پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بەکوێ گەیشت؟

KNN : Kurdish News Network
01:03 - 06/09/2024
ڕاپۆرت
+
-

ماوەی 17 مانگە لەسەر سکاڵایەکی عێراق، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان ڕاگیراوە کە ڕۆژانە 400 بۆ 450 هەزار بەرمیلی هەناردە دەکرد، بەمەش کێشە و گرفتی ئابوری کەوتوەتە نێوان هەرێم و بەغدا و چەندین لێکەوتەی سیاسیی و ئابوری هەبوە.


راپۆرت:KNNC

شارەزایەکی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە لەمیانی پڕۆسەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتدا، زیان بەر ئابوری عێراق کەوتوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ڕەخنەیەک لەسەر گرێبەستی کۆمپانیاکان هەبو لە نێوان هەولێر و بەغدا بەهۆی جیاوازیی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بۆ ئەمەش شاندی عێراق لەمیانی سەردانییدا بۆ هەولێر ڕایگەیاند کە گرێبەستەکە دەگونجێنین لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان بەڵام تا ئێستا ئەو کارە نەکراوە. ئەوەش دەخاتەڕو کە ئێستا لە ڕێگای تانکەرەوە نەوتی کەرکوک هەناردەی ئێران دەکرێت و ئەمەش بە زیانێکی گەورە بۆسەر عێراق دەزانێت.


هاوکات گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) مایڵز کاگینز ڕایدەگەیەنێت کە لە کاتێکدا تورکیا ڕایگەیاندوە کە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیە و لە هەمانکاتیشدا حکومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نیشانداوە، بەڵام حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەناوە، ئەوەش دەخاتەڕو کە دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهان، چانسێکە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانییدا زیاد بکات.


شارەزای بواری وزە د.گۆڤەند شێروانی بۆ بە ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاند: "دەبوایە نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە، بۆ ئەوەی بفرۆشرێت، کە نەفرۆشرا واتا زەرەرمەندی سەرەکی وەزارەتی نەوتی عێراق و ئابوری عێراقە، کۆی ئەم زیانە بۆ 17 مانگ زیاتر لە 14 ملیار دۆلارە، ئەم زیانە بە هەمو ئابوری عێراق کەوتوە، زەرەرمەندی دوەم کۆمپانیاکانن کە ساڵێک و شەش مانگە کارەکانییان وەستاوە و، بەهۆیەوە زۆربەی کارمەندەکانییان بێکار بونە، سێیەم زەرەمەند ئەو کۆمپانیایانەن کە لە تورکیا کار دەکەن لەسەر چاککردنەوە و ئیدارەکردن و ئەمبارکردن بۆ بەندەری جەیهان و ڕێگا نەوتییەکان، هەروەها بازاڕەکانی جیهان زەرەرمەند بونە، چونکە ئەم نەوتە باشترین ڕێگا بوە بۆ ساغکردنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا".


لەبارەی جیاوازییەکانی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، د. گۆڤەند شێروانی وتی: "جیاوازییەکی زۆر هەبو لەسەر خەمڵاندنی تێچوی بەرهەمهێنان و گواستەوە، ئەو خەمڵاندنەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێشکەشی کردبو، بریتیی بو لە 24 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و 8 دۆلار بۆ گواستنەوە. ئەو خەمڵاندنانەی بەغدا کە دواتر لە یاسای بودجەدا چەسپێنرا و بوە کێشەیەکی گەورە، ئەوە بو کە تەنیا 12 دۆلار بۆ بەرهەمهێنان و 7 دۆلار بۆ گواستنەوە دیاریکرابو".


دکتۆر گۆڤەند شێروانی وتی: "تێچوی دەرهێنان و پشکنین و گواستنەوە لە هەرێم زیاترە، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە هەرێم ژێرخانی پیشەسازی نییە کە حکومیی بێت، بەڵکو هەمویان کەرتی تایبەتن، بۆیە تێچوەکە زیاترە، هەروەها شتێک هەیە کە پێی دەڵێن ئەو ناوچەیەی یەکەمجارە بەرهەمهێنەری نەوتە، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەو کۆمپانیایەی کە کار دەکەن ڕێژەیەک بۆ مەترسی خۆیان هەژمار دەکەن، جگە لە فاکتەرەکانی دیکەی تایبەت بە جیۆلۆجی ناوچەکە کە وا دەکات کارکردن لێرە قوڕستر بێت و ڕەنگە تێچوی زیاتر بێت".



لەبارەی جیاوازی گرێبەستەکانیشەوە، دکتۆر گۆڤەند شێروانی وتی:"جۆری گرێبەستەکان ڕەخنەی لەسەر بو کە ئەوانەی هەرێم جیاوازن لەو گرێبەستانەی بەغدا، بەڵام دواجار کە شاندی عێراق هاتە هەولێر گوتیان ئێمە هەوڵدەدەین گرێبەستەکانی هەرێم بگونجێنین لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان بەڵام تا ئیستا ئەم کارەش ئەنجام نەدرا".


ئەو شارەزایەی بواری وزە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا نەوتی کەرکوک لە ڕێگای تانکەرەوە دەچێتە ئێران و ئەمەش بە زیانێکی گەورە دەزانێت و لەمبارەیەوە وتی: "پێش مانگی ئاداری ساڵی ڕابردو، ڕێککەوتن کرابو کە بڕێک لە نەوتی کەرکوک بەڕێژەی 80 تا 100 هەزار بەرمیل ڕۆژانە لەگەڵ نەوتەکەی هەرێم بە ڕێگای بۆڕی بۆ بەندەری جەیهان بەڕێ بکرێت کە هەمویان دەیکردە 400 هەزار بەرمیل، ئێستا ئەو ڕێککەوتنە نەما، بۆڕی گواستنەوەکە کار ناکات، نەوتی کەرکوک بە تانکەر ڕۆژانە 40 تا 50 هەزار بەرمیل بە تێچوێکی زۆر ڕەوانەی ئێران دەکرێت و لەوێ دەیگۆڕنەوە بە نەوتێکی دیکە و لە ڕێگای بەسڕە وەریدەگرنەوە، بەڵام ئەمە زیانێکی گەورەیە چونکە تێچوی گواستنەوە بەم شێوەیە زۆر کەمە و سنوردارە، ناتوانن لە 30 بۆ 40 هەزار بەرمیل بگوازنەوە بەڕێگای تانکەرەکان تاکە ڕێگا بۆ گواستنەوەی قەبارەی نەوتی زۆر، تەنیا بۆڕی نەوتە".



لەبارەی جیاوازی لەم زیانانەی کە شارەزایانی بواری وزە باس لە 14 ملیار دۆلار و، ئەپیکۆر باس لە 19 ملیار دۆلار دەکات، دکتۆر گۆڤەند شێروانی وتی: "ئێمە وەک شارەزایانی بواری وزە، ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتمان هەژمار کردوە، ئەپیکۆر 450 هەزار بەرمیلی هەژمار کردوە، بۆیە لە کۆی گشتی زیانەکەش جیاوازی هەیە".



هاوکات وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر) مایڵز کاگینز ڕایدەگەیەنێت کە حکومەتی عێراق هەنگاوی بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی نەوت نەناوە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەو کاتەی کە ڕێککەوتنێک هەبێت و تیاییدا تێچوی هەناردەی پێشو، ئێستا و داهاتوش دەستەبەر بکات.

وتەبێژی ئەپیکور، ئاماژەی بەوەکرد: "لە ڕاستیدا حکومەتی عێراق هیچ ڕێکارێکی بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەگرتوەتەبەر، لە کاتێکدا تورکیا ڕایگەیاندوە کە هێڵی گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان ئامادەیە و لە هەمانکاتیشدا حکومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی نیشانداوە، ئەپیکۆریش ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

 


کاگینز وتیشی: "کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکۆر ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن لە کاتێکدا ڕێککەوتنێک هەبێت کە تێچوی هەناردەی پێشو، ئێستا و داهاتوش دەستەبەر بکات، پارەپێدانەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت، هەروەها ڕەچاوەی مەرجە بازرگانییەکانیشی تیادا بکرێت، بێگومان هەبونی ڕێککەوتنێکی لەم جۆرەش پێویستی بە دەستکارییکردنی گرێبەستەکان هەیە".


لەبارەی زیانە داراییەکان لە ئەنجامی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت، گوتەبێژی ئەپیکۆر، مایڵز کاگینز وتی: "زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت مانگانە بڕی یەک ملیار دۆلارە، ئەم زیانە بەر حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان و عێراقیش دەکەوێت کە کۆی گشتی دەکاتە 19 ملیار دۆلار".

 


رونیشیکردەوە "دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیهان، چانسێکە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت پشکی خۆی لە بازاڕی جیهانی زیاد بکات، بە هەمانشێوە پەرە بە ئابوری خۆیشی بدات، ئێمە چاوەڕێی هەنگاوی کردەیین لە بەغدا بۆ ئەوەی دوبارە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە".

 


ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 25ی ئاداری 2023، بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕاگیرا کە ڕۆژانە 400 ھەزار بەرمیل لە ھەرێم و 75 ھەزار بەرمیلیش لە کەرکوکەوە ھەناردە دەکرا.

202 جار خوێندراوەتەوە