كەشناسێك: تەرزە و بارانی بەخوڕ بەڕێوەیە

KNN : Kurdish News Network
08:01 - 09/04/2025
کوردستان
+
-

ناجێگیریی كەش و هەوا بەچالاكبونی هەورە بروسكە و تاوەباران دەستپێدەكات و پلەكانی گەرما (5 بۆ 6) پلە نزم دەبنەوە بۆ رۆژانی داهاتوش پلەكانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە بەجۆرێك لە شەواندا هەست بە سەرما دەكرێت.


هەواڵ: (KNNC)


ئاراس جەبار، كەشناس بڵاویكردوەتەوە؛ حاڵەتێكی نوێی ناجێگیریی كەش و هەوا كە خۆی لە چالاكبونی هەورە بروسكە و تاوەباران دەبینێتەوە، دەستپێدەكات؛ سەرەتاش لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای هەولێر و كەركوكەوە هەورەكان چالاك دەبن و دواتر لە كاتەكانی شەودا ناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و سۆران و پارێزگای هەڵەبجە دەگرێتەوە.

 

رونیكردوەتەوە كە؛ بێجگە لە ئەوەی كە بڕی بارانی جیاواز دەبارێت، هاوكات هەورەبروسكە لەهەندی ناوچە و لەهەندێك شوێنی دیكەش تەرزە و بارانی بەخوڕ دەبارێت، لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا بارستە هەوایەكی ساردیش كە ئێستا روی لە ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق و هەرێم كردوە، بەهۆیەوە خێرایی با زیادیكردوە لەگەڵ خۆڵبارینێكی كەم بۆ مامناوەند دروستدەبێت.

راشیگەیاندوە: ئەم ناجێگیریي كەشوهەوایەی روی لە هەرێم كردوە، تا ئێوارەی سبەینێ پێنجشەممە  بەردەوامی دەبێت، ناوبەناو لە شوێن و كاتی جیاوازدا و تاوەباران دروستدەبێت لە شەودا كۆتایی دێت.

 

ئاراس جەبار، كەشناس ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بەهۆی ئەو هەوا ساردەی رودەكاتە ناوچەكانمان پلەكانی گەرمای سبەینێ بەراورد بە ئەمڕۆ (5 بۆ 6) پلە نزم دەبێتەوە، كە كەشەكە فێنك دەكات، بۆ رۆژانی داهاتوش پلەكانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە بەجۆرێك لە شەواندا هەست بە سەرما دەكرێت.

2089 جار خوێندراوەتەوە