەتی
دارایی عێراق داوای لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا
کرد؛ لە گەیاندنی زانیارییەكاندا بۆ وەرگرەكانتان وردتربن و پێش بڵاوکردنەوەی
هەواڵ لەسەرچاوە باوەڕپێكراوەكانەوە زانیارییەكان پشتڕاستبکەنەوە، وەزارەتەكە ئاماژەی
بەوەشکرد؛ دەرگاکانی وەزارەت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانتان لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە كراوەدەبن.
1248 جار خوێندراوەتەوە