لامەرکەزی لە هەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان

KNN : Kurdish News Network
09:43 - 12/03/2021
ڕاپۆرت
+
-

کاری لەپێشینە و سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ  رێکخستنەوەی پڕۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان چەسپاندنی سیستمی لامەركەزی بووە و بڕگەیەكی ڕێكکەوتنکەشی بوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان  بۆ بەشداریكردن لە كابینەی حكومەتدا، لە هەموو بەرنامەكانی لیستی گۆڕاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بە گرنگییەوە باس لە لامەركەزی كراوە، دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای چەسپاندنی لامەركەزیەت و نەهێشتنەوەی دەسەڵات لە دەستی تاكە كەسدا داڕێژراوە.

لە بەرنامەكانی لیستی گۆڕاندا بۆ بەشداری كردن لە هەڵبژاردنی ساڵانی (2009) و (2013) و (2018) دا هاتووە: "پەرەدان بە فەرهەنگی دیموكراتی، هەڵبژاردن، كاراكردنی ژیانی پەرلەمانی، كاراكردنی ئەنجومەنەكانی نوێنەرایەتی لەسەر ئاستی پارێزگا و وردكردنەوەیان لەسەر ئاستی قەزا و ناحیە و گوندەكان،  هەروەها جیاكردنەوەی دەسەڵاتە ناوەندییەكانی هەرێم لە دەسەڵاتی پارێزگاكان، دابەشكردن و وردكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەسەر هەمو ئاستە كارگێڕی و ناوچەییەكان".

 

مەرکەزیەت و بڕیاری تاکەکەسی هۆکاری کێشەکانی هەرێمی کوردستانن 


هەروەها لە بەرنامەی لیستی گۆڕاندا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی (2014) دا هاتووە: "پەیڕەوكردنی بنەمای لامەركەزی ئیداری و پێدانی سەربەخۆی و دەسەڵاتی دارایی و كارگێری زیاتر بە پارێزگا و قەزاكان، زیادكردنی دەسەڵاتی دارایی قەزا و ناحییەكان، لە چوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم دا.
 
دلێر حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە فراكسیۆنی گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیای (KNN) ی وت: "بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە پەرە بە لامەركەزیەت  و شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بدرێت، باوەڕمان وایە كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەلایەن كەسێك و مەركەزێكەوە نادادی كۆمەڵایەتی و جوگرافی دروستدەكات، بۆیە وەكو فراكسیۆنەكانی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموو هەوڵێكی خۆمان خستۆتەگڕ بۆئەوەی پرۆژەی لامەركەزی جێگیربكرێت".

 

وتیشی: " مەبدەئێك هەیە بەزۆرینە و كەمینە كارەكان رایدەكات، چی لە دەركردنی یاسادا و چی لە ئیدارەدانی یەكە كارگێڕییەكاندا، بۆیە ئەو خواستەی گۆڕان تا ئێستا بەدینەهاتووە، لە ئێستادا پێمانوایە باشترین و گونجاوترین سیستمە بۆ ئیدارەكانی حكومڕانی هەرێم لامەركەزیەتە، ئەو كێشانەی بەرۆكی هەرێمی گرتووە لەئەنجامی بە هەڵە ئیدارەدانی هەرێمە لەلایەن تاكە كەسەوە هەمیشە عەقڵیەتی تاكە كەس توشی هەڵەی گەورە دەبێت".

"پرۆژەمان داوەتە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەمواری یاسای ژمارە سێی ساڵی ( 2009) ، بۆئەوەی بە یاسا لامەركەزیەت بچەسپێنرێت، تەنها ئەو ماددانە هەمواركراوەتەوە كە بە دڵی دەسەڵاتە وەك گۆرینی پارێزگار لە ئەنجومەنەوە بۆ ناو خەڵك لەگەڵ درێژكردنەوەی ماوەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان" دلێر حسێن وای وت.

  "پارتی و یەکێتی دژی لامەرکەزین"

 
لە تەنیشت بەدیهێنانی چاكسازیدا ئەولەویەتی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری لە كابینەی نۆی حكومەتی هەرێم چەسپاندنی سیستمی لامەركەزی بووە، لە رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتیدا بۆ پێكهێنانی حكومەت بایەخی پێدراوە، بەڵام بەوتەی رێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی و یەكێتی نایانەوێت لامەركەزی جێبەجێبكرێت.

 

كاوە عەبدوڵا، رێكخەری ژووری حكومەتی بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە پرسی لامەركەزیەت لە رێككەوتنی گۆڕان و پارتیدا بۆ پێكهێنانی حكومەت دەڵێت: "لەو رێككەوتنەدا جۆرێك باس لە لامەركەزی كراوە كە ئەو شوێنانەی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی تێدایە كارەكانی خۆیان بەپێی یاسا بكەن، بەڵام ئێستا بەپێی یاسای ژمارە سێ كارناكرێت لە هەرێمی كوردستاندا، هەرچەندە زۆرلامەركەزی نییە بەڵام قۆناغێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزی".

 

ئاماژەی بەوەشكرد، پارتی و یەكێتی نایانەوێت جێبەجێبكرێت، بۆ نمونە هەموو بەڕێوەبەری فەرمانگەكان لەرێگەی سیڤییەوە بێت بە ئێستایشەوە پارتی و یەكێتی دژی ئەوەن دەیانەوێت پشكی حزبی بێت و پشكی زۆرینەیش بۆ خۆیان بێت، بۆیە پێموایە لە هەرێمی كوردستاندا لامەركەزی ئەتكراوە.

 

گۆڕان لامەرکەزی لە خۆیەوە دەستپێکردوە

 
بزوتنەوەی گۆڕان لامەركەزیەت و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتی لە خودی خۆیەوە دەست پێكردووە، لە نێو شەش حزبی سەرەكی هەرێمدا بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی یەكەم دێت لە بایەخدان بە لامەركەزی و بڕیاردان بە شێوەی ئاسۆی و دانانی سەرجەم بەرپرسە ئۆرگانییەكانی بە هەڵبژاردن، ئەوەش بەپێی هەڵسەنگاندنی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لەسەر پرسی لامەركەزی و دیموكراسی لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكاندا.

هەڵسەنگاندنەكەی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لە پەرتوكێكدا بڵاوكراوەتەوە و تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ پەیڕەوی ناوخۆی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ) كراوە.

 

بەپێی هەڵسەنگاندنەكە، بزوتنەوەی گۆڕان لە چەسپاندنی لامەركەزیەت و دیموكراسیدا لە نێوخۆی خۆیدا بە پلەی یەكەم دێت و لە هەڵسەنگاندانەكەدا هاتووە: "یەكێك لە  رەگەزە لامەركەزییەكان لەناو دەستوری گۆڕاندا ئەوەیە كە قەزای بە بنەما وەرگرتووە و بازنەی هەڵبژاردن بۆ بوونە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بچوكە و لە قەزا تێپەڕناكات كە ئەمەش رەگەزێكی بنچینەییە بۆ ژیانی لامەركەزی لەناو حزبدا".

 

باژێروانی هەر قەزایەك راستەوخۆ دەبێتە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی، كە بەرزترین دەسەڵاتی نێو دوو هەڵبژاردنی راستەوخۆیە لە خوارەوە بۆ سەرەوە، هەموو دەستەیەكی جێبەجێكار لە هەناوی جڤاتی نیشتمانییەوە دێتەدەرەوە كە پایەیەكی سەرەكی ئەم جڤاتە لە باژێروانەكان پێكهاتووە.

 

ستەم كامیل، رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوەدەكات، هەیكەلی بزوتنەوەی گۆڕان ئاسۆییە و جڤاتی نیشتمانی بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، لە شەش دامەزراوە پێكهاتووە، لەوانە باژێڕوانەكان و ئەندامانی تەواوكار كە (34)كەسن بە هەڵبژاردن دێن و نوێنەری ناوچە جیاوازەكانی هەرێمن، بەشێكی تریان سەرۆكی فراكسیۆنەكانی گۆڕانن  لە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان، خانەی راپەڕاندن كە ژمارەیان حەوت كەسە بەشێكی تری جڤاتی نیشتمانی پێكدێنن، هەریەك لە نوێنەری كاروباری رێكخراوی ئافرەتان و رێكخەری ژوورەكان ئەندامی جڤاتی نیشتمانی پێكدێنن، رەوەندی كوری پایەی شەشەمی جڤاتی نیشتمانین.

 

رێكخەری ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان جەختدەكاتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان مەكتەبی سیاسی نیە و خانەی راپەڕاندن ناتوانێت بڕیار بدات، تەنها بڕیارەكانی جڤات جێبەجێ دەكەن دەڵێت: "لە كۆنگرەی بزوتنەوەی گۆڕاندا سەركردایەتی هەڵنابژێردرێت، بەڵكو دەستكاری دەستور دەكرێت و گوتاری سیاسی دادەڕێژرێتەوە و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن دەكرێت و هەڵسەنگاندنی ئەدای رێكخراوەی و فراكسیۆنەكان دەكرێت".

 

دەشلێت: "هەموو هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانێت خۆی كاندید بكات بۆ رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن و رێكخەری ژوورەكان، بەپێی دەستوری گۆڕان دەیەوێت سیاسەت كاری دووەمی هەر كەسێك بێت، بەشداری ئافرەت لەسەر بنەمای توانایە نەك لەسەر بنەمای كۆتا".

 

 ئامادەکردنى - سەرچین ساڵح

714 جار خوێندراوەتەوە