رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی: دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران شکست دەهێنێت

KNN : Kurdish News Network
06:21 - 20/04/2025
جیهان
+
-


رۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بڵاویکردوەتەوە، ئەگەر ئەمەریکا لیستی تەواوی داواکارییەکان بخاتە بەردەم ئێران، ڕەنگە دانوستانە ئەتۆمییەکان شکست بهێنن

هەواڵ:KNNC

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەکەی ڕاگەیاندوە؛ نابێت ئیسرائیل نیگەران بێت لە پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران، وتوشیەتی؛ سەرۆکی ئەمەریکا "بە تەواوی ئاگادارە لەوەی ئێران هەڕەشەیەکی جدییە و دانوستانەکان بە شێوازی خۆی بەڕێوە دەبات".

گەرچی ڕاپۆرتە میدیاییەکان و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران و عومان ئاماژەیان بە پێشکەوتنی کۆبونەوەی ئەم دواییەی دانوستانەکان لە پایتەختی ئیتالیا کردوە، بەڵام ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە، کە ناوی ءئاشکرا نەکراوە، پێشبینی دەکات  دانوستانەکان لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتودا بەتەواوەتی شکست بهێنن.

بە وتەی بەرپرسەکەی کۆشکی سپی دانوستانکارانی ئەمەریکی پاشەکشە ناکەن لە داخوازییە سەرەکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی ژێرخانی ئەتۆمی ئێران بەپێی مۆدێلی لیبیا، ڕاگرتنی پەرەپێدانی موشەکی بالیستیک و کۆتاییهێنان بە چالاکیی گروپە تیرۆریستییەکان بە وەکالەت لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەمو ئەمانەش وادەکات ئێران داواکارییەکان قبوڵ نەکات.

هەروەها لە ڕاپۆرتی تری رۆژنامە ئیسرائیلییەکەدا هاتوە کە لە زاری بەرپرسێکی ئاگادار لە روداوەکان گیڕاویەتیەوە و وتویەتی؛ "پێویستە ڕێگە بدەین ترەمپ بە شێوازی خۆی دۆخەکە بەڕێوە ببات، ئەو شێوازی تایبەتی خۆی هەیە و بە تەواوی دەزانێت چی دەکات".


لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ 20ی نیسان، گیدۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی تێلێگرافی ڕاگەیاندوە کە ئاگاداری هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و ئەگەر تەماحە ئەتۆمییەکانی تاران ڕابگیرێت، چارەسەرێکی دیپلۆماسی قبوڵ دەکرێت.

919 جار خوێندراوەتەوە