شانۆى وەڵامى ئێران بۆ ئیسرائیل کوێ دەبێت... ئێران تواناى شەڕى کراوە و بەردەوامى هەیە؟

KNN : Kurdish News Network
05:22 - 04/08/2024
ڕاپۆرت
+
-

لە چوارچێوەى ئەو وەڵامەى لە کوشتنى ئیسماعیل هەنیەوە بانگەشەى بۆدەکات، کە چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ هەڕەشەکاندا یەکبگرێتەوە و وەڵامێکى توندبێت، ئێران دەستى بە جوڵەکانى کردوە لە ناوچەکەدا، ئێستا ئەگەرى هێرشى ئێران لە سنورەکانى سوریا و لوبنانەوە بەهێزترین ئەگەرە، شیکەرەوە سەربازییەکانیش پێیانوایە ئێران تواناى شەڕێکى درێژ و کراوەى نییە لەگەڵ ئیسرائیل و بە هاوکاریی ئەمەریکا بۆیە پێدەچێت ئەنجامى هەڕەشەکانى لە چەند موشەکێک زیاتر تێنەپەڕێت.


لەم ئامادەکارییانەدا کە بۆ وەڵامى کوشتنى هەنیە دەستیپێکردوە و بەپێی زانیارییەکانى روانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، ئێران چەند بارهەڵگرێکى چەکى بە چاودێرى حیزبوڵا لە عێراقەوە بۆ سوریا گواستوەتەوە و لەڕێی ئەلبولکەمالەوە گەیاندویەتییە پارێزگاى دێرزورى رۆژهەڵاتى سوریا.

 

بەپێی زانیارییەکانى روانگەى سوریی، گروپەکانى سەر بە ئێران لە دێرزور کەوتونەتە حاڵەتى ئامادەباشییەوە؛ لە تەواوى ئەو ناوچانەى لەژێر دەسەڵاتیاندایە و تەواوى ئەندامان و سەرکردەى گروپەکانى ئەو ناوچانە مافى مۆڵەتیان نییە و دەبێت لە حاڵەتى ئامادەباشیدا بن.

 

هەروەک ئەگەر باس لە لێکەوتەى کوشتنى فوئاد شوکر بکرێت کە فەرماندەی حیزبوڵا بو نێردەى ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان پێشبینى کرد کە حیزبوڵا لە قوڵایی ئیسرائیل بدات و جەختى کردەوە کە حیزبوڵا و ئیسرائیلیش بە هێڵێکەوە پابەندبون کە ئیسرائیل تێیپەڕاند و بەزاندى.

 

لاى خۆیەوە حیزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت رۆژى شەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ ئەندامانیان باڵەخانەیەکیان کردوەتە ئامانج لە ئیسرائیل کە سەربازانیان بەکاریانهێناوە و بە موشەک کردویانەتە ئامانج.

وەڵامى ئێران چۆن دەبێت... شانۆى یەکلاییکردنەوەکە کوێ دەبێت؟

شارەزا و شیکەرەوەیەکى سەربازیی باس لە ئەگەرەکانى وەڵامدانەوەى ئێران دەکات بۆ ئیسرائیل، بەتایبەت ئەگەر ئێران بە هاوکاریی وڵاتانى دیکە ئەو کارە بکات و دەڵێت:" ناوچەکە ئێستا لە ئامادەباشییەکى ئەوتۆدایە و هەڕەشەکانى ئێران زۆر رونن و ئێران دەیەوێت راستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج، کە وەڵامەکە هێندەى هێرشەکانى ئیسرائیل بێت ئەوانیش کوشتنى ئیسماعیل هەنیە و فوئاد شوکر، سەرکردەى حیزبوڵایە، بەتایبەت کوشتنى هەنیە لە تاران کە بنپێخستنێکى گەورەى سەروەریی وڵاتى ئێران و دەزگا ئەمنییەکانى وڵاتەکەیە .

 

ئەو شارەزا سەربازییە واى دەبینێت کە جوڵەکانى ئێران تەنها بەو مانایەن کە نیازەکەى ئۆپەراسیۆنى سەربازییە، بەڵام لە بەرامبەردا ئەمەریکا هەیە کە جوڵەیەکى بێوێنەى لە ناوچەکە دەستپێکردوە و چەندین کەشتى فڕۆکەهەڵگر و کەشتى تێکدەر و کەشتى دەریایی لە خۆ دەگرێت کە تواناى خستنەخوارەوەى موشەکى بالیستییان هەیە، ئەمە جگە لەو بەرەوپێشچونانەى هێزە دەریاییەکانى ئەمەریکا لە هێزیی دەریایی مارێنز کردویانە.

 

بەپێی رونکردنەوە و شیکردنەوەکانى خالید حەمادە، شارەزا و شیکەرەوەى سەربازیی، ئێستا ئیتر تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە لێوارێکى مەترسیداردایە و تا ئێستاش شانۆى ئۆپەراسیۆ نەکان رون نین، رەنگە شانۆییەکەى ئێران کراوەبێت و لە تەواوى قۆڵەکانەوە ئەم ململانێیە دەستپێبکات، رون نییە تاران بەشێک دەبێت لەم شانۆییە یان دەیسپێرێت بە هاوپەیمان و لایەنگرانیی.

 

حەمادە، لوبنان وەک قۆلێکى کراوە ناودەبات و بێبەرى نابێت لەم وەڵامانە، بەتایبەت ئەگەر تاران نیازى ئەوەى هەبێت ئەم ئەرکە بە هێزە چەکدارەکانى بسپێرێت، بەمەش لوبنان لە تەخى شانۆى سەرەکى ئەم شانۆییە دەچێت.

 

لە ئێستادا جوڵەیەکى زۆرى ئێران لە سوریا هەیە، لە پاڵیشیدا وەرگرتنى ژماریەکیش موشەکى بالیستى و موشەک و ساروخەکان کە چەندین ساڵ لەمەوپێش نێردراون بۆ لوبنان کە ئێران و حیزبوڵاش وەک هەڕەشە بەکاریدەهێنن، لەهەمانکاتدا توانا بەهێزەکانى ئەمەریکاش لە ناوچەکە جێگەى هەڵوەستەکردنە و ئەو شرۆڤەکارەش پێی وایە کە بونى ئەمەریکا بۆ ئەوەنییە کە رێگە لە پەرەسەندنى گرژییەکان بکرێت، بەڵکو وەک وڵاتەکە رایگەیاند؛ بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل هەمو کارێک دەکات ئەگەر بکرێتە ئامانج.


پێشتر ئەمەریکا تاکە هۆکار بو رێگەى لە پەرەسەندنى گرژییەکانى نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکرد، لە ئێستادا ئەو توانایەشى لەدەستداوە و شەڕى ئێران و ئیسرائیلیش گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، هەربۆیە شیکەرەوە سەربازییەکان ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە لەنێو ئەم هەمو گرژییەدا هەر بە کەم بینینێک رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەخاتە ناو جەنگێکى دورودرێژ و وێرانکەرەوە، ناشزانرێت ئایا رێککەوتنە دیپلۆماسییەکان دەتوانن ئەم گرژییانە کپ بکەنەوە کە ئەمە بۆ ئێران زۆر بە  ئازار دەبێت یان نا، بەڵام ئێستا هەمو ئاڕاستەکان بۆ دروستبونى روبەڕوبونەوە سەربازییەکان دەچن، کە جەنگێکى درێژ و وێرانکاریی بەدوادێت.

 

سنورەکانى لوبنان نزیکترینن:
لەلایەکى دیکەوە، عەقید مالیک کوردى، کە شارەزایەکى سەربازیی سوریایە دەڵێت: تا ئێستا قورسە وەڵامى ئێران بۆ ئیسرائیل رون بکرێتەوە و بزانرێت چ بەرەیەک هەڵدەبژیرێت، بەڵام لوبنان نزیکترین شانۆى وەڵامدانەوەکان دەبێت، بەڵام ئەو شارەزایە وایدەبینێت کە ئەگەر حیزبوڵاش لە وەڵامى کوشتنى فوئاد شوکر لە لوبنانەوە هەر هێرشێک بکات، ئێران ئەو هەلە دەقۆزێتەوە و وەک پروپاگەندەیەکى راگەیاندن بەکاریدەهێنێت و دەیکاتە وەڵامێک بۆ کوشتنەکەى ئیسماعیل هەنیە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە لەگەڵ بونى ئەو گریمانانەى کە هێرشەکانى ئێران لەڕێی سنورەکانى لوبنان و سوریا یان هەردوکیانەوە دەبن بۆ پێگە ئابوریی و سەربازییەکانى ئیسرائیل، بەڵام ئەم هەنگاوە بەربەستى دێتە پێش ئەویش بەهۆى کۆتا لێدوانى سەرۆکى سوریا لە بێبەریبونى لە هەر هێرشێک کە لە خاکى وڵاتەکەیەوە و لەڕێی چەکدارەکانى نزیک لە ئێران بکرێتە سەر هەر وڵاتێک.

 

لە بەشێکى دیکەى شیکارییە سەربازییەکەیدا مالیک کوردى ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە ئەگەرى بژاردەکان زۆرن، بەڵام بژاردەى شەڕێکى کراوە دورە، چونکە ئێران تواناى نییە ئەنجامى بدات، چونکە پێشتر و لە چەند روداوێکى دیکەدا لاوازى هێز و بەرگرییەکانى ئەو وڵاتە رون بوەتەوە، بۆیە وەڵامەکە زیاتر بۆ ئەستۆپاکى دەبێت و پێدەچێت تەنها چەند هێرشێکى موشەکى بێت.

سەرچاوە/سکاى نیوز

وەرگێڕان/باڵا ئاکۆ

1129 جار خوێندراوەتەوە