گرێ کوێرەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کرایەوە؟

KNN : Kurdish News Network
06:16 - 11/07/2024
ڕاپۆرت
+
-

دوای تێپەڕبونی شەش مانگ و (20) رۆژ بەسەر هەڵبژرادنی ئەنجومەنی پارێزگا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەچو، بەهۆی ئەنجام نەدانی هیچ رێککەوتنێکی سیاسیی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان كە بڕیار وایە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژرادن بۆ لایەنە سیاسییەكان یەكلایی بكرێتەوە، مۆڵەتی 30 رۆژ درا بە لایەنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.

راپۆرت:KNNC

رێبوار تەها، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (KNN)ی راگەیاند: یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەئامادەبونی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كەركوك ئەنجام درا.


وتیشی: لەبەر ئەوەی هیچ رێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەكان ئەنجام نەدراوە، دانیشتنەكە تەشریفاتییە نەك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری كەركوك.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرپەرشتی كۆبونەوەكە دەكەن
گەیلان قادر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ خەڵكی ئەم شارە رۆژێكی مێژوییە، چونكە چەند مانگێكە چاوەڕێی ئەم رۆژەن، بۆ ئەوەی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بەپێی یاسای بەڕێوەبچێت و لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سەرپەرشتی کۆبونەوەکە دەکرێت.


ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی سەرەكی لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك سەرپێخستنی كارەكانی ئەنجومەنە، نەك بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی.


ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان
لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، لایەنە سیاسییەكان لەنێوان خۆیان و پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا لە ململانێی تونددان، پێكهاتەی عەرەب دەیەوێت پۆستی پارێزگار وەربگرێت، توركمانەكانیش داوا دەکەن ئەمجارە ئەو پۆستە بەكەسێكی توركمان بسپێردرێت، یەکێتی و پارتیش سەرقاڵی ململانێن بۆ ئەوەی هەریەکە و پۆستەکە بە قازانجی خۆی دەستەبەر بکات.


بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناوی سێ كاندیدی رادەستی پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە بۆ یەكلایی كردنەوەی یەكیك لەو كاندیدانە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک و ئەندامەكانی فراكسیۆنی پارتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەنگی پێبدەن، بەڵام پارتی جەخت دەكاتەوە لەوەی كە دەنگ بە كاندیدێكی سەربەخۆی كورد دەدەن نەك بە كاندیدێكی یەكێتی.



شەرعیەتدان بەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك
نەشئەت شاهوێز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (KNN)ـی راگەیاند: دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ شەرعییەت دانە بەئەو ئەنجومەنەی لەلایەن خەڵكی پارێزگاكەوە بەهەمو پێكهاتەكانەوە هەڵبژێردراون.
ناوبراو خوازیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لایەنە سیاسییەكان بگەن بە رێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای كەركوك بۆ ئەوەی بەهەمو لایەكەوە خزمەتی دانیشتوانی شارەكە بكرێت، كە كوتلە سیاسییەكان بەپێی بەركەوتەی خۆی لە هەڵبژاردنەكان پۆست لەپارێزگای كەركوك وەردەگرێت.


ماوەی 30 رۆژ دراوە بە لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی لەسەر پۆستەکان بگەن بە رێککەوتن، بەتایبەتیش پۆستی پارێزگار، هەندێک پێیان وایە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بوە کە دواجار پێکهاتەکان دەبێت بگەن بە رێککەوتن لەسەری، بەشێکی دیکەش لە چاودێران پێیان وایە، درێژە کێشانی ململانێکان ئاسۆی چارەسەری کێشەکانی بە تاریکی هێشتوەتەوە و زەحمەتە بە ئاسانی یەکلابێتەوە.

3611 جار خوێندراوەتەوە