بۆچی هەڵوێستی گۆڕا؟... ئێران لە هێرش كردنە سەر ئیسرائیل پاشگەز بوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
06:49 - 29/08/2024
ڕاپۆرت
+
-

دوای روداوی بەئامانج گرتنی بەرپرسی مەكتەبی سیاسی حەماس لە تاران، بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی ئێران جەختیان لە تۆڵە كردنەوە دەكردەوە، بەڵام دوای نزیكەی مانگێك لێدوانەكانیان خاوبونەتەوە، ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە.

 

راپۆرت: (KNNC)


کاتێک ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە تاران بەئامانج گیرا، عەلی خامنەیی رێبەری ئێران، رایگەیاند: بەرامبەر گیان لە دەستدانی میوانەكەی، ئێران بەتوندی سزای ئیسرائیل دەدات و تۆڵەی دەکاتەوە، لەهەمان كاتدا بەرپرسە سەربازییەكانی ئێران بەردەوام جەختیان دەكردەوە كە تۆڵەی خوێنی میوانەكەیان و دانیشتوانی كەرتی غەززە دەكەنەوە.

نزیکەی مانگێک بەسەر هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەكانی ئێراندا تێدەپەڕێت، بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئێران لە بەكارهێنانی دەستەواژەی "بەتوندی سزای ئیسرائیل دەدەین و تۆڵە دەكەینەوە" پاشگەز بونەتەوە و دەڵێن؛ وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە، بەڵام دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخەكە و لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەكە، بەوەش تاران خۆی لە پەرەسەندنی شەڕێكی ناهاوسەنگ دوردەخاتەوە.

دوای ئەوەی كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆیان رونبوەوە كە؛ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا هاوكاری ئیسرائیلی بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی سەر كەرتی غەززە كردوە، لێدوانەكانیان خاوتر بوەتەوە و باس لەئەوە دەكەن كە لەڕێگەی بەرخۆدانەوە تۆڵەی دەستدرێژیەكانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەیان و میوانەكەیان دەدەنەوە.


ناهاوسەنگی هێز

هۆکارەکانی خاوبونەوی لێدوانەكانی بەرپرسنی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر تۆڵە كردنەوە لە ئیسرائیل، زۆرن كە بەشێكیان پەیوەندیان بە لە بەرچاوگرتنی ناهاوسەنگی هێزەوە هەیە، لە ئەگەری دروستبونی شەڕێکی راستەوخۆ  لەگەڵ ئیسرائیل، لەلایەن ئەمەریكاوە و بەشێوەیەکی بەرفراوان پشتیوانی دەکرێت، كە ئەوەش دامەزراوەكانی ئەتۆم،  سەربازیی و ژێرخانی وڵاتەکەی دەخاتە بەردەم مەترسییەوە.

هەروەها، دوای ئەوەی مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران، پۆستەكەی وەرگرت كۆمەڵێك بەڵێنی دا كە گرنگترینیان لە پاراستنی ئەو ئازادییانەی لە دەستوردا هاتوە، بەرەنگاربونەوەی هەژاری و بێکاری و هەڵاوسان بو، بۆ ئەوەی پردێک لەنێوان حكومەت و خەڵکدا دروست بكات.

بۆیە بۆ جێبەجی كردنی ئەو بەڵێنانە و گەیشتن بە ئامانجەكەی، سەرۆك كۆماری ئێران پێویستی بە دورکەوتنەوە لە ململانی توندەكاتن و جەنگ هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریکا و لەسەر پرسی ئەتۆمی، هەروەها كاركردن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك كە ببێتە هۆی هەڵگرتن و سوككردنی سزا توندەکانی ئابوری.


دانوستان لەگەڵ واشنتۆن

رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران کە قسەی کۆتایی لە دەسەڵاتدا هەیە، بە شێوەیەکی تایبەت پشتیوانی خۆی بۆ سەرۆکێکی نزیک لە بزوتنەوەی ریفۆرمخواز راگەیاندوە، هەروەها چەند رۆژێک لەمەوبەریش ئاماژەی بە دانوستان  "لەگەڵ دوژمن" كردوە.

رۆژی سێشەممەی رابردو، لە میانەی لێدوانێكیدا کە بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن دادەنرا، وتی: ئێمە هیوا لەسەر دوژمنەكان هەڵناچنین، ئەمەش بەواتای ناکۆکی نایەت، بەڵكو لە هەندێك بارودۆخدا دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.

لە کاردانەوەیەک بەرامبەر بە لێدوانەکانی رێبەری كۆماری ئیسلامی، رۆژنامەنوسی ناسراوی ریفۆرمخواز، ئەحمەد زێدەبادی، نوسیویەتی: ئێستا کە رێبەر دەسەڵاتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دوژمەكان داوە، پێویستە حکومەت كات  بەفیڕۆ نەدات، بەڵكو دەست بە دانوستان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان بكات، كە پێدەچێت ئەوەش ژیانی ئێرانییەکان بگۆڕێت.

هێڵی سور

سەرباری ئەوەی خامنەیی گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان و گفتوگۆی راستەوخۆ هەڵكرد، بەڵام هێڵی سوری بۆ هەر دانوستانێک دانا کە رەنگە لە لایەن حکومەتی پزیشكیانەوە ئەنجام بدرێت و هۆشداریدا لەوەی كە واشنتۆن جێگەی  متمانە نییە.

لەوتارەكەیدا، رێبەری ئێران ئاماژەی بۆ دانوستانەكانی نێوان ئەمەركییەكان و عوماندا كە بوەتە هۆی واژۆ كردنی رێككەوتنی ئەتۆمی لەساڵی (2015) لەگەڵ وڵاتانی (5+1) کە تێیدا دانوستانەکانی بە (شەیتانی گەورە) پێناسەكردبو،  بەڵام لە ساڵی (2018) ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا رێككەوتنەكەی هەڵوەشاندەوە و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەو كاتەشەوە ئێران روبەڕوی سزاری قورس كرایەوە.


لەسەر كردارەكان مامەڵە دەكەین

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بڵاویکردۆتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختیكردەوە كە؛ لەسەر كردارەكانیان مامەلە لەگەڵ ئێرانییەكان دەكەن نەك لەسەر قسەكانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، دیپلۆماسی باشترین رێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی کاریگەر و بەردەوام، بەڵام دۆخی ئێستای ئێران بە تەواوی گۆڕاوە و پەرەسەندن لە هەمو ئاستەکاندا بە ئەتۆمیشەوە رویداوە.

97 جار خوێندراوەتەوە