ئەودیوی جێندەر

سەرەتا نەمئەویست لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکەمەوە، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاوترە دوای ئەوەی کە هەردو بەرەی لەگەڵ و دژە جێندەر تا ئاستێک خاوبونەوتەوە و ئەکرێ بەهەناسەیەکی ترەوە بۆ بابەتەکە بڕوانن، ئەم وتارە پەردە لەسەر بەشێک لە شاراوەکان هەڵئەماڵێ و هەردو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ڕونتر ئەخاتە بەردەستی خوێنەر.

پێناسەی جێندەر/ڕەگەز:
جێندەر زیاتر لە پێناسەیەک هەڵەگرێ و بەشێوەی جیاواز باسی لێوەکراوە هەربۆیە تێگەشتنی جیاوازیشی لەناو کۆمەڵگەی کوردیا هێناوەتە ئاراوە.

جێندەر واتە پێناسەی هەستی مرۆڤ بۆ دیاریکردنی ڕەگەز. هەستی مرۆڤ بەرامبەر بەخۆی نەک بونە بایلۆجییەکەی، واتە هەرکەسێ ئەتوانێ ڕەگەز دیاربکات نەک بونی بایۆلۆجی.

جێندەر ڕێگە ئەیا خود جۆری ڕەگەز بەپێی خواستی حەز و ئارەزوە سێکسییەکانی خۆی دیار بکات نەک بونە بایۆلۆجییەکەی.

جێندەر واتە دایرکردنی جۆری کۆمەڵایەتی وە دژی ئەو هەڵاوردەیەیە کە لەسەر بنەمای ڕەگەز ئەکرێ.

جێندەر ئەو ڕۆڵ و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتیانە ڕەتئەکاتەوە کە لەسەر بنەمای بونی بایۆلۆجی و ئەو ڕەفتار و ڕۆڵ و چاوەڕوانیانە بنیاتنراون کە کۆمەڵگە بۆ بەهەریەک لە ژن و پیاو دیاری کردوە.

مەوسوعەی بەریتانیا بەم شێوە پێناسەی جێندەری کردوە: هەستی مرۆڤ بە خودی خۆی، ئەگەر نێرە یان مێ. ناسنامەی جێندەر جێگیرنییە بەو ڕەگەزەی مرۆڤ پێوەی لە دایکبوە.

پەیمانگەی کەنەدی بۆ توێژینەوەی تەندروستی بەم شێوە پێناسەی کردوە. جێندەر بریتییە لە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی کەسێک نەک ئەو ڕەگەزە بایۆلۆجییەی کە پێوەی لەدایکبوە، بەڵکو بریتییە لەو ڕەگەزە کۆمەڵایەتییەی کە دەکرێت کارتێکراو بێت لەلایەن چەندین بارودۆخی کۆمەڵایەتیەوە.

وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزاری مرۆیی ئەمریکا بەم شێوە پێناسەی کردوە: سێکس بریتیە لە جیاوازییە بایلۆجۆییەکانی نێوان نێر و مێ، کە خۆی لە کرۆمۆسۆم و ئۆرگانەکانی زاوزێ و جیاوازی هۆرمۆنەکان و چەند شتێکی دیکە ئەبینێتەوە، بەڵام "جێندەر" ئاماژەیە بۆ ڕۆڵ و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییە بنیاتنراوەکان، یاساییەکان و کارتێکەرەکان کە لە چوارچێوەیەکی مێژویی و کولتوریا ڕوئەیەن، لە سەرانسەری کۆمەڵگاکان، بە تێپەڕبونی کات ئەگۆڕێن.

توێژینەوە و جێندەر/ڕەگەز:
جێندەر/ڕەگەز بریتییە لە، مەودای تایبەتمەندییەکانی پەیوەست بە مێینەیی و پیاوسالاری و جیاوازیکردن لە نێوانیانا. زۆربەی کولتورەکان "دوانەی ڕەگەزی" بەکارئەهێنن، کە تێیا ڕەگەز دابەش ئەکرێت بەسەر دو پۆلا، مرۆڤەکان بە (کوڕ/پیاو و کچ/ژن) دائەنرێت، ئەوانەی لە دەرەوەی ئەمانەن لەوانەیە بکەونە ژێر زاراوەی "چەتری نا-دوانەیی". زۆربەی زانایان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ڕەگەز تایبەتمەندییەکی ناوەندییە بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی.

لە چوارچێوەی ترا زاراوەی جێندەر بۆ جێگرتنەوەی سێکس بەکارئەهێنرێت بەبێ ئەوەی نوێنەرایەتی جیاوازییەکی چەمکی ڕون بکات. بۆ نمونە لە لێکۆڵینەوەکانی ئاژەڵە غەیرە مرۆییەکانا. جێندەر بە شێوەیەکی باو بۆ ئاماژەکردن بە ڕەگەزی بایۆلۆژی ئاژەڵەکانیش بەکارئەهێنرێت.

زانستە کۆمەڵایەتییەکان لقێکی تایبەت بە توێژینەوەی ڕەگەز/جێندەریان هەیە. زانستەکانی دیکەش وەک سێکسۆلۆژی و زانستی دەمار، گرنگی بەو بابەتە ئەیەن. زانستە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک جار وەک بنیاتێکی کۆمەڵایەتی لە جێندەر/ڕەگەز نزیک ئەبنەوە، لە کاتێکا زانستە سروشتییەکان لێکۆڵینەوە لەوە ئەکەن کە ئایا جیاوازییە بایۆلۆژییەکان لە مێینە و نێرینەکانا کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی ڕەگەز لە مرۆڤا هەیە؛ هەردو لێکۆڵینەوەکە ڕژد ئەکەنەوە کە جیاوازییە بایۆلۆژییەکان تا چەند کاریگەرییان لەسەر دروستبونی "ناسنامەی جێندەری/ڕەگەزی" و "ڕەفتاری جێندەر/ڕەگەزی" هەیە. هەروەها لە هەندێک ئەدەبیاتی ئینگلیزیا، سێ بەش لە نێوان "سێکسی بایۆلۆژی، ڕەگەزی دەرونی و ڕۆڵی ڕەگەزی کۆمەڵایەتیا" هەیە. ئەم چوارچێوەیە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٨ لە توێژینەوەیەکی فێمینیستیا سەبارەت بە ترانس سێکسوالیزم دەرکەوت.

هاوردەکردن:
جێندەر چەمکێکی کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکانە نەک بەرهەمی تێچەنی هزری کوردی، هاوشێوەی دیموکراسی، لێبرالیزم و سێکۆلاریزم. ئێمەی ڕۆژهەڵاتی بەتایبەتی کورد بەکاربەری ئەم چەمکانەین نەک خوڵقێنەر، بۆیە گرنگە پێش هەر شتێک بە زانکۆکانا تێپەڕینرێن و پاشان بخرێنە بەردیدی خەڵکی/عەوام.

بیرمانەچێ بەشێکی لایەنە ئیسلامییەکان کێشەی زۆریان لەسەر چەمکی دیموکراسی و پەرلەمان هەبو وە بە کفر و حەرام و بەرەڵایی وەسفیان ئەکرد، پاشان هەر خودی خۆیان بون بە ئەندام پەرلەمان لە ڕێگەی بەشداری کردنی هەڵبژاردنەکانەوە کە داهێنانێکی دیموکراسییە.

لە ئایستایا کار گەشتۆتە ئەوەی جێندەر/ڕەگەز وەک کفر و ئیلحاد بناسێنرێ و ناوهێنانی ببێتە ئابڕوبەر، هەروەک چۆن لە پێشترا وشەی “تیاترۆ” وەک هەجو بەکارئەهێنرا و تا ئێستاش هەروا باوە، لەکاتێکا “تیاترۆ” کە ئەکاتە “شانۆ” لە پەیمانگاو زانکۆکانا ئەخوێنرێ، چونکە ئەو سەردەمەش شانۆ بەکاريکی نەشیاو ئەبینرا تا کار گەشتە ئەوەی تیاترۆ ببێتە هەجو بەرامبەر خانمان.

هۆکاری سەرهەڵدانی جێندەر:
زۆر گرنگە پێش هەر شتێک بگەڕێینەوە بۆ هۆکاری سەرهەڵدانی هەر چەمێک بەتایبەتی چەمکە هاوردەکراوەکان، چونکە بۆ هەر یەکێکیان کۆمەڵێک هۆکار و پێویستی وایکردوە کە هەر یەکێک لەم چەمکانە لەدایکبن.

جێندەر کاتێ سەریهەڵا کە لەڕێگەی داب و نەریتەوە جیاکاری نێوان نێر و مێ گەشتە ئاستی چەوسانەوە، کاتێک کە داهێنانە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ بونە ئامرازێک بەدەستی نێرینەوە بۆ زاڵبون بەسەر مێیەکانا، ئیتر لێرەوە بەپێویستزانرا کە جیاوازی بایۆلۆجی و ڕەگەزی/جێندەری مرۆڤ ناکرێ بکرێنە بنەما بۆ دابەشکاری ئەرک و ماف.

ئەمە هۆکاری هاتنە کایەی جێندەربو، ئیتر لە دوای ئەمەوە هەندێک شتی لاوەکی تێکەڵکراوە کە تەنانەت لە ڕۆژئاواش تا ئێستاش بۆچونی جیاوازی لەسەرە، هەر بۆ نمونە حیزبە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا یەکێک لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دژایەتی هاوڕەگەزبازییە و زۆربەشیان لە ئێستایا یان بون بە پێکهێنەری حکومەت وەک پارتی "برایانی ئیتالیا" بە سەرۆکایەتی جۆرجیا مێلۆنی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتاڵیا، یان بون بەدوەم گەورە حیزب لەسەر ئاستی وڵاتی سوید وەک پارتی "سویدیە دیموکراتەکان" بە سەرۆکایەتی ییمی ئۆکەسۆن.

جێندەر باکگراوندێکی قوڵی هەیە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بەڵام تا ڕادەیەک نامۆیە بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، بگرە زۆرینەی ڕەهای خەڵک تەنانەت ناتوانن پێناسەشی بکەن.

هەندێک ئەڵێن جێندەر بابەتێکی هەنوکەی نییە، پرسی زۆر گرنگتر هەیە قسەو باسی لەسەر بکرێ، لەڕاستیا گرنگە هەمو ئەو چەمکانەی لە ئێستا و لە داهاتوا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دائەنێن بە خەڵکی/عەوام بناسرێن پێش ئەوەی لە ڕێگەی یاساوە کاری پێبکرێ یان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەمەش کاری زانکۆکانە.


جێندەر و هاوڕەگەزخوازی:
جێندەر ڕێگە خۆشکەرە بۆ دیارکردنی ڕەگەز بەو جۆرەی کەسەکە پێیخۆشە، واتا جێندەر کارئاسانی ئەکا بۆ هاوڕەگەزخواز تا نکۆڵی لەبونی بایۆلۆجی خۆی بکات کە هەیە و ئەبینرێ، وە ناساندنی خۆی بەوەی کە خودی خۆی هەستی پێئەکا نەک وەک ئەوەی کە ئەبینرێ و دەرەکەوێ، لەکاتێکا لەسەرەتایا ئەمە بەشێک نەبوە لە مەغزا و ناوەرۆکی جێندەر، بەڵکو تێهەڵکێشکراوەتە ناوی، جا ئیتر ئەگەر بەرەی لەگەڵ جێندەر بڵێن هاوڕەگەزخوازی لە جێندەرا جێینابێتەوە، یان بەرەی دژ بڵێن جێندەر واتە هاورەگەزبازی ئەوا هەوردولایان هەڵەن، چونکوم لە ئێستایا هاوڕەگەبازی تێهەڵکێشی جێندەر کراوە لە هەندێک شوێن ئەگەرچی لە ڕۆژئاواش بەرەیەک لەگەڵ و بەرەیەک دژن، واتە جێندەر بەسودی هاوڕەگەزبازی دانەهێنراوە بەڵام لە ئێستایا دژایەتیشی ناکا.

هاوارەگەزبازی بابەتێکە زۆر لە جێندەر کۆنترە، بگرە هێندە کۆنە هەندێک پێیان وایە ئەم دیاردەیە هەر لەگەڵ دروست بونی مرۆڤەوە بونی هەبوە و سەرەتا وەک نەخۆشی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، تەنانەت لە پەڕتوکە ئاینیەکانیشا باسی لێوەکراوە.

هاوڕەگەزباز لە ئێستایا بۆتە بابەتێک کە بەزۆر جۆر و شێوەی جیاواز سودی لێئەبینرێ، هەر بۆ نمونە هەندێک حیزب و ڕێکخراو مافی هاوڕەگەزباز وەک بانگەشەی دیموکراسی بونی خۆیان بەکارئەهێنن، هەندێکیش بەپێچەوانەوە لەڕێگەی دژایەتی و ناساندنی وەک دیاردەیەکی نامۆ و نەخۆشی باسی لێوەئەکەن، کە لەڕاستیا هەردو بەرە سود و بەرەژەوەندی ئایدۆلۆژیا و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانی خۆیان هەیە ئەگەرنا ئەم دیاردەیە هەر هەبوە بەڵام ئێستا پەردەی شەرم و ترسی لەسەر لابراوە و کارێک کراوە و ئەکرێ هەندێک ئەگەر تێکچونی هۆڕمۆنی و لادانی کۆمەڵایەتیشیان نەبێ بەڵام واخۆیان ئەناسێنن یان وەک هەر کاڵا و شتێکیتر تاقی ئەکەنەوە.

هاوڕەگەزبازی بۆ؟
یەکێک لە گرنگییەکانی ڕۆژئاواییەکان ڕاگرتنی زۆربونی ژمارەی مرۆڤە، ئاشکرایە کە زۆر باس لەوە ئەکرێ کە ژمارەی مرۆڤەکان زیابوە، کۆمپانیا گەورەکان مەبەستیانە ژمارەکە لە هەشت ملیار نەک زیاتر نەکا بەڵکو باس لەوەئەکرێ کە لەڕێگەی ڤایرۆسی نمونەی کۆڤید یان جەنگی جیهانی سێیەمەوە کەمتری کەنەوە بۆیە ئەکرێ برەودان بە هاوڕەگەزبازی هۆکارێک بێت بۆ ڕاگرتنی زیادبونی مرۆڤ "تحدید النسل". ئاشکرایە پێکهێنانی خێزان تەنها لەبەر نەوە خستنەوە نییە بەڵکو ژن و پیاویش چێژی جەستەی لێوەرەگرن و لەو ڕێیەشەوە ژمارەی مرۆڤ بەرەو هەڵکشان ئەڕوا، یەکێک لە تێورییەکاان ئەوەیە کە چێژی جەستە لەنێوان دو ڕەگەزی هاوبەشا بە ئاسای وەرگیرێ و لەڕێگەی نەریت و بەها باڵاکانەوە ڕێگەی پێنەگیرێ بەوجۆرەش ژمارەی مرۆڤ وەک ئێستا زیاناکا کە بەبۆچونی بەندە ئەمە کارێکە دژی کۆی مرۆڤایەتی و نابێ ڕێگەی پێبیرێ.

سزا:
هەرشتێک پێچەوانەی سروشتبێ بەزەرەر ئەشکێتەوە، بۆ بەردەوامی ژیان هەمیشە دو ڕەگەزی جیاواز ئەبێ بونی هەبێ و بەتەنها یەک ڕەگەز بون بەرەو کۆتای ئەچێ، جگە لە ئاژەڵ و باڵندەکان تەنانەت درەختەکانیش پێویستیان بە دو ڕەگەزی جیاواز هەیە ئەگەرنا درەختێکی زڕ و بێ بەرهەم ئەبێ، لەو ڕوانگەیەوە هەرشتێ پێچەوانەی سروشتی بونبێ ڕوبەڕوی ئاستەنگ و سزا ئەبێتەوە.

سزا دو جۆری هەیە "فەرمی و نافەرمی"، سزای فەرمی لەڕێگەی دادگاکانەوە دیاری ئەکرێ و سزای نافەرمیش لە ڕێگەی کۆمەڵگەوە.

کاتێک بابەتێک یاسایبێ یان بە یاسا پارێزگاری لێبکرێ و دادگاکان نەتوانن سزای بەسەرا بسەپێنن بەڵام لە هەمان کاتیشا نامۆ و قبوڵکراوی کۆمەڵگە نەبێ، ئەوا لەو کاتەیا سزای دوەم جێبەجێئەکرێ "سزای نافەرمی نەریت و کلتور"، لێرەیا کۆمەڵگە خۆی سزا دیاریئەکا و هەرخۆشی ئەسەپێنێ بۆ نمونە، شاربەدەرکردن یان پچڕاندنی کۆی پەیوەندییەکان، دابڕان لە چواردەور، هەجو ناونەتۆرە....هتد.

بەرگرتن:
هاتنی جێندەر وەک هاوردە تەکنۆلۆجیاکانە کە بەرپێنگرتنی ئاستەم نییە بەڵام ئاسانیش نییە، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئامێرە زیرەکەکان بون بەپێویستییەکی کۆمەڵگە و لە هەمو ماڵێکا هەن بەجۆرێک ئیسلامی و باوەڕدار، بێ باوەڕ، مناڵ، گەورەم ژن و پیاو هاوشانی یەکتر بەکاریئەهێنن ، بونی ئامێری زیرەک و تۆڕی کۆمەڵایەتی هۆکاری سەرەکی هاوردەکردن و گواستنەوەی چەمک و هەواڵ و داهێنانە نوێیەکانن بەبێ خواستی کۆمەڵگە و خود، هەر لەو ڕێگەیەشەوە چەمکەکان ئەخزێنێتە ناو کۆی کۆمەڵگە جیاوازەکان.

لە ئێستایا لە کۆمەڵگەی کوردیا جێندەر وەک واتا بنەڕەتییەکی خۆی دور لە تێخزانە نوێیەکانی هاوشێوەی ڕەگەزبازی بە کردار جێبەجێئەکرێ و خەڵکی دەستخۆشیش ئەکا کەچی دژایەتی خودی چەمکەکە ئەکرێ بۆ نمونە کە خانمان لە بازاڕەکانا بون بە چایچی و خاوەن چێشتخانە و شوفێر و دوکاندار و خاوەن کۆمپانیا، پۆلیس، پێشمەرگە….هتد لەکاتێکا پێشتر ئەم کارانە ڕێگەپێیرا و نەبوە بۆ خانمان.

لەبەر ئەوەی جێندەر پێناسەی جیاجیای بۆ کراوە و ئەکرێ تەنانەت لە ڕژۆئاواش بۆیە گرنگە زانکۆکان پێناسەیەک داڕيژن لەسەر مەغزا و ناوەرۆکی وشەی جێندەر تا کاتێک بەکارهێنرا ئەو هەستیارییە دروست نەکا کە ئێستا دروستی کردوە ئەمەش لەپێناوی ئاشتی کۆمەڵایەتی.


جەستەم:  My body
جەستە سەنتەرە، من و جەستەم، واتا دابڕان لەگەڵ دەرەوەی جەستە و لەو ڕاستییەی تیایا ئەژیت.

پرۆژەی جەستەم من خۆم خاوەنیم کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی لە پشتەوەیە، بۆ گۆڕینی ستراکچەری کۆمەڵگە واتە گۆڕینی کلتور و نەریت و دەستەبرداربونی سەپێنراوەکان، واتە شیوازی ژیانکردنی نوێ لەڕێگەی بەریەککەوتنی هەردو ڕەگەزی نێر و مێ. سەرەتا ئەم پرۆژەیە بەمەبەستی هاوکاری و پارێزگاری کردن لە مرۆڤی لاواز و کەم بەرگری و مناڵ و کچ و ژنان بو بەڵام هەندێ ڕێکخراو و حیزب و وڵات بۆ مەبەستی هاوڕەگەزخوازی بەکاریانهێنا بوە پاڵپشتێکی یاسای بۆیان.

واتا "بوەستە جەستەی منە" دەستەواژەیەکی سویدییە و فێری مناڵان ئەکران.”Stopp min kropp”

ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوەبو کە مناڵان و کچ و ژنان لەناو خێزان و دەرەوەی خێزانا ئازار نەیرێن و توشی دەستدرێژی سێکسی نەبنەوە، دواتر ئەمەش بوە بەشێک لە چەکی دەستی هاورەگەزخوازەکان.

لێرەوە بۆمان ڕونئەبێتەوە کە جێندەر دەروازەی هاوڕەگەزبازی نەبوە، بەڵکو دەروازەی هاوڕەگەزبازی سەرەتا لە ڕێگەی موئەسەساتی ئەکادیمییەوە بوە هەتا گەشتۆتە یاسا.

بۆیە گرنگە کاتێ ڕوبەڕوی هەر دیاردەیەک ئەبینەوە یان ڕوبەڕوی کۆمەڵگا ئەبینەوە گرنگە ئەوە لەبیرنەکەین کە پاکتاوی یەکتر نەکرێ و هەموی نەخرێتە خانەیەکەوە، چونکوم زۆرینەی ڕەهای ئەوانەی قسەیان لەسەر دیاردەکان هەیە خەڵکانی دڵسۆزن و هەریەکەی لە تێگەشتنی خۆیەوە پێی باشە بەجۆرێک خزمەت بەکۆمەڵگا بکات.


بەختەوەری یان چێژ؟
دو ڕێکخراوەیی کلتوری جیاواز هەیە ئەوانیش ژیانی بەختەوەر یان چیژ لە ژیان.

بەختەوەری واتا هەمومان بەختەوەرین بەیەکەوە و خۆشیی و ناخۆشی لەگەڵ یەکا دابەش ئەکەین، نمونەی شای و شین و سەیران و بۆنەکان. بەڵام جێژ بۆ تاکە واتا خود خۆی چێژ وەرەگرێ و دابەشی ناکا، نمونەی سێکس کردن واتە خۆت و جەستەت بەبێ چورادەور، بەلایەکی ترا واتا گۆڕینی نەریت و کلتوری پێکەوەیی کە بەختەوەریەکەی بۆ کۆمەڵگەیە بۆ چێژ کە تەنها بۆ خودە.

بەکورتی نزیکبونەوەی دو ڕەگەزی جیاواز ژن و پیاو یان یەک ڕەگەز بەمەبەستی سێکس هەر بۆ چێژە بەجیاوازی ئەوەی یەکەمیان سروشتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان پتەوتر ئەکات و سەرەنجام بەختەوەری ئەهێنێ، پێچەوانەکەشی ڕاستە.


کێ پارێزەری بەها باڵاکانە؟
خێزان، پەروەردە، سیستمی کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەی بەهایی کلتوری، خەڵکی ئایندار و بێ ئاین هەردولا بەبێ بیرکردنەوە لە ئاین پارێزەی ئەو بەهایانەن، چونکە لە ماناڵییەوە تا هەرزەکاری بە سیستمی پەروەردەی کۆمەڵایەتی ئەشێلرێ و تیا ئەتوێنرێتەوە بۆیە کاتێ گەورەش ئەبێ ئەگەر کەسە باوەڕداربێ یان بێ باوەڕ ئەوا پێکەوە پارێزگاری لەهەمان بەهاو سیستمی کۆمەڵایەتی ئەکەن، بۆیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر دیاەدەیەک کە کۆمەڵگە پێی نامۆیە و ڕەتی ئەکاتەوە ئەوا ئەبێ تەنها پەنا بۆ پەروەردەی کۆمەڵایەتی ببرێ و لەو ڕێگەیەوە کار بکرێت بۆ ڕاگرتنی، چونکوم لەڕیکەی ڕامیاری و ئابورییەوە هەرگیز سەرکەوتو نابی هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەو دوانە سیستمێکی زەبەلاحی جیهانین و سیاسەت و ئابوری تەنها وڵاتێک یان کۆمەڵگەیەک توانای ڕاگرتن و ڕوبەڕوبونەوەی ئەوانەی نیە بەڵام لەڕێگەی پەروەردەی کۆمەڵاتییەوە ئەکرێ بەری پێبگیرێ.

چارەسەر:
کاتێ ئەتەوێ ڕوبەڕوی هەر دیاردەیەک ببیتەوە گرنگە سەرەتا بگەڕیی بەدوای هۆکارەکەیا، بۆ نمونە ئەگەر بۆشاییەک نەبێ جێندەر و فێمێنیزم نایەنە ئاراوە، خۆ ئەگەربشتەوێ ڕوبەڕوی جێندەر و فێمێنیزم ببیتەوە ئەوا ئەبێ جێگرەوەیەکی کلتوری پێشکەش بکەیت و ستایلی ژیان گۆڕانکاری بەسەرابێت، دەست لە زوڵم و چەوسانەوەی مناڵ، ژن و خاوەنپێداویستی تایبەت، پیر، گەنج تەنانەت پیاویش هەڵگیرێ، ستەم کەم بێتەوە، دادپەروەری جێبەجێ بکرێ ئەمەش تەنها بە دەسەڵات ناکرێ بەڵکو ئەرکی سەرشانی کۆمەڵگەشە، ئەبێ هەرکەسەو لە خێزانەکەی خۆیەوە دەست پێبکات بەمەش گۆڕانکاری لە ڕێکخراویی بەهایی کلتوریا ئەکرێ بەبێ دەستی دەرەکی و دەستبردن بۆ قبوڵنەکراوەکان، خۆ ئەگەر بڕیاریش وابێ کە جێندەرو فێمێنزم ڕەتکرێتەوەو جێگرەوەیەکی کلتوریش پێشکەش نەکرێت ئەوا ئیتر ئەکەویتە "دەرەوەی واقع" یان دەرەوەی مێژو.

127 جار خوێندراوەتەوە