سوريا بۆ ڕوخا (2)؟

(هەسەدە) و كورد چانسى سەركەوتن يان شكست؟

براوەى جەنگى (7)ى ئۆكتۆبەر و (8)ى سێپتمبەر ئيسرائيل-ە

پاشەكشەى هيلالى شيعى

سيناريۆكانى دواى ڕوخانى ئەسەد

ئەنوەر حسێن (بازگر)

بەشی دوەم

نۆیەم: كورد لە ڕۆژئاوا، چانسی دوەم ئەزمونی كورد

 كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان؛ یان ئەوەی پێشتر پێی دەوترا (باشوری بچوك) بچوكترین پارچەی كوردستانە لەناو دانیشتوانێكی (22) ملیۆنی سوریا بەڕێژەی (15%) واتا نزیكەی (2.5) ملیۆن دەبن و لە پارێزگاكانی (حەسەكە، دێرەزور، ڕەقە، قامیشلۆ، كۆبانێ،...) جێگەیان گرتوە.

كورد لە ڕۆژئاوا، هیچ مافێكی نەبو لەناو سیستمی سیاسی سوریادا، لە كۆتایی دەیەی هەفتاكان و هەشتاكان تا (1998)، (پەكەكە) تێیدا باڵادەست بو، سوریاش ڕێگای دابو، كە بنكە و بارەگا و كامپی ڕاهێنان و مەشق و شوێنی نیشتەجێبونی ئۆجەلان و خەرجییەكانی بگرێتە ئەستۆ و لەو ماوەیەدا (7000) كوڕ و كچی ڕۆژئاوا لەناو (پەكەكە) شەهید بون و لە دوای باكور، ڕۆژئاوا زۆرترین ڕێژەی گەریلای پێكدەهێنا. تا دەرپەڕاندنی ئۆجەلان لە (1998).

بەڵام بەدوای ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی لە ساڵی (2011) تێكچونی بارودۆخی سیاسی سوریا، (پەكەكە) لە قەندیلەوە پێشتر (ژورێكی عەمەلیات و ئۆپەراسیۆنی) دروستكرد و هێزەكانی خۆی لەژێر فەرماندەیی سەركردەكانی شاخدا سازماندا و بەپێی نەخشەیەك شوێن و پێگەی لەناو (شارو شارۆچكە و شارە دێیەكانی ڕۆژئاوا) ڕێكخستن و لەگەڵ سەرهەڵدانی پەشێوییەكان، دەستیان گرت بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتدا، لە (19-7/2012)، (پەیەدە) دەستی گرت بەسەر (كۆبانێ، عەفرین و جەزیرە) و كانتۆنەكانی ڕاگەیاند، پێشتر (پەكەكە) هێزێكی بەناوی (پارتی یەكێتی دیموكراتی سوریا) دامەزراندبو، دو باڵی (یەپەگە و یەپەژە)ی بۆ سازماندابو، بۆیە ئەوان ڕۆڵی (پەكەكە)یان گێڕا لەژێر ناوی (پەیەدە).

لە (2013) توركیا، جیا لەوەی هێزی لایەنگری خۆی دروستكرد و پشتیوانی داعشی كرد بۆ پەلاماردانی ناوچە كوردنشینەكان، بەڵام نەیتوانی ئامانجەكانی بەدیبهێنێت و بە پشتیوانی ئەمریكا و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، داعش تێكشكا و (پەیەدە) بوە ئەفسانەی شۆڕش لە ڕۆژئاوا.

تەنانەت ئالان بادیۆی فەیلەسوفی گەورەی فەڕەنسی ئەوكات وتی: "كۆبانێ دەبێتە كۆمۆنی پاریس و شۆڕشی ئۆكتۆبەر، چونكە نە زادەی ئیسلامیستە، نە بە تەنها ناسیۆنالیزمی كوردیشە، پەیەدە، پارتێكە بە ئاشكرا بانگی ئینتەرناسیۆنالیزم دەكات".
نوسەری فەڕەنسی بێرنارد هێنری لێڤی ئەوكات وتی: "كۆبانێ قوربانی حیسابە چەوتەكانی ئاردۆگانە، كە یاری بە شەیتان دەكات".

دەركەوتنی داعش لە ڕەقە و دێرەزور لە سوریا بە پشتیوانی توركیا، یەكەم هەنگاویان  دژی كورد بو، بەڵام دواتر توركیا خۆی پەلاماری ڕۆژئاوای دا و (عەفرین، سەرێ كانی، گرێ سپی و عەزازی) داگیركرد، ساڵی (2017) لەگەڵ ئەمریكا ڕێككەوت، كە دەبو (هەسەدە)، بە قوڵایی (30)كم دوركەوێتەوە لە سەر سنورەكانی، ئامانج لەمەش ئەوەبو (هەسەدە) نەچێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست.

تا ئەم ساتە، ژمارەی هێزەكانی (هەسەدە) گەیشتوەتە (115000) چەكدار و وەكو دیفاكتۆ خۆی سەلماندوە.

لەگەڵ ڕوداوەكانی (8)ی دیسمبەر و ڕوخانی ئەسەد، (هەسەدە) ناوچەی نفوزی خۆی زیاتر كرد بەڕێژەی (41%)ی خاكی سوریا بە (80000)كم چوار گۆشەی كۆنتڕۆڵكردوە.

بەڵام توركیا، گەورەترین مەترسییە لەسەر جوگرافیای كوردەكان:

- (2013) داعشی سازماندا دژی كۆبانێ.
- (2017)، (12) ناوچەی نفوزی خۆی بە ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران و ڕوسیا لە (ئەدلب) فراوانكرد.
- (2018) عەفرین، سەرێ كانی، گرێ سپی و عەزازی داگیركرد.
- (2019) كۆمەڵێ ناوچەی تری داگیركرد.
بەمشێوەیە (سەرێ كانی، گرێ سپی، عەزاز و عەفرین)ی كۆنتڕۆڵكرد، بەوە هەم مەترسی لەسەر ئاسایشی سنوری خۆی حەل كردوە، هەم تەواو ئەرخەیان بوە، كە كورد دەستی ناگاتە سەر دەریا.

دەيەم: (هەسەدە+كورد)  چانسی سەركەوتن و شكست (لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ)

كوردەكانی سوریا كە (15%) دانیشتوانی سوریا پێكدەهێن نزیكەی (2.5-3) ملیۆن دەبن، ئێستا پارێزگاكانی (حەسەكە، عامودا، ڕەقە، بەشێكی دێرەزور) بە دەستەوەیە و هاوسنوری لەگەڵ عێراق و ڕەنگە بگەنە سنوری ئوردن و لەگەڵ توركیا-ش هاوسنورن.

(هەسەدە- هێزەكانی سوریای دیموكرات) تێكەڵەیەكە لە كورد، عەرەب، توركمان، دروز، پێشتر لە ژێر ناوی (یەپەگە و یەپەژە) وەكو باڵی سەربازی (پەیەدە) ڕێكخرابون.

بەدوای ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی چانسی ئەوەیان پێ درا، ناوچە كوردنشینەكان كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام گرفتی سەرەكی (هەسەدە) ئەوەیە كە لە ڕوی (فكری، سەربازی و ڕێكخراوەیی...) سەر بە (پەكەكە)یە و فەرمان لە قەندیلەوە وەردەگرێت.

لە ماوەی (13) ساڵی ڕابردودا، بەردەوام لەلایەن توركیاوە فشاری خراوەتە سەر و شەڕ و پێكدادان لەگەڵ گروپەكانی سەربە توركیا و داعش ڕویداوە.

لە چەندین ناوچەی گرنگی وەك (عەفرین، عەزاز، باب، مەنبج، گرێ سپی، سەرێ كانی) پاشەكشەیان پێ كراوە، ڕەنگە كۆبانێ-ش لەژێر دەستیان دەربهێنرێت.

لەپاش ڕوداوەكانی (8)ی سێپتمبەر و ڕوخانی بەشار ئەسەد، بارودۆخی كوردەكانیش بە قۆناغ و هەلومەرجی جیاوازتردا تێپەڕدەبێت، كە دو قۆناغ بەخۆیەوە دەبینێت:

یەكەم: لایەنە پۆزەتیڤەكانی (دەستكەوتەكانی هەسەدە) لە سوریا

- (هەسەدە) لەسەر زەمین هێزێكی (115000) چەكداری بەبیروباوەڕی سیاسی و ئاپۆچی هەیە لە (ژنان و پیاوان)، تێكەڵەیەكی ناهۆمۆجینی، پێكهاتەكانی سوریا-شی گرتوەتە خۆی.

- جوگرافیایەكی بەزۆنی ڕەنگی زەرد لەژێر دەستدایە، كە پێكهاتوە لە (حەسەكە، ڕەقە، بەشێكی دێرەزور قائیم، ئەبوكەمال، شەهبا، دەرباسییە، قامیشلۆ، ڕیفی دێرەزور، شەدادی، مالكیە، هەجین) كە (80000)كم چوارگۆشەیە و كە دەكاتە ڕێژەیی (41%)ی خاكی سوریا.

- هاوپەیمانی پێش (8)ی سێپتمبەری (ئەمریكا، ئێران، ڕوسیا و یەكێتی) بوە، ئێستا هاوپەیمانی (ئەمریكا، ئیسرائیل، ڕوسیا و یەكێتی)یە.

- كارەكتەری سەرەكی بوە دژی داعش و پایتەختی ئەو بزوتنەوە سەلەفییە جیهادیەی لە ڕەقە تێكشاندوە.

- لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە و بەتایبەتی فەڕەنسا (چەپی فەڕەنسی) پشتگیری گەورە دەكرێت وەكو خاكی ئینتەرناسیۆنالی چوارەم سەیری دەكەن و ئومێدی زۆریان پێ هەیە.

- مۆدێلێكی سیاسی و سیستمی سیكۆلار وەك یەكی ژن و پیاو و بەشداری كەمینە و پێكهاتەكان پیادە دەكات، كە ئەم خاڵە زۆر جێگەی سەرنجی ئەوروپایە.

- (نیوەی لایەنی پۆزەتیڤی)، (هەسەدە)، ئەوەیە كە لەدایكبوی (پەكەكە)یە لە شاخ و هەڵگری فكری ئاپۆچی و كادیرەكانی ڕاهێنراوی گەریلای شاخن، ئینێرژیی، ئیمكاناتی سیاسی، عەسكەری و دارایی، لە قەندیل و برۆكسلەوە وەردەگرێت.

- ئێران، پاڵپشتی سەرەكی بو لە دوای ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی (قاسم سولەیمانی) گێڕاویەتیەوە، جارێك لە ڕۆژئاوا سەردانی كردون و داوای لێكردن و كە كۆمەڵێكی زۆر چەك و كەلوپەلی سەربازیان پێشكەش دەكات، بەڵام گەر بكرێ وێنەكانی ئۆجەلان لە بارەگاكانیان دابگرن ڕەتیان كروەتەوە، كە ئەم گرفتە هێشتا هەر ماوە.

- مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە بۆ خۆی كارەكتەری قەندیلە و كارێزمایەكی گونجاوی سوریایە.

هەمو ئەو خاڵە پۆزەتیڤانە، چانسی ئەوە دەدەنە (هەسەدە) كە لەناو پڕۆژەی سیاسی سوریا، دەستكەوتی هەبێت، بەهەمو ئەو خاڵە پۆزەتیڤانە، هەسەدە بەدوای (8)ی سێپتمبەر، دەتوانێت بەشێك بێت لە پاراستنی ئەمنی ئیسرائیل لە ناوچەكە (بە دژایەتی داعش و گروپە سەلەفییەكان، بە كۆنتڕۆڵی دەروازەكانی سنوری ڕۆژئاوا) لە بەرامبەر حەشدی شەعبی و هەژمونی ئێرانی.

دوەم: لایەنە نێگەتیڤەكانی (ئەگەرەكانی شكستەكانی هەسەدە) لە سوریا

دژایەتی سەختی توركیا و داگیركاری بەردەوام لە ناوچە كوردنشیینەكان و ناوبردنی (هەسەدە-پەكەكە) لەیەك فۆڕمدا وەكو تیرۆریست، گەورەترین گرفتی بەردەم كوردە لە داهاتودا.

پێداگری توركیا، بەدرۆخستنەوەی هەسەدە بە قوڵایی (30)كم لە سنوری توركیا، كە (سەرێ كانی تا عەزاز) تا هەرگیز كورد نەگاتە سەر سنوری دەریای سپی ناوەڕاست.

- كەمترین چانسی هەیە ئەگەر (ئەمریكا و ئیسرائیل) لە نێوان (هەسەدە- كورد)، و (توركیا) یەكیان هەڵبژێرێ ئەو چانسە بۆ (هەسەدە) نابێت.

كشانەوەی ئەمریكا بە (900) سەربازەوە لەگەڵ هاتنی (ترامپ) لە (2025) مەترسی زۆرتر دەخاتە سەر كورد و توركیا لە پەلاماری كورد دەستی ئاوەڵاتر دەكات.

ئەگەری دروستكردنی (هەرێمی توركمان) لە سنوری (ئەدلب) كە دەكەونە ناوچەكانی عەفرین، تل ڕەفعەت، حەلەب، حەما، حەمس، لازقیە، قنیطرە)، (1%)ی دانیشتوانی سوريا پێكدەهێنن و خاوەنى (ئەنجومەنی سوریای توركمان، كتاتب توركمانی سوریا، ئەنجومەنی نیشتیمانی توركمانن)، وەكو لایەنی سیاسی، واتا توركمان سێیەمین پێكهاتەی سوریا-ن دوای (عەرەب و كورد) نزیكەی (500) هەزار كەس دەبن.

سازدانی ڕوبوڕوبونەوەی نێوان (هەتەشە) و گروپەكانی سەر بە توركیا و (هەسەدە) لەلایەن توركیاوە یەكێكە لە ئەگەرە بەهێزەكان.

دروستكردنی مەترسی لەسەر (كامپی هول) كە (5000) زیندانی داعشی تێدایە.

ڕێگا خۆشكردن بۆ گەڕانەوەی داعش و پەلاماردانی ناوچە كوردیییەكان هاوشێوەی (2012) پەلاماری كۆبانێ.

گرفتێكی تری بەردەم (هەسەدە) ململانێی (13) ساڵەكەی نێوان (پارتی و هەسەدە) لە سنوری (فیشخاپور-سیمالكا)، كە سەرچاوەكەی، ململانێی مێژویی نێوان (پارتی-پەكەكە)یە.

پشگیری پارتی و توركیا لە هێزەكانی (ئەنەكەسە) كە ڕەنگە دوای (8)ی سێپتمبەر بە مەرج و داواكانی (هەسەدە) ڕازی نەبن و بگاتە حاڵەتی ڕوبەڕوبونەوە و فشاری زۆر لەسەر (هەسەدە) دروستبكەن تا شەڕی ناوخۆ.

ئێران كە تاكە دەروازەی سوریا بەدەست (هەسەدە)ەوەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ سوریا و باشوری لوبنان، بە ئاسانی دەست لە دۆستایەتی (هەسەدە) هەڵناگرێت، بەتایبەتی لە ڕێگەی دۆستە مێژویەكەی خۆیەوە (پەكەكە)، ئەمەش ڕەهەندێكی گرفت لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ دروستكرد.

(نیوەی لایەنی نێگەتیڤی)، (هەسەدە)، (پەكەكە)یە كە جیا لەوەی لە لیستی (تیرۆر)ی ئەمریكا و ئەوروپا و سێ لە سەركردەكانی(جەمیل بایك، موراد قەرەیەلان، دوران كاڵكان) داواكراوی ئەمریكان بە (12) ملیۆن دۆلار، (هەسەدە) وەكو حزبی ڕۆژئاوای (پەكەكە) ناسراوە و لە ئێستادا هەمو ئیمكانیاتی (سیاسی، سەربازی و دارایی) پێشكەش دەكات.

پارادۆكسێك لە پەیوەندی هەسەدە هەبوە، لە ڕابردودا لە یەك كاتدا (دۆستی ئێران، ڕوسیا و سوریا) و (ئەمریكا و ئەوروپا)ش بوە، كە پێویستە ئێستا خۆی یەكلا بكاتەوە لەدوای ڕوداوەكانی (8)ی سێپتمبەر.

يانزەيەم: ئێران، پاشەكشەی هیلالی شیعی (لە تارانەوە بۆ باشوری لوبنان)

ئێران، بەدوای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی ئێران (1979) فیكر و بیروباوەڕی شیعیزمی هەناردەكرد بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەتی بۆ (عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن، بەحرێن،...) هەر بەڕاستیش وەكو مەرجەعی سەرەكی شیعە دەركەوت و ڕەفتاری كرد و سەركەوتوشبو بە شێوەیەك ڕێژەی گەشەی هاوڵاتیانی شیعە لە جیهاندا پەرەی سەند، كە چاوەڕوان نەكراوبو بەو شێوەیەیە.

(ئێران- 73 ملیۆن، هیندستان-46 ملیۆن، پاكستان- 43 ملیۆن، توركیا-29 ملیۆن، عێراق-21 ملیۆن، بەنگلادیش-13 ملیۆن، ئازربایجان-7 ملیۆن، ئەفغانستان-6 ملیۆن، سوریا-5 ملیۆن، سعودیە-5 ملیۆن، نەیجیریا-4 ملیۆن، چین 3 ملیۆن، یەمەن-2 ملیۆن، ئیمارات-1 ملیۆن، كوێت-1 ملیۆن، بەحرێن-1 ملیۆن، قەتەر 200 هەزار،...).

لەگەڵ ئەوەشدا، چاوەڕوان دەكرێت ئێستا ژمارەی دانیشتوانی شیعە لە جیهاندا خۆی بدات لە (350) ملیۆن كەس.

بەهۆی ئەم گەشە خێرا و بەرچاوە، ئێران بڕیاریدا بیر لە دروستكردنی (هیلالی شیعی) بكاتەوە لە (لە تارانەوە بۆ باشوری لوبنان).

ئەگەرچی چەمكی هیلالی شیعی یەكەمجار لەلایەن (مەلیك عەبدوڵڵای دوەم) پاشای ئوردن ساڵی (2004) لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە میانەی سەردانێكی دا بۆ ئەمریكا بەكارهاتوە.

مەبەستیشی ئەوەیە ئەم هیلالە لە ئوردنەوە تا كوێت یان لە ئێرانەوە تا سوریا، بەحرێن، عێراق، یەمەن-لوبنان دەگرێتەوە،...).

ئەگەرچی شای ئوردن زۆرتر مەبەستی لە چەمكی هیلالی شیعی (ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان) بوە، هۆشداری داوەتە وڵاتانی عەرەبی لە هەژمون و هەیمەنەكەی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئامانجی ئێران لە دروستكردنی هیلالی شیعی بەم شێوەیەیە (پشتیوانی حیزبوڵڵا لە باشوری لوبنان بۆ پشتیوانی لە كێشەی فەڵەستین و دژایەتی ئیسرائیل بو، شیعەكانی عێراق دژی ڕژێمی ناسیۆنالیزمی سوننی و پارێزگاری لە شوێنە پیرۆزەكانی (نەجەف، كەربەلا، سامەرا،...كازمییە)، شیعەكانی بەحرێن وەكو پارێزگایەكی ئێرانی و دژی سعودیە و سوننەكان، دژی هەژمونی عەرەبی لە كەنداوی فارس، شیعەكانی یەمەن، دژی چەوسانەوەی حوسییەكان و پێگەی جوگرافی و جیۆپۆلیتیكە ستراتیژییەكەیان لە دەریای سور و گەروی هورمز، شیعەكانی سوریا وەكو چەقی بەیەك گەیشتنی شیعەكانی (عێراق-لوبنان) و ڕێڕەوی (مەزهەبی، سیاسی، سەربازی) و دژایەتی ئیسرائیل بو).

چەند ساڵ لەوەوپێش لەسەروبەندی ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی ڕو بە ئیسرائیل، عەلی لاریجانی سەرۆكی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند: "ئێستا ئێران خاوەنی پێنج پایتەختە-(تاران، بەغدا، دیمەشق، بەیروت و سەنعا) كە بەڕاستیش هەروابو، بەتایبەتی كە ئەكتەری سەرەكی پاراستنی كۆدەكانی ئەم ڕێڕەوە و ئەم هیلالە لە (2004-2020) قاسم سولەیمانی بو.

ئێران ئەوكاتە وابیری دەكردەوە- لە (ئەنجومەنی وڵاتانی شیعی) بە پاسپۆرتێكی بێ ڤیزا و دراوێكی هاوبەش و سیاسەتێكی یەكگرتوی ئەم پێنج وڵاتە، وەكو جەمسەرێكی گرنگی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاڕاستە بكات لەشێوەی یەكێتی ئەوروپا یان وڵاتانی كەنداوی فارس.

ئامانجی سەرەكی ئەم هیلالە چەند خاڵ بو:

یەكەم: كەمكردنەوەی هەژمون و هەیمەنەی سوننە (سوننییزم) لە ناوچەكە، كە عەرەبستانی سعودیە نوێنەرایەتی دەكرد.

دوەم: پاراستنی شوێنە پیرۆزەكانی ئەو وڵاتانە (قوم، نەجەف، كەربەلا).

سێیەم: بەهێزكردنی پێگەی سیاسی ئێران، وەكو مەرجەعی شیعە لە جیهاندا، بەڕێبەرایەتی (خومەینی و خامنەیی).

چوارەم: كۆكردنەوەی هەمو گروپە شیعەكانی دونیا، بۆ دژایەتی جولەكە و زایۆنیزم، لە پشتیوانی كەیسی فەڵەستن.

پێنجەم: دژایەتی ئەمریكا (شەیتانی گەورە) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

واتا (هیلالی شیعی) لە مێژوی كۆماری ئیسلامی ئێراندا گەورەترین ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە لە هەژمون و هەیمەنەی ئێران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و توانی پێگە (سیاسی، مەزهەبی، جوگرافی، سەربازی، ئەمنی،...) خۆی پێ بەهێز بكات.

گەر پێش ڕوداوەكانی بەهاری عەرەبی (2011) ماسكی ئەو دەخالەت و كاریگەریانە شاراوە بون، بەڵام لەگەڵ بەهاری عەرەبی و دوای ئەو ڕوداوە، هەرچەند ئێران توشی ترس و ڕاڕایی بو، كە ئەویش لەناو نەخشەی ئەمریكا و ئەوروپا دایە بۆ گۆڕانكاری.

بەڵام نەك هەر ئەمە ڕوی نەدا، بەڵكو ئێران بەهۆی ئەو خەتە (هیلالی شیعی) دروستكردبو وایكرد، ببێتە كارەكتەری سەرەكی ناو ئەو ڕوداوانە.

ئێران بڕیاریدا لە جیاتی ئەوەی قوربانی بێت، پێویستە ببێتە كارەكتەری سەرەكی، دەستیكرد بە ئەكتیڤكردنی یەكێك لە پنتەكانی ناو ئەو هیلالە بە جوڵاندنی شیعەكانی بەحرێن كە (63%)ی دانیشتوان پێكدەهێنێت، خۆنیشاندانی گەورە دژی شای بەحرێن سازكرد، گەر وڵاتانی كەنداو نەبونایە، ئێران ئامانجەكەی بەدیهاتبو.

دوای ئەوە خاڵی گرنگ (سوریا) بو، كە بەهێزترین كاندیدی كەوتن و ڕوخان بو لەلایەن وڵاتانی كەنداوە، بەڵام پاشان سوریا بوە سەنتەراڵی ململانێی ئێران-سعودیە یان شیعە و سوننە، نەك هەر نەیانتوانی سوریا بڕوخێنن، بەڵكو ئێران، ڕوسیاشی خستە پاڵ خۆی بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد بۆ پاراستنی خەتی سەنتەری هیلالی شیعی (تاران-لوبنان).

پێشڕەوییەكانی حوسییەكان لە (2014) تا سەنعا، بوە مایەی مەترسی سعودیە و ئەمریكا، بەهۆی ناوچە شیعەنشینی سعودیە لە سنوری یەمەن و دروستكردنی مەترسی لەسەر گەروی هورمز و بابولمەندەب، وەكو دو ڕێڕەوی گەورەی وزەی جیهانی.

لەم لاشەوە لە سنورەكانی لوبنان و سوریاوە، وەكو زلهێزێكی دەریای سپی ناوەڕاست  پڕ لە وزە و غاز خۆی دەرخست و نزیكبونەوەی لە ئەو دو پێگە جیۆستراتیژیانە وایكرد، هەست بە مەترسی زۆرتری هەژمونی ئێران بكرێت.

جیا لەوانە، هەژمونی هیلالی شیعی كاریگەرییەكانی، بەدوای ڕوخانی بەعس لە (2003)ەوە بۆ ئێران جیاوازتر لە هەمو زۆنە شیعەكانی تر پڕ دەستكەوت بو، وەكو (زۆرترین پێگەی شوێنە پیرۆزەكان)، ئەكسەریەتی دانیشتوانی شیعە، یەكێك لە وڵاتە گەورەكانی بەرهەمهێنانی نەوت، سەنتەری بەیەكەوە بەستنی چوار وڵاتی (هیلالی شیعی) هێندەی تر هەژمونی ئێران دەركەوت و پەرەی گرت.

ئەمریكا، ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو بۆ شكستی هیلالی شیعی زۆر هەوڵی جۆراوجۆری ناوچەیی و نێودەوڵەتیان دا، بەڵام سەركەوتو نەبون، لەوانە (پشتیوانیكردن لە داعش وەكو گروپێكی سەلەفی و جیهادی سوننی مەترسیدار، لێدان لە پێگەكانی حوسییەكان لەیەمەن، بۆردومان و كوشتنی ڕۆژانە و لێدانی بنكە و بارەگاكانی ئێران لە سوریا و كوشتنی (7000) كەس، كوشتن و بۆردومانی ڕۆژانەی حزبۆڵڵا، خستە لیستی تیرۆری سوپای پاسداران، بۆردومانی بنكە و بارەگاكانی سوپا لەناو ئێران و كوشتنی زانا ئەتۆمییەكان و ئەفسەرانی، كوشتنی قاسم سولەیمانی، لێدان لە حەشدی شەعبی و گروپەكانی لە عێراق، فشاری سیاسی و ئابوری ئەمریكا لە بەغدا، فشاری سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان، فشاری دبلۆماسی (5+1)، گەمارۆی زۆرو زەوەندی ئابوری، دروستكردنی فشار لە سنوری ئەفغانستانەوە لەلایەن تاڵیبانەوە، فشارەكانی ئازربایجان بەناردنی تیمی نهێنی موساد و دزینی دۆكیۆمێنتی پڕۆژە ئەتۆمییەكان، بنكەی جاسوسی، داڵدەدان و پشتیوانی بزوتنەوەی جوندوڵڵا و عەبدولمەلیك ریگی و بزوتنەوەی ئەهواز و بلوجستان لەلایەن پاكستانەوە).

 هەمو ئەوانە، فاكتەری سەرەكی دژی ئێران بۆ تێكشكاندنی هیلالی شیعی بو، بەڵام هیچ كام لەوانە نەیتوانی ئێران ڕابگرێت.

خاڵی وەچەرخانی ئەم ململانێیە لە (7)ی ئۆكتۆبەرەوە دەستپێدەكات لە (8)ی سێپتمبەر دەگاتە ئامانج، كە ئیسرائیل وەكو قوربانی ڕابردو كارەكتەری براوەی ئێستا ڕۆڵی مێژویی گێرا.

واتا (1948 تا 2024) ئیسرائیل بەردەوام لە بەردەم گرفت و شەڕی وڵاتانی عەرەبیدا بوە و بەردەوام هەڕەشەی لەسەر بوە.

بەڵام ئەو هەستكردن بە مەترسی ئیسرائیل لەگەڵ هاتنی كۆماری ئیسلامی ئێران هەستی پێدەكرێت، ئەگەر چی لە (1979-1988) ئیسرائیل پاڵپشتی سەرەكی دابینكەری سەرەكی چەك و تەقەمەنی شەڕی (8) ساڵەی ئێران بو لەگەڵ عێراق و موساد ئەو ڕۆڵەی زۆرباش گێڕاوە، بەڵام لە دوای پتەوكردنی پایەكانی هیلالی شیعی، ئێران لە ڕیزی پێشەوەی مەترسی بو لەسەر ئیسرائیل لە ڕێگای (گروپی میحوەر) لە سەر هێڵی هیلالی شیعی.

بەپێچەوانەوە وردە وردە هەڕەشەی وڵاتانی عەرەبی نەك لەسەر ئیسرائیل نەما، بەڵكو زۆرینەیان پەیوەندیان لەگەڵی ئاسایكردەوە، دەستیان لە كەیسی فەڵەستینن و نەیاری تەل ئەڤیڤ هەڵگرت و ئێران وەكو ئەڵتەرناتیڤی بەهێزی عەرەبی بە پشتیوانی فكر و عەقیدەی مەزهەبی شیعیزم، ئیسرائیلی خستە بەردەم مەترسی بەردەوام.

بەڵام (7)ی ئۆكتۆبەر بۆ ئیسرائیل گەورەترین دەستكەوت و بەدیهێنانی خەونی جولەكەكانە دوای دروستكردنی دەوڵەتی جولەكە لە (1948) هەرگیز جیهان و ڕوداوە سیاسییەكان، هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی وا بۆی نەهاتە پێشەوە، كە یەك بەیەكی نەیار و دوژمنەكانی (80) ساڵی ڕابردوی تەسفییە بكات (هەموی بە پشتیوانی ئەمریكا و بێ دەنگی وڵاتانی عەرەبی جێبەجێ كردوە).

دوانزەيەم: كێ براوە و كێ دۆڕاوی ڕوداوەكانی (8)ی سێپتمبەرە

یەكەم: ئیسرائیل براوەی یەكەمی مێژوییە؟

لەو كاتەوەی ئیسرائیل دروستبوە (1948) هەمو (10) ساڵ جارێك ڕوبەڕوی هێرشی پەلاماردانی (وڵاتێكی عەرەبی، ئێران، گروپی ئیسلامی) بوەتەوە و بەردەوام ئەمنی ئیسرائیل لە مەترسیدار بوە، گەر پانۆرامای ئەو ڕوداوانە بگێڕینەوە:

یەكەم: (15/5/1948) شەڕی فەڵەستین كە دەوڵەتی ئیسرائیل ڕاگەیەندرا.

هێرشێكی گەورە كرایە سەر ئیسرائیل لەلایەن (سعودیە، ئوردن، عێراق، سوریا، میسر و لوبنان) لە فەڵەستین و هەزاران كەس كوژران دواجار فەڵەستین كرایە دو دەوڵەتی (عەرەب و جولەكە)، ئەمە یەكەمین مەترسی بو كە جولەكە هەستی پێكرد.

دوەم: (29)ی ئۆكتۆبەری (1956)، (جەنگی سویس) ئیسرائیل، بەریتانیا و فەڕەنسا پەلاماری كەناڵی سویس، بیابانی سینا-یان دا، بەم شێوەیە لە (31)ی ئۆكتۆبەری (1956) شەڕ لەنێوان ئەم سێ دەوڵەتە و میسر دەستیپێكرد.

سێيەم: (5)ی حوزەیران (1967)، (جەنگی شەش ڕۆژە) لەنێوان ئیسرائیل، لەلایەك و (میسر، عێراق، سوریا، ئوردن) ڕویدا و ئیسرائیل ناوچەكانی (سینا، غەززە، بیابانی خۆرئاوا، جۆلان)ی داگیر كرد و نزیكەی (25000) كەس كوژران.

چوارەم: (6)ی ئۆكتۆبەری (1973)، (پەلامارى دو قۆڵى) میسر و سوریا پەلاماری ئیسرائیل-یان دا شەڕێكی گەورە ڕویدا، هەزاران كەسی تێدا كوژران.

پێنجەم: (6)ی حوزەیرانی (1982)، (جەنگى لوبنان) ئیسرائیل پەلاماری لوبنانی دا و باشوری لوبنانی داگیركرد دواتر هێرشی كردە سەر ڕێكخراوی ڕزگاری فەڵەستین و هێزەكانی لە ئەنجامدا (فتح)ی لە سوریا تێكشكاند و پەلاماری زۆر ناوچەی تری دا.

شەشەم: (7)ی ئۆكتۆبەری (2023)، (جەنگی تۆفانی ئەقسا) هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل كەرتی غەززەە وێرانكرد چەندین بەرپرسی حەماسی كوشت و بەنزیكەی (4000) كەس بونە قوربانی.

بەمشێوەیە لە ماوەی (70) ساڵی مێژوی دروستبونی ئیسرائیل هەمو دە ساڵ جارێك جەنگێك لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ڕویدا، كە بەردەوام وڵاتانی عەرەب تێیدا زەرەرمەندبون و خاكیان لە دەستداوە، بۆیە (7)ی ئۆكتۆبەر هێرشی حەماس بۆسەر ئیسرائیل گەورەترین هەل و دەرفەتی مێژویی بو، كە تەل ئەڤیڤ بیر لەوە بكاتەوە بەیەكجاری ئەم شەڕ و مەترسیانە كۆتایی پێ بێنێت و مەترسی ئەمنی لە سنورەكان دوربخاتە و گەرەنتی پاراستنی سنورەكانی خۆی بكات بەشێوەیەكی یەكجاری.

بۆیە بڕیاریاندا بە هەر نرخێك بێت، ئەم ڕیسكە بكەن و كۆتایی بە مەترسییەكانی سەر ئیسرائیل بێنن.

 بەمشێوەیە.


ماويەتى...

140 جار خوێندراوەتەوە