ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە بەریتانیا یەک کاتژمێری پێویست بو

KNN : Kurdish News Network
03:56 - 05/07/2024
ڕاپۆرت
+
-

دوای 14 ساڵ حکومڕانی، پارتی پارێزگارانی بەریتانی توشی شکستێکی گەورە بو، لەبەرامبەریشدا پارتی کاری بەریتانیا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا، ئەوەی جێگەی سەرنج بو، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، لەماوەی یەک کاتژمێردا دەستاودەستی دەسەڵاتکرا، کیەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستبەکاربونی وتی: لەمڕۆوە گۆڕانکاری راستەوخۆ دەستپێدەکەن و متمانەی خەڵکی بە حکومەت چاکدەکەنەوە.


هەواڵ:KNNC


رۆژی پێنجشەممە، 4ی تەمموزی 2024، زیاتر لە 46 ملیۆن کەس لە به‌ریتانیا، سکۆتلاند وێڵز و ئایرلاندی باکور مافی دەنگدانیان هەبو بۆ ئەوەی 650 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی شانشینی یەکگرتوی بەریتانیا بۆ پێنج ساڵی دیکە هەڵبژێرن.


کورسییەکان بەمشێوەیە دابەش بون:
پارتی کار (ئۆپۆزسیۆن): 412 کورسی، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردو، 211 کورسیی زیادیکردوە.

پارتی پارێزگاران (حکومڕان): 121 کورسی بەدەستهێنا، بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشو 250 کورسیی کەمیکردوە.

سەوزەکان: تەنها 4 کورسی، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردو سێ کورسیی زیادکردوە.

لیبراڵ دیموکراتەکان: 71 کورسیان بەدەستهێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردو، 63 کورسیی زیادیانکردوە.

پارتەکانی تر: 31 کورسی، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردو، 13 کورسییان زیادیکردوە.

پارتی نیشمانیی سکۆتلاند: 9 کورسی بەدەستهێنا، بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردو، 38 کورسیی کەمیکردوە.


گرانی، سستبونی گەشەی ئابوری، خراپی خزمەتگوزاریی تەندروستی و ژێرخان، خەڵکیان لە پارتی پارێزگاران توڕە کردوە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
ئەو پارتە یان هاوپەیمانییەی کە زۆترین کورسییان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە، حکومەتی نوێ پێکدێنێت و سەرکردەکەیشی دەبێتە سەرۆک وەزیران.


لەدوای بڵاوبونەوەی ئەنجامە بەرایییەکان، ریشی سوناک دوا وتاری وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا خوێندەوە و داوای لێبوردنی لە دەنگدەران کرد و وتی:"ئەوەی لەتوانامدا بو، کردم، بەڵام ئێوە ئاماژەیەکی رونتان داوە کە دەبێت حکومەتی شانشینی یەکگرتوە بگۆڕێت. بڕیاری ئێوە لە هەمو شتێک گرنگترە. گوێم لە توڕەیی و بێهیوایی ئێوە بو و بەرپرسیارێتیی ئەم دۆڕانە لەئەستۆ دەگرم، زۆر گرنگە  دوای 14 ساڵ لە حکومەتدا، پارتی پارێزگاران خۆی بنیاتبنێتەوە".


دواتر سوناک بەرەو کۆشکی بەکینگهام بەڕێکەوت. لەوێ شا چارڵزی سێیەم، پادشای بەریتانیای بینی و دەسەڵاتی رادەست كرد، پادشاش ده‌سته‌له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی په‌سه‌ند كرد و دواتر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی رادەستی که‌یر ستامەر، سەرکردەی پارتی کرێكاران، ئەم پڕۆسەیە ماوەکەی تەنها یەک کاتژمێری خایاند.


کیەر ستامەر دوای بونی بە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وتی: "داواکەی شا چارڵزم قبوڵ کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بۆشایی نێوان خەڵک و دەسەڵات گەورە ببو.. بێ متمانەیی خەڵکەکەمان تەنیا بە کردار چاک دەبێتەوە.. لە ئێستا بەدواوە حکومەتێکتان هەیە کە خۆی بۆ خزمەتکردنتان تەرخان دەکات و وڵاتەکەمان یەکدەخەینەوە و بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ دەبین".


ستامەر داوای لە لایەنەکانی دیکە کرد بچنە نێو حکومەتەکەیەوە و وتی "کاری ئێمە بەپەلەیە و لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات".

282 جار خوێندراوەتەوە